زانیارى لەسەر هێرشەکەى تورکیا بۆ باشور


هێزەکانى تورکیا لەچەند قۆڵەوە بەشێوازى جیاواز سنورى هەرێمیان بەزاندوە، هێزە شەرکەرەکانى کۆماندۆی لەرێگەى کۆپتەرەوە لەچەند شوێنێکى ستراتیژى دابەزاندوە بەمەبەستى هەڵکوتانە سەرى بنکەو پێگەکانى گەریلا تا دیلیان بکەن یان بیانکوژن.
پێشتر پەکەکە زانیارى هەبووە لەسەر هێرشەکە، بۆیە لەچەند ناوچەیەک لەبن زەوى و شوێنى نادیار هێزى بچوکیان دابەش کردەو چەکى میلان و قەناسیان پێبووە. لەدەستپێک لەهەفتانین، لەگەڵ دابەزینى هێزەکانى کۆماندۆ، توشى بەرەو رووبونەوە بونەتەوە و زیانى قورسیان بەهێزەکە گەیاندوە، تا ئستى ئەوەى هێزەکانى ئۆپۆزیسۆن لەمیدیاکانى تورکیاوە رەخنەى ئەوەیان گرت، کە ئەردۆگان بەشێک لەهێزەکانى کۆماندۆى بەکوشتداوە.
لەهەندێک شوێن هێزە پیادەکانى تورکیا لەنزیکى ٥ بۆ ١٥ کیلۆمەترى سنورى توشى بەرگرى بووە، کە چاوەرێى ئەوەى نەکردوە، هێزەکانى گەریلا لەبەر توندى شەرەکە، بەردەوام لەجوڵەدان تا نەکرێنە ئامانجى فرۆکەى بێ فرۆکەوان، ئەوەش وایکردوە تورکیا کوێرانە چەند ناوچەو گوندێک بکاتە ئامانجى تۆبخانەکانى و بەردەوام بەفرۆکە بەسەر ناوچەکەدا بسورێتەوە. زانیارەکان باس لەوە دەکەن هێزەکانى تورکیا توشى شۆک بوون، لە تەکتیکى شەرى گەریلاو خۆراگریان، چونکە تