تەورەکەی دەروێش مەحموودی ئەڵمانە
بوشرا کەسنەزانی
دەروێشەکانی کەسنەزانی لە ڕۆژهەڵاتەوە بە تەور و شمشێرەوە بەرەو سلێمانی دێن، بۆ بەشداری لە ئەسپەردەکردنی ڕابەرەکەیان"
سەبارەت بەم ڕستە هەواڵییە، چەند خاڵێک دەخەمە ڕوو:
یەکەم: تەوراس
پیاوە موکاڵە، دەموچاودرێژکۆلە لوت باریکەکە، لە دەستێ جلێ کوردی و پشتوێنێکی ڕێک بەستراو و باوەشێک پرچی بە زۆر پەستێنراوی ناو کڵاوێکی تۆڕینەوە، کە تەوراسێک و زەرگێکی بە شانی چەپەوەیە، بە تۆنێکی نەرم دەڵێت: وەڵا لە مەریوانەوە هاتووین دەچین بۆ سلێمانی، پەیامنێرەکە دەڵێ: ئەو تەورەت لە کوێیوە هێناوە؟ ئەویش دەڵێت: "وەڵا ئەوە هین دەروێش مەحمودی ئەڵمانەیە" پەیامنێرەکە کە نازانێ چ باسە(لەسەر ئەو ناوە) وەک پرسیار دەڵێت ئەو تەورە؟ ئەویش دەڵێت: ئەگەر ئەوە پێوست بکا بۆ یەکێ کە ئینکاری بکا، کارێکی پێوست بێت بۆی ئەکەین، هەڵوێستەیەک ئەکات، وەک ئەوەى سیمای گوماناوی پەیامنێرەکە کاری تێبکات، یەکسەر دەڵێت بۆ لێدانی خۆمان...!
ئەمە ئەو دیمەنەیە کە بە هەزاران کەسی خستۆتە قسە، ئەو دیمەنە سینەماییە، پڕ ئێستاتیکییەى کە ئەگەر ستیڤ مککوری و کریس کۆچیرا و فۆتۆگرافەرە جیهانیەکانییەکانی لێبوایە، ئەو هەلەیان لە بەرژەوەندی هونەردا لە دەست نەدەدا، ئەوەى بۆ من جێی سەرنج و ڕامانە، ئەو تۆنە نەرمە و نیگا گەرم و ڕەوتە خیرایەیە کە بەوهەموو دژایەتییەوە، بۆتە زیندووکردنەوەى وێنەى هەموو ئەو دەروێشانەى لە پۆستکارتەکانی سەدەى نۆزدە و بیست دا بە ئەوروپادا دەگەڕان. ڕۆژهەڵاتناسەکان، لە مێژبوو دەورێش بەو کەلوپەل و بەرگ و سیماوە بووبویە جێی سەرنجیان، ئەوان بە ڕۆژهەڵاتدا دەگەڕان لە مەغریب، شام، بەغدا، ئێران، میسر و تونس و تورکیا دا وێنەى کلتور و فەرهەنگی ئەو نەتەوانەیان ئەرشیف دەکرد و بڵاودەکردەوە، کە ئێمە پاش سێ سەدەش هەر بە خەیاڵماندا نایەت ئەوە بکەین. وێنەى ئەو دەروێشانەی ڕێبازەکەیان لە سەدەی چواری کۆچییەوە بە جیهانی ئیسلامی و لە سەدەى نۆزدەوە بە هەموو جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، هەمان وێنەى ئەو دەروێشەیە کە تەورەکەى دەروێش مەحمودی ئەڵمانەى پێیە، لە پۆستکارتەکاندا، دەروێشەکان وەک فۆتۆ مۆدیل وەستاون، ئەوان کەشکوڵ و عەسا و تەوراسیان پێیە، ڕیش و سمێڵ و پرچی درێژیان (دەورێشەکان زاراوەی پرچ بۆ دەرویشی دادەنێن و پییان ناخۆشە بڵێی قژ) هەیە و تەسبێحێکی دەنک گەورەیان بە دەستەوەیە یانش کردویانەتە ملیان، بەڵام پۆشاکیان بە پێی نەتەوەکان دەگۆڕێت زۆر جار کەوڵۆس، فەرووی ئەستوور یان پێستەیان لەسەر شانە، تەنانەت لە ناو ئەواندا ژنانیش هەن کە دەروێش و گەڕیدەى بێباکی جیهانی خاکین. ئەمانە وێنەى ئەرشیفکراوی دەروێشە تەور بە دەستەکەن. ئەو دەروێشەی زۆر سادە، وەک چۆن ئاماژە بە ئەسپەکەی ئیمامی عەلی، گۆچانەکەى پێغەمبەر موسا، فەرشەکەی سولەیمان دەدرێت، ئەویش باسی تەوراسەکە دەکات، کە هی خۆی نییە، هی دەروێشێکی ترە بە ناوی مەحمود و خەڵکی گونێکە بە ناوی ئەڵمانە لە شاری مەریوان. چونکە تەوراس هی هەموو دەروێشک نییە، کەسانی دێوانە و دنیانەویستى وەک دەروێش مەحمودی ئەڵمانە هەیانە، بۆیە چاوەڕێی دەکات هەموان لەو تێبگەن، تەوراسەکە بناسن، خۆیشی ئەدای ئیحترامی کردبێت بەو قەرزەى وەری گرتووە، ئەو بە تەوراسەکەى هێرش ناکاتە سەر کەس، ئەوە سیمبولە لەگەڵ خۆیی دەگێڕێت.
