تۆ ئەوە نیت کە ئەیڵێێت، بەڵکو تۆ ئەوەیت کە ئەیکەیت!

زۆرینەمان خۆمان نین!

زیاتر لە ساڵێکە قاوە لەم کوپەدا ئەخۆمەوە، بەڵام هەرگیز تەرکیزم لەسەر نوسینی سەر کوپەکە نەکردبو.
ئەمرۆ قەشەیەکی نەرویجی هاوڕێم میوانم بو( ئەمویست بیکەم بە موسڵمان)!
یەکسەر بەر لە خواردنەوەی قاوەکە سەرنجی منیشی ڕاکێشا بۆ لای نوسینی سەر کوپەکە، کە بەزمانی نەرویجی نوسراوە:

تۆ ئەوە نیت کە ئەیڵێێت، بەڵکو تۆ ئەوەیت کە ئەیکەیت!
مەبەست لە نوسینەکە ئەوەیە کە مرۆڤ بریتی نیە لە گوفتاری، بەڵکو مرۆڤ بریتیە لە کرداری!
ئەگەر ئیمە هەمومان بریتی بایەین لە گوفتارمان، ئەوە ئێستا باشترین کۆمەڵگای دونیامان ئەبو، بەڵام زۆرینەی زۆری ئێمە گوفتار و کردارمان زۆر جودایە.
ئەو کاتانەی کە باس لە پیسکردنی ژینگە و ئیزعاجکردنی کۆمەڵگا ئەکەین، بە هەزاران کەسمان ئەڵێین دەستخۆش، بەڵام ئەگەر لەسەر ئەرزی واقیع ئەم هەزاران کەسە وەک گوفتاریان کردرایان بکەن ئەوە ژینگەیەکی پاکمان ئەبێت.
کاتیک باس لە خراپی کۆیلایەتی ئەحزاب ئەکرێت، بەهەمان شێوە گوفتارەکان هەمویان بۆ ئەوە ئەرۆن کە هەمومان دژی کۆیلە بون بین، بەڵام لە ڕاستیدا هەر ئێمەین هێشتا پاڵپاڵین ئەکەین بۆ گرتنی وێنەیەکی سێڵڤی لەگەڵ قامچی بەدەستەکان.
ئێمە هەمومان باس لە کارەساتی بندیواری و موچەی بەلاش خواردن ئەکەین، بەڵام لە سەدا چلی ئێمە لە ژێرەوە موچەی بن دیواریمان هەیە.
بە زمان باس لە ئیمان ئەکەین و بە کردار قۆڵبرین و درۆ و تاوانباری.
بە زمان باس لە پێشکەوتن و یەکسانی ئەکەین و بە کردار گولە ئەنەین بەسەری هەر تاکێکی خێزانەکەمانەوە کە لە سنوری کەلتوری ئێمە دەربچێت.
بە گوتار بەباڵای ژنی خەڵکانی تردا هەڵ ئەدەین و دەستخۆشی هەر شتێکیان لێ ئەکەین کە بیکەن، بەڵام بۆ ژن و کچانی خۆمان لە کابرایەکی هۆزە شاخاویەکانی ئەفغانستان خراپ ترین.
بە زمان پاکین، باشین، ڕاستین، حەقین، بەڵام بە کردار پیسین، خراپین، لارین، ناحەقین.
ئێمە ئەوەین کە دەیكەین نەک ئەوەی کە ئەیڵێین!
حسێن عەلی شەریف
به‌روار:  30/07/2020
583   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   59
کۆی سه‌ردان:   29231294