خاوەن ماڵەکە تێرۆری دکتۆر قاسملۆ دەگێڕێتەوە


ماڵەكەی خەباتی حاجی مارف لەڤێنای پایتەختی نەمسا، نەك هەر لەیاداشتی زۆربەی سەركردەو روناكبیر‌انی كوردی پەنابەری ئەوروپادا ئاماژەی پێكراوە، بەڵكو شوێنی دو گەڕی گفتوگۆكانی نێوان قاسملوو تیمی دانوستان "یاخود تیمی تیرۆری كۆماری ئیسلامی ئێران" بوە.

لەم ساڵانەی دواییدا كە سەركردەو روناكبیرانی كورد یاداشتەكانیان بڵاوكردوەتەوە، زۆربەیان لەنوسینەوەی یاداشتەکانیاندا ئاماژەیان بەمیواندۆستی‌و خانەدانیی "خەباتی حاجی مارف"‌و مانەوەیان لەماڵەكەی ئەو لەڤێنادا كردوە، هاوکات پێتەر پیلتس-ی سیاسەتمەدار‌و نوسەری ناوداری نەمسایی لەكتێبە بەناوبانگەكەیدا سەبارەت بەتیرۆر كردنی د.قاسملو "ئیسكۆرتە بەرەو تاران"‌و نوسەری دیاری ئێرانی "پەروێزی دەستمالچی" لەكتێبەكەیدا "تیرۆر بەناوی خوداوە" دیسان ئاماژەیان بەهەمان كەسایەتی‌و ماڵەكەی کردوە لەو گفتوگۆیانەدا كە ساڵی 1989 دەستیپێكردو سەرەنجام تیرۆر كردنی د.عەبدولرەحمانی قاسملوو هاوڕێكانی لێكەوتەوە.

خەباتی حاجی مارف، كە ئێستا لەشاری سلێمانی دەژی، لەشەستەكانی سەدەی رابردوەوە تێكەڵ بەكاری رێكخراوەیی خوێندكاران‌و سیاسی بوەو هاوڕێی نزیكی شەهید ئارام‌و فازیلی مەلا مەحمود (فازیل رەسول) بوە - كە لەگەڵ د.قاسملوو عەبدوڵای قادر ئازەر لەڤیەنا شەهید كران.

خەبات بەئاوێنەی راگەیاند ساڵی 1971 لەهەڕەتی گەنجێتیدا چوەتە ناو ریزەكانی كۆمەڵە-وەو لەكاتی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێدا رویكردەوەتە شاخ، ئەو وتی "ساڵی 1976 كە كۆمه‌ڵه‌ بڕیاری چونه‌ شاخی دا به‌سه‌ركردایه‌تی شه‌هید ئارام، منیش یه‌كێك بوم له‌به‌شداربووه‌كانی مەفرەزە سه‌ره‌تاییه‌كانی پێشمەرگەو بوم بەرابەری سیاسی، هەر لەو رۆژگارەدا فازلی مەلا مەحمودیش هات، ئەو لەگەڵ گروپێكدا بو بەناوی وەحدەی قاعیدە كە خۆی سەرپەرشتی دەكردن، پاش مانه‌وه‌یان بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك، گەڕانەوە ناو شار‌و وتیان ئێرە بۆ ئێمە ناگونجێ‌و دەچینە دەرەوەی وڵات".

خەبات باس لەوە دەكات كە ئەوكات لەسەر پێشنیاری فازیلی مەلا مەحمود، کە هاوکاری دەبێت بۆ گەیشتن بەفەلەستینیەکان، بڕیاری رۆیشتن بۆ دەرەوەی وڵات دەدات‌و بەشەهید ئارامی وتوە كە لەگەڵ فازیل‌و گروپەكەی دەچێتە لوبنان. ئەو رۆژگارە لوبنان لەئاگری جەنگی ناوخۆو جەنگی سارددا دەسوتاو ببوە پایتەختی بزاڤە چەپ‌و شۆڕشگێڕەكانی ناوچەكەو جیهان.