دووەم: دەروێش
پادشایەک بە چاوی سووک تەماشای تیرەى دەروێشانی دەکرد، یەکێ لەو ناوەدا تێگەیی وتى: ئەى پادشا ئێمە لەم جیهانەدا بە ڕابواردن لە تۆ خۆشتر ڕادەبوێرین و بە سوپا لە تۆ کەمترین، لە مردنیشدا یەکسانین و لە دواڕۆژدا خوا بیەوێت لە تۆ چاترین.
ئەگەر خاوەندەى شاران، کامەرانی وەگەر دەورێشی هەر پێوست نانی
ئەگەر ئەم یاخۆ ئەو لەو کاتەدا مرد لەگەڵ خۆیا بە تەنیا کفنێکی برد
کە لەم موڵکە ئەکەى تۆ کۆچی دوایی گەدایی چاکترە نەک پادشایی
نیشانەى ڕێگای دەروێشی، کراسی کۆن و مووی گڤنە، ڕاستی ڕێگاکەشی، دڵی زیندوو و نەفسی مردووە. (گوڵستانی سەعدی، بەندی دووەم، لە بارەى تەبیعەتى دروێشانەوە، و. سەفوەت، ل١٧٠)
بەدرێژایی ڕۆشنبیری ئیسلامی نەتەوەی کورد، کە نەفەسی لە ڕۆشنبیری عەرەبی و فارسییەوە وەردەگرت و پێیەکی لە ناو کلتور و ئاینى زەردەشتى دابوو، یەکێک لە سەرچاوە بنەڕەتییەکانی بۆ خوێندنى سەرەتایی، کتێبی گوڵستانی سەعدی شیرازی (١٢١٠-١٢٩١ز) بوو، ئەوان لەوێوە فێری ئادابی گفتوگۆ، مامەڵەی دروست، ناسینى جیهانی ئەوین دەبوون، هەر لەوێوە فێری ڕێزگرتن لەیەک دەبوون. ئەو کتێبە بەشێکی بۆ ئاداب و ڕەشتى دەروێشان داناوە، لەوێدا ڕواڵەت و ناخیان نیشان دەدات، ئەو دەمە باس لە بە کەم تەماشاکردنی دەروێشان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە کردووە و بێباکی و وەڵامی دەورێشانیشی نیشان داوە. بۆیە خوێنەواری کورد چەندان سەدەیە ئاگاداری وەڵامە بێباکەکانی دەروێشەکانن و لە زۆر شوێندا هاوکوف و هاودەمیان بوون، لە گەلێک شوێنیش دا خۆیان بوونەتە نەیاریان نمونەى زەقی ئەمە نالییە! (لە کتێبی شیعری کلاسیکی کوردی و تابووشێکینى دا، لەمە دواوم). ئەوەى لەو هەموو ساڵانەدا دەبینرێت، یاران و نەیارانی دەروێشن، هەمیشەش دەروێش وەڵامی نەداوەتەوە، نەک لەبەر ئەوەی وەڵامی پێی نەبووە، بەڵکو لە بنەڕەتدا بڕوای بە چوونە ناو جەنگی جەدەلییەت نییە و ئەوەى بۆی دەجەنگێ، نەفسی مردوو و دڵی زیندووە. دەروێشەکان کەسانی پەروەردەکەری خۆیانن، ئەوان خۆیان لە قەرەى سیاسەت، حیزب، ناشریینیەکانى دنیای دەرەوە نادەن، خەریکی پێگەیاندنی دنیای ناوەوەى خۆیانن، بۆیەش بەو سادەیی و ڕاستگۆییەوە بە تەورەکەیانەوە دێنە بەر کامێرا.
