مووچەی عەبدولکەریم قاسم ‼
مووچەی عەبدولکەریم قاسم ‼

جاسم عەزاوی سکرتێری تایبەتی عەبدولکەریم قاسم بوو , لە یەکێک لە بیرەوەرییەکانیدا باسی چۆنیەتی خەرج کردنی مووچەکەی یەکەم سەرۆکوەزیرانی کۆماری عێراق دەکات ...
عەزاوی دەڵێ " سوێند بەخودا عەبدولکەریم قاسم لەو ڕۆژەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی کۆماری وەرگرت تا ئەو ڕۆژەی مرد هەرگیز خۆی مووچەکەی وەرنەئەگرت , بەڵکو من هەموو جارێک مووچەکەیم وەرئەگرت و واژۆکەشم لە جیاتی ئەکرد , دواتر پارەکەیم دەخستە نیو دەخیلەکەیەوە .
مووچەکەی عەبدولکەریم قاسم 440 دیناری عێراقی بوو بۆ هەر مانگێک , لەو بڕە پارەیە 100 دیناری ئەدا بە برایەکی بەناوی حامد ,چونکە ئەم برایەی هەموو ڕۆژێک خواردنی بۆ دروست ئەکرد و لەناو سەفەرتاسێک بۆی دەهێنایە نووسینگەکەی , خواردنەکەش بریتی بوو لە برنج و گۆشتاو شۆربا لەگەڵ نانێک و نیو مریشک و چەند جۆرێکی تری سووپ و سەوزەوات .
لە کاتی نانخواردن بانگهێشتی هەموو ئەو کەسانەی دەکرد کە لە نووسینگەکەی کاریان دەکرد .
وە 100 دیناری ئەدا بە خوشکێکی بەناوی ام احمد , 40 دیناری تریشی ئەدا بەو ئەفسەرەی نانی بەیانی و ئێوارەی بۆ ئامادە ئەکرد .
بەم شێوەیە تەنها 200 دینار لە نێو دەخیلەکەی ئەمایەوە .
ئەم 200 دینارەشی لە میانەی ئەو گەشتانەی ڕۆژانە بە نێو شاری بەغدا ئەنجامی ئەدا بەسەر هەژارو کەمدەرامەتەکان دا دابـەشی ئەکـرد .
ڕۆژێکیان سەردانی وەزارەتێکی کرد کاتێک گەڕایەوە پیاوێکی بەساڵاچووی لەگەڵ بوو , داوای لە من کرد 50 دیناری پێ بدەم , منیش سەیرم کرد لە دەخیلەکەی تەنها 50 دیناری تێدا ماوە , منیش پێم گوت " گەورەم دەکرێ 5 یاخود 10 دیناری پێ بدەم , چونکە دەخیلەکەت تەنها 50 دیناری تێدایە , ئێستا 10 ی مانگە هێشتا 20 ڕۆژی ماوە بۆ مووچەی مانگی داهاتوو .... " .
عەبدولکەریم قاسم بە تووڕەییەوە گوتی " باشە تۆ بۆچی دەتەوێ من شەرمەزار بکەی لەبەرامبەر ئەم پیاوە پیرە , من لە نزیک وەزارەتی ناوخۆ بینیم , شەش منداڵی هەیەو بێ کارە , من بەڵێنم پێدا 50 دیناری پێ بدەم تاوەکو سەماوەرێک و قۆریەک بکڕێ و لە هەمان شوێن چای بفرۆشێت , وە بەڵێنم پێدا جارێکی تر سەردانی بکەم و چایەکی لەلا بخۆمەوە " .
دواتر ئەم پیاوە پیرە بووە چایچی عەبدولکەریم قاسم و ناوبانگێکی باشی پەیدا کرد و خانەوادەکەشی لە هەژاری ڕزگار کرد .
عەبدولکەریم قاسم هەندێک جار ئەو بڕە پارەییەی زیاد ئەبوو بۆ ماوەی شەش مانگ کۆی ئەکردەوەو ئەیدا بەو ئەفسەرانەی لە ڕیزی پێشەوەی شۆڕشەکەی 14 ی تەمووز بەژداریان کـردبوو .
ئەمە ڕەوشت و مرۆڤایەتی ئەو سەرۆکە بوو کە دووبارەبوونەوەی زۆر ئەستەمە لە عێراق دا , ئەو کاتێک لە ساڵی 1963 کوژرا تەنها دینارێک و سەد فلس لە باخەڵی بوو " .
هەر لەبەرئەوە بوو د.عەلی وەردی کۆمەڵناسی گەورەی عێراقی دوای کوژرانی عەبدولکەریم قاسم گوتی " گەورەترین هەڵە لە مێژووی عێراق دا کوشتنی عەبدولکەریم قاسمە " .

وەرگێڕانی : قـەهـار حەسەن کەپەنەکی
به‌روار:  14/07/2020
1126   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   517
کۆی سه‌ردان:   29261419