خەبات وتی "كە ئەم رازەم لای ئارام دركاند، پێیوتم کەیفی خۆتە، بەلام مەچۆ پەشیمان دەبیتەوە، ئەگەر چاوەرێ بکەیت، بەیەکەوە دەچین بۆلای برادەران لەسوریا. بەڵام من چاوەرێم نەکردو بەنهێنی گەڕامەوە سلێمانی‌. بۆ رۆژی رۆیشتن مزگەوتی حاجی حەسەنی لۆکەمان دیاری کردبوو، ئەو هاورێیانەی لەوێ بوون‌و لەگەڵیان دەرۆیشتم سەلاح حسێن ئەفەندی‌و ئازاد جەلال سەربەخۆ، گۆران لەکارگەران‌و کەمالی حەمەی حەمە رەش لەوەحدەی قاعیدە بون. ناچار بەبێ‌ ئەوەی فازیل خۆی بێت، لەناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم، بەرەو سنوری توركیا‌و ئێران‌و عێراق بەڕێبكەوین‌، تا بچینە لای مام جەلال كە ئەوكاتە تازە گەڕابۆوە كوردستان‌و لەخواكوڕك چاومان پێكەوت، هەر لەوێ یەکەم ژمارەی ئاڵای شورشمان دایە، کە کاک ئارام بۆی ناردبو'.

خەبات‌و هاوڕێكانی لەم گەشتەیاندا روبەڕوی چەرمەسەری‌و كێشمەكێشێكی سەخت دەبن، پاش ئەوەی بۆ ماوەی مانگێك لەلایەن "قیادە موەقەت" دەستگیر دەکرێن، پاشان هەر خۆیان بەهەزار چنگەكڕێ‌ بەقاچاغ لەسنور بەروباری دیجلەدا دەپەڕێننەوەو دەچنە جزیرەو دێریك‌و قامشلۆ، خەبات وتی "تازە گەیشتبوومە قامیشلۆ كە هەواڵی شەهیدبونی ئارامم پێگەیشت، زۆر ئازاری دام‌و ئێستاش لەدڵم دەرناچێت كە قسەكەیم شكان‌و بەقسەم نەكردو لەكوردستان نەمامەوە".

پاش مانەوەیان بۆ ماوەی مانگێ‌ لەدیمەشقی پایتەختی سوریا، بەمەبەستی ئەنجامدانی خولێكی سەبازیی‌و سیاسی لای فەلستینییه‌كان‌و دیداری "عادل عەبدولمەهدی" – كە دواتر دەبێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق – رودەكەنە بەیروتی پایتەختی لوبنان، خەبات وتی "هەر لەسەرەتاوە هەستم بەوە كرد دانوم لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی ناكولًێ‌ كە چەپ‌و ماركسییەكی كلاسیكی بو، بەحساب بۆ خولی مەشق‌و راهێنان هاتبوینە لوبنان بەڵام ئەوەی نەماندی مەشق‌و راهێنان بو، رێکخراوە فەلەستینیەکانیش زۆر بێ سەروبەرە بوون، هەر لەدوورەوە گەورە بوون‌و وێنەیەکی زۆر خراپیان دامێ، كاتێك بەعادل عەبدولمەهدیم وت: من پەیوەندیم بەئێوەوە نییەو نامەوێ‌ لێرە بمێنمەوەو دەچم بۆ ئەوروپا. وتی: بۆ حەشیشەو رابواردنی ژن ئەچی بۆ ئەوروپا؟! سەیرم لەبیرکردنەوەی هات‌و پاش سێ‌ مانگ مانەوە لەبیروت، بەهاوکاری سالار عەزیز کە بەڕێکەوت لەوێ‌و لای د.ئیبراهیمی سازمانی ئینقلابی ئێران بو، هەروەها بەیارمەتی ئەحمەد کوردی لوبنانی هاوڕێی یەکێتی، بەرەو رۆمانیا بەڕێكەوتم".

وتیشی "ئەوەی بۆچونمی تەواو بەرامبەر بەسۆشیالیزمی ئەو وڵاتانە گۆڕی، بینینی ئەم وڵاتە سۆشیالیستییەی ئەوروپای رۆژهەڵات بو کە توشی شۆكی كردم، وڵاتێکی سۆسیالیستیم بینی نغرۆ بو لەگەندەڵیدا، هەر كەسێكت دەبینی خولیا‌و شەیدای جگەرەی کەنت‌و پانتۆڵی جین‌و ویسكی بو، بۆیە بەحەسرەتەوە لەخۆم پرسی ئەمەیە ئێمە شەڕی بۆ دەكەین؟!".