سێیەم: شاری سلێمانی
لە سەرەتای بونیادنانی شاری سلێمانییەوە، بە دروستبوونی مزگەوتی گەورە، شێخ مارفی نۆدێی هەم وەک عەلامەی ئاینى و ئەدەبی هەمیش وەک ڕابەری تەریقەت، لە یەک کاتدا دوو ڕۆڵی گەورەى گێڕا، لە لایەکەوە دەستى کرد بە بونیادنانی کتێبخایەکی گەورە، لەلایەکی ترەوە بڵاوکردنەوەى رێبازی قادری، کە دواتر ڕێبازی نەقشبەندیش هاتە ئاراوە، ئەم دوو رێبازە لە ناو ناشرینییەکانی دەسەڵاتی کوردیدا، دوو جوانترین ڕێبازی شارەکە بوون، کە دوور لە کوشتن و بڕینی براکان، ئەوان سەما و زکر و دەف و تەپڵیان لێدەدا. براکان لە پشتەوە خەنجەریان لەیەک دەدا، بەڵام دەروێشەکان خەنجەریان لە خۆیان دەدا و زیانیان بۆ کەس نەبوو، ئەوان ترپەى شارەکە بوون، کاتێکیش شێخ مارف کۆچی دوایی کرد، هەموو سلێمانی لەسەر شان تەرمەکەیان بە موناجاتەوە ئەسپەردەکرد، دەسەڵات کە سلێمان پاشا بوو، بەو پەڕی خەمینییەوە وەسێتیى کرد، لە پاڵ ئەو شێخەدا بینێژن. دواتریش کاک ئەحمەدی شێخ بوویە بەرەکەت بۆ شارەکە، جوابی نارد بۆ گوندەکانى دەوری شار، تا نابیناکان کۆبکەنەوە و لە بری گەدایی و سواڵ، بێن لەو مەدرەسە قورئان بخوێنن و نانی دەنگ و سەدای خۆیان بەڕێزەوە بخۆن و لە پاشناوی کوێر-ەوە، ناوی حافزی قورئانی پێبەخشین. وەلێ شارەکە ئەمانەى بیردەچێتەوە، پیرەکان دەمرن، گەنجەکان بێخەبەرانە لەو دیو ئامێرە بێ گیانەکانەوە، لە ڕاستەوە بۆ چەپ بەرد دەگرنە هەموو مەعریفە و کلتور و جیاوازی و جوانییەک.
چوارەم: شای کەسنەزان
لە بارەی دەروێشەکانەوە چەندان گرووپ و دەستەی ڕەنگاوڕەنگ و دەنگ جودای جوانی ناو کۆمەڵگای کوردین، نەقشبەندی، قادری، قەرەچێواری و سۆڵەیی و چەندانی تر. بەڵام سەبارەت بە شوێنکەوتوانی تەریقەتى قادری کەسنەزانی و هاتنە ئەم دیو سنوورەوە، شتێکی نوێ نییە بۆ ئەوانەى بە ئاگان لە کلتوری کوردی و رێبازە سۆفیزمەکانی ناو کوردەواری، ئەوان شوێنکەوتەى پیرێکن بە ناوی (شێخ کەریمە سووری)ی ناسراو بە شاهی کەسنەزان و ئارامگاکەى لە گوندێکی بچوکى سەر بە ناحیەى سەنگاوە بە ناوی (کربچنە). ئەو پیر و مورشیدە، چەند ساڵێک ون دەبێت و بە مەبەستى پەرستش و چلەکێشان، دەچێتە ناو چیاکان و کەس نازانێت چی لێهاتووە، بۆیە کاتێکیش بە شێوەیەکی ئەفسانە ئاسا دەردەکەوێتەوە بە شای کەسنەزان ناودەبرێت. ئەو پیرە لە گوندەکەیەوە ناوبانگی بەرەو شارەکانى عێراق و کوردستانی ڕۆژهەڵات دەچێت و ساڵانە سەدان کاروان، لە مورید و شوینکەوتوو بە پێی و بە سواری و بارگیر بۆ سەردانی هاتوون، هیچ کاتێک نە لەسەردەمی ناسرەدین شای ئێران و نە لە ڕەزا شا دا ڕێیان لێنەگراوە، تا ئێستا لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا و بۆ مەرگی یەکێک لە نەوەکانی ڕێیان لێبگرێت، پێشم وایە، بێوەی ترین مرۆڤەکانی کەون ئەو دەروێشانەن، کە مافی خۆیانە بەشدار بن، لە ناشتنى ڕابەرەکەیاندا، وەک چۆن دەیان جیلی پێشوو دەروێشان هەمیشە ئامادەبوون لە ماڵاوایی کردن لە پیر و دەستگیرەکانیان.