خەبات لەرۆمانیاوە رودەكاتە هۆڵەندا، ئەو وتی "ئەوكاتەی گەیشتمە هۆڵەندا 1ی ئایار‌و رۆژی پاشاش بو، هەراو بەزمێکی زۆر بوو هاورەگەزبازیم لەسەر جادەکان دەبینی، بۆ ئەوکاتەی منێک کە لەلادێکانی کوردستانەوە چووبووم، زۆر نامۆبوو، بۆیە زۆر پەست‌و بێزار بوم، بریارمدا بگەڕێمەوە بۆ کوردستان، بەڵام ئازادی مستەفا خۆشناو پێشنیاری بۆ کردم بچم بۆ نەمسا بۆ خوێندن، کە چومە نەمسا فوئادی مەلا مەحمود زۆر بەڕێز بوو هات بەشوێنما بۆ فڕۆكەخانە، كاک فوئاد وتی: 8 ساڵە لێرەم، سەیرم لێهات وتم: چی؟ چۆن تەحەمولت كردوە؟ وتی: پەلە مەكە! بەڕاستی واشبو، وردە وردە سەیرم كرد نەمسا زۆر ئارام‌و بێدەنگە، بەپێچەوانەی هۆڵەنداوە كە شەوو رۆژ خەوی نەبو".

ئەو كاتەی خەبات لەڤێنا نیشتەجێ‌ دەبێت، ژمارەی كورد لەنەمسا زۆر كەم دەبێ‌، تەنها ئەو كوردانەی لە پاش شکستی ١٩٧٥ وەرگیرابوون‌و هەندێ کوردی ناوداری تری لێبو، وەك "وریا رەواندزی‌و فوئادی مەلا مەحمودو كەریم پیرۆتی"، پاشان فازیل-ی براشی لەڤیەنا دەگیرسێتەوە. کاک نەوشیروان‌و عومەر دزەییش پێشتر لەوێ بوون.

كاتێك خەبات لەڤێنا نیشتەجێ‌ دەبێت، ماڵەكەی دەبێتە مەكۆی ئەو كوردانەی رودەكەنە نەمسا، ئەو وتی "لەبەرئەوەی ئێمە لەڕوی ئابورییەوە خێزانێكی بەتوانا بوین، باوك‌و دایكم یارمەتییان دام ساڵی 1980‌و شوقەیەكم لەڤێنا كڕی، كە لەشوێنێكی خۆش‌و پڕ لەسەوزاییدا هەڵكەوتبو، من ئەوكات لەبەرێوەبەرایەتی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات (ئاکسا) كارم دەكرد. كۆمەڵەكە کوردستانی بو، خەلکی هەموو پارچەکانی کوردستان کە دەهاتن بۆ ئەوێ بۆ کۆنگرەکان‌ لەماڵەكەم دەمانەوە. شێخ ئەحمەدی سەرگەڵو بەلەشسوکی خۆی، بەردەوام مەنجەڵی گەورە گەورە نان‌و خواردنی دروست دەكرد، چەند سالێکیش سەرۆکی مەڵبەندی کوردی ڤێننا بوم، پاشان لەساڵی ١٩٩٠دا ریستۆرانتێكم لەناوەڕاستی ڤێناشدا هەبو".

وتیشی "زۆری نەخایاند لەو هەلومەرجەدا ماڵەكەم بوە شوێنی حەوانەوەو مانەوەی كەسانی وەك مام جەلال، شێركۆ بێكەس، نەوشیروان مستەفا، شازاد سائیب، ملازم عومەر، برایم ئەحمەد، محەمەد رەسوڵ هاوار، فوئاد حسێن، مستەفا چاوڕەش، مامۆستا سەلام، پەرویزی ئازاد پور، فەرەیدون عەبدولقادر‌، شێخ دارۆ، سەعدی پیرەوعومەر شێخ موس، ناسری رەزازی‌و زۆرێک لەو كوردانەی لەكوردستانەوە بەبرینداری یان لەوڵاتانی هۆڵەنداو سویدو بەریتانیا‌و ئەڵمانیاوە لەهەشتاکانی سەدەی رابردودا دەهاتنە نەمسا. هەندێ لەو کوردانەی ناکۆکیان لەگەل مندا هەبوو دەیانویست مام جەلال ببینن، مام جەلال دەیگوت: کێ پێیخۆشە من ببینێت، ئەمە ماڵی منە".