پێنجەم: جوانی !
بە ناشرینکردنی جوانییەکان دیاردەیەکی لە مێژینەى مرۆڤە بۆشەکانی دنیایە، هەرکاتێک ئێمە خۆمان خاوەن جوانییەک نەبووین، ئەوا پەلاماری ئەوی تر دەدەین و لە بۆشی خۆمانە دەمانەوێت ئەو بشکێنن، ئێمە بە ناوی عەلمانییەتەوە قسە بە دین، بە ناوی دینەوە قسە بە عەلمانییەت، بە ناوی کۆمەڵناسەوە قسە بە کچەمۆدێل، بە ناوی نوێخوازەوە قسە بە کۆنەخواز، بە ناوی میللەتەوە قسە بە دەوڵەت دەڵێین، بەڵام دەورێشەکان، لە شاهی کەسنەزانەوە فێری ئەوە بوون، کەس بە ناشرین نەزانن، کەس ڕەت نەکەنەوە و کاریان بە کاری کەسەوە نەبێت، ئەوان کەس بە کافرو بە گومڕا نازانن، دوژمنى سەرسەختى ئەوان، لە دەرەوەی ئەوان نییە، بەڵکو ناشرینییەکانی ناخە، ئەوان بە عیبادەت، زکری خوا، چلەکێشان و کەمدوویی، خۆیان دروست دەکەن. ئێمە ئەوانى ڕاستەقینە ڕەت دەکەینەوە، بەڵام لە ڕۆمانەکانی ئەلیف شەفەق و پاوڵۆ و کۆیلۆ و نوسەرە دەرەجە چوار و پێنجەکانەوە ڕستەیان دەخوازین و دایدەنێین، ئەو مەولانایەى هەموو کورد وتەکانى دادەنێ، دەروێشە. گروپی کامکارەکان، کە باشترین گروپی موزیکی ئێرانن، لە تەکێکانی سنەوە پێدەگەن و دواجار بە هۆی تەمبور و دەفەوە کە دوو ئامێری موزیکی عیرفانی دەروێشان و یارسانەکانن، سنە بە شاری مۆسیقا و هونەر دەناسرێت، بەڵام ئێمە ئەگەر بمانەوێت، حاشا لە جوانی دەکەین و چاومان دادەخەین، ئێمە بە دەست خۆمانە کەى چاو دابخەیتن لە ئاست جوانى و تا چەندیش نەیکەینەوە.


شەشەم: بەرە
جیهانی دەروێشەکان زۆر جیاوازە لە جیهانی شێخان وسادات بە مانا گشتییەکەى و لە مانا سنووردارەکەیشی دا پیرەکەیان، ئەگەر بڕیار بێت، لایەنگرییەک بکەم، ئەوا بەرەی دەروێشانم و بە هیچ جۆرێک لە بارەی شێخانەوە نادوێم. لە ناو پڕۆسەی دەروێش بوونیشدا ئەوەی جێی سەرنجمە، سادەیی و ئالودە نەبوونی ئەوانە، ئەو سادەییەى بەناوی عەلمانییەتەوە بە دۆگما و جاهیل و نەزان، بە ناوی سەلەفییەشیەوە بە موشریک و بتپەرست، بە ناوی ڕۆشنبیرەوە بە گوندەکی ناودەهێنرێن. ئەوان کەسانێکن لە ناویاندا یونس ئیمرا و شیخ ئەحمەدی یەسەوی و بایەزیدی بەستامی و مەلەوی و موخلیسیان تێدا دەرکەوتووە. ئەوان بە زوڵفی درێژیان سەما بۆ خوا ئەکەن، بە زاریان ناوی خودا دەهێنن، بە پەنجەکانیان دەف لێدەدەن و ئاهەنگی ڕۆحانی خۆیان دەگێڕن، هیچ کۆمەڵگایەکی دنیاش حاشا لە ڕۆحانییەکانی خۆی و گروپە سۆفیزمەکانی ناکات. ڕەنگە بە شێوەى ڕووکاردا دەروێش کەسێکى سادە و تا ئاستى ساویلکە ببینرێت، بەڵام ئەوان خاوەنی سێ شتى زۆر گرنگن: مەبدەء، دڵی بێ کینەی پڕ لە ڕووناکی و مەعریفەى خودادۆستى، ئەو سێ شتەى دەمێکە کۆمەڵگای کوردی بەهۆی گروپە تونڕەوە ئیسلامییەکانەوە لە دەستیان داوە. ئەوەی من لە دەروێشدا دیومە، فرەڕەنگی، جوانی و سەما و دەنگی خۆش بووە، لە بارەی شێخانیشەوە، ئەوان خۆیان خاوەنی شێخ ڕەزای تاڵەبانی و شێخ محەمەدی خاڵ و شێخ مەحمودی نەمرن، خۆیشان لە بارەی خۆیانەوە دواون، من بەرەی درەوێشانم.