خەبات ئاماژە بەوە دەكات كە پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ چەندین كەسایەتی پارتی-یشدا هەبوە كە لەنەمسا نیشتەجێ‌ بون، وەك "عارف تەیفور‌و ئازاد بەرواری‌و كامەران موفتی‌و سەباح زێباری"، ئەو وتی " ئازاد بەرواری پەیوەندی لەگەڵ فازیل رەسوڵ باش بو، فازیل دەیویست پەیوەندی لەگەڵ هەمو لایەك باش بێت، ئازاد بەرواریش بەهەمانشێوە، كە ساڵی 1979 خەریك بو تیرۆر بكرێ‌، وایاندەزانی مەسعود بارزانییە، ئەوكاتە لەبیرمە كەریمی دادە مەنەو عەبدولمەلیك هاتبونە نەمسا، ئێمە نەماندەزانی بۆچی هاتون، دوای ئەوەی تەقە لەئازاد بەرواری‌و مەسعود بارزانی كرا وتیان ئەوان كردویانەو مخابەراتی عێراق پێیكردون، دوایی رۆشتن‌و لەوێ‌ نەمان".

سەبارەت بەو كەسانەی چونەتە ماڵەكەی‌و ماونەتەوە، خەبات وتی "قادر دیلان‌و ئیبراهیم ئەحمەدو محمەد رەسوڵ هاوار میوانی زۆر پاك‌و بێ‌ ئەرک بون، شێركۆ بێكەس دانیشتنی خۆش بوو، بەڵام ئەركی زۆر قورس بو، مام جەلال جەوێكی زۆر خۆشی دروست دەكرد زۆر زۆر خۆش بو، قاسملوش بەهەمانشێوە".

باس لەوەش دەكات لەبەر زۆری هاتوچۆی كوردەكان بۆ ماڵەكەی، تەنانەت هاوژینە نەمساوییەکەشی بێزار بوەو بەجێیهێشتوە، خەبات وتی "هاوژینەکەم هونەرمەند بو، بێزار ببو لەهاتنی ئەم هەمو میوان‌و هاتن‌و چونەو بە کوردی دوان، رۆژێكیان وتی: ئەم وەزعی كوردستانە لێی تێكداوین، کوردستان یەکەمە بۆ تۆ نەک من!".

روداوێكی گرنگ كە لەماڵەكەی خەبات-دا رویداوە، گەڕی یەكەم‌و دوەمی گفتوگۆكانی نێوان قاسملوو تیمی دانوستانی كۆماری ئیسلامی ئێران بوە بەسەرۆكایەتی "سەحرارودی".
خەبات ئاماژە بەوە دەكات كە گەڕی یەكەمی گفتوگۆكانی نێوان قاسملوو نوێنەرانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەماڵەكەی ئەو لەڤێنا كراوە، ئەو وتی "لەبیرمە لەگەڕی یەكەمی ئەم گفتوگۆیانەدا، كە مام جەلال هاتبو، پێش ئەوەی ئێرانیەكان بێن بۆ كۆبونەوەکە، پێیوتم: فازیل بانگ بكە بۆم چونكە ئەمانە باش دەناسێ‌‌و تەبیعەتیشیان شارەزایە، لەوێ‌ فازیلی مەلا مەحمودی به‌ئێرانییه‌كان ناساند".

وتیشی "ئەوكاتە كە قاسملوو مام جەلال‌ لەگەڵ ئێرانیەكان لەماڵە‌‌كه‌ی من لەژورێكدا خەریكی گفتوگۆ بون، شازاد سائیب‌و سەعدی پیرەو شێخ ئەحمەدو چه‌ند براده‌رێكی تر لەژورەكەی تر بوین. پۆلیسی نەمساشمان ئاگادار كردبۆوە بەنهێنی لەدەرەوە بەجلی مەدەنیەوە پاسەوانییان دەكرد. لەگەڕی دوەمی گفتوگۆکانیشدا بەهەمانشێوە".