زەمەن
به‌روار:  12/07/2020
248   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  بابه‌تی زیاتر ...
دوا زەردەخەنەی سەدام ‼ لە دۆنكیشۆتدا بڕگەیەكی قەشەنگ ھەیە؛ سانشۆ پانزا كە دەبینێت دۆنكیشۆتی ئاغای غەمبارە و كەوتۆتە بەحری پەژارەوە، پێیدەڵێت «سەروەرم، خۆ غەم و خەفەت بۆ ئاژەڵ در درێژه‌ ...
نەتەوە یەکگرتووەکان قەڵاچۆکردنی کوردانی ئێزدی لە شنگال بە کۆمەڵکوژی بە ناوکردووە. زۆربەی سیاسەتوانانی سویدیش دەستەواژەی کۆمەڵکوژی سەبارەت بە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال بەکار دەهێنن. ب درێژه‌ ...
رووداو دیجیتاڵ میا خەلیفە، ئەستێرەی تەلەڤزیۆن و پۆرنستاری پێشوو لە چەند پۆستێکدا هێرشی تووند دەکاتە سەر حیزبوڵڵا و سەرکردەکانی لوبنان و بە "ترسنۆک و نەزان" ناویاندەبات. می درێژه‌ ...
لە نوێترین پێشنیاردا بۆ ڕێککەوتنی پارتەکانی پەرلەمان لە سەر پرسی کۆچ، دەخوازرێ مەرجەکانی پێدانی هاوڵاتینامە بە پەنابەران توندتر بکرێتەوە. پێشنیارەکە لە سەر بنەمای یاسای پێدانی مافی درێژه‌ ...
ڕۆژانی ٦ تا ٩ ى ئابى هەموو ساڵێک ساڵیادی کارەساتی بۆردومانکردنی هێرۆشیما و ناکازاکییە کە لەلایەن ئەمریکاوە بە بۆمبی ئەتۆمی بۆردومان کرا بە بۆمبى ئەتۆمى. لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگ درێژه‌ ...
خەندان- پاش 10 رۆژ لە ئازار و ئەشكەنجە، سەرلەنوێ هیوا و ئومێد گەڕایەوە ناو ژیانی زاركا دوای ئەوەی هاوژینەكەی بە چەقۆ لوتی بڕی تەنها بەهۆی ئەوەی مۆڵەتی لێوەرنەگرتوە. لەكاتێكدا درێژه‌ ...
ماکیافیلی و ماناکانی نیشتیمان 03/08/2020 مەریوان وریا قانع "لەسەردەمی ماکیافیلییەوە، واتە لە سەدەی پازدەھەم و شازدەھەمەوە، نیشتیمان بووەتە یەکێک لە بەھا ئینسانیی و سیاسییە گرنگە درێژه‌ ...
مێژو، بخوێنەوە. ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ {مێژوبۆ مرۆڤ، وەکو خوێ یە بۆ چیشت ... مرۆڤ بێ مێژو ناتەواویە ، چیشت بێ خوێ ، بێ تامە..} ئەمڕۆ لە لوبنان دادگا ل درێژه‌ ...
کوڕە هەر باشیشین😎 * ئەڵمانیەک بهێنە کوردستان و سەعات دووی نیوەڕۆ چوار جار بە ماسیحەیەکەوە بینێرە بۆ جۆزە هەڵدانەوە، جا بزانە شێخ و دەروێشی ئەمێنێت؟! * فەرەنسیەک بهێنە ئێر درێژه‌ ...
ئەم ساختە چیە بناسن ‼ ڕوونکردنەوە لە باوکی محمد چاوشین برادەران و هاوڕێیانی ئەڵمانیا، ئەو نائینسان و نا ڕەسەن و بێویژدانەی لەخوارەوە وێنەکەیم داناوە ناوی (هەندرێن) ە لە ووڵاتی درێژه‌ ...
ژماره‌ی بابه‌ت
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   199
کۆی سه‌ردان:   20528372