خەبات باس لەوە دەكات كە پێش ئەوەی گەڕی سێهەمی ئەم گفتوگۆیانە بكرێ‌، گوایه‌ ئێرانیەكان بەفازیل رەسوڵیان وتوە، لەبەرئەوەی مام جەلال دەمی ناوەستێ‌و باسی ده‌كا‌، پێمان باشە ئەو نەزانێ بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیانە ئاشكرا نەبن، ئەو وتی "ئێرانیەكان بەفازیلیان وتبو حەز ئەكەین تۆ بێیت نەك مام جەلال، ئەمیش ئەو نێوانگیریەی بەسەركەوتنێكی گەورەی زانیوە بۆ خۆی، شوێنی گەڕی دانوستانەكانی بەنهێنی‌و بەبێ ئەوەی بەكەس بڵی گواستبۆوە بۆ ماڵی هاوسەری دووەمی، گومان دەكرێ‌ ئێرانیەكان پێش ئەنجامدانی گەڕی سێهەم‌و بەر لەتیرۆر كردنی قاسملوو دو هاوڕێكەی، چوبێتن زانیارییان له‌سەر ئەو شوقەیە كۆكردبێتە‌وه‌ كە روداوەكەی تیا قەوماوە، بۆ ئەوەی ئامادەكاری تەواو بۆ تیرۆر كردنەكه‌ بەسەركەوتویی بكەن".

وتیشی "كێشەكە ئەوەیە قاسملوش لای كەس باسی نەكردوە کە لەوێ كۆدەبنەوە، كاك نه‌وشیروان‌و كاك شازاد سائیب وتیان پێش ئەوەی تیرۆر كردنەكە روبدات فازیلمان بینیوە لەپاریس باسی هیچی نەكردوە، تەنانەت قاسملوش لای نوێنەری حزبی دیموكراتی كوردستان لەڤێنا نەیوتوە گفتوگۆ‌ دەكەن، كت‌و مت بەو شێوەیەی ئێرانیەكان داوایانكردبوو به‌بیانوی ئه‌وه‌ی ئه‌و دانیشتنه‌ خه‌تی ئیمام پێیهه‌ڵده‌ستێت، بۆیه‌ نه‌وه‌ك خه‌ته‌كانی تر لێیان تێكبده‌ن، بەمشێوەیە بێكەس كوژیان كردبون".

ئێستا خەبات گەڕاوەتەوە سلێمانی‌و بەیەكجاری لەكوردستان دەژی، ئەو وتی "هاتومەتەوە كوردستان‌و جارێكیتر ناگەڕێمەوە بۆ ئەوروپا، هیوادارم ئەوانەی لەئەوروپا دەژین هەوڵ بدەن خۆیان رێكبخەن‌و رەوەندێكی بەهێزی كوردی دور لەحیزبایەتی دروستبكەن، چونکە ئەوروپا شاخی ئەم سەردەمەیە بۆ هەموو کورد".

وتیشی "نەئەوروپا بەهەشتی سەرزەمینەو نەكوردستانیش دۆزەخی سەرزەمینە، ئەگەرچی ئەوروپا لایەنی زۆر جوانی هەیە، بەڵام وەكو خۆم كاتژمێرێكی كوردستان بەهەمو ئەوروپا نایەم، هەرچەندە لەحەفتاكانەوە لەئەوروپا بوم‌و خوێندنی دوکتۆرام لەوێ تەواو کردووەو ریستۆرانتێَكی زۆر گەورەم هەبوە‌و لەگەڵ پارتی سەوزی نەمساویدا بووم، کە ئەو کاتە یەکەم کەسی بێگانە بووم بۆ شارەوانی ناوچەی خۆم هەلبژێرام و زۆر باش ژیاوم، بەڵام هەر خۆم بەنامۆو غەریب زانیوە".
ئاوێنە
به‌روار:  15/07/2020
1044   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   499
کۆی سه‌ردان:   29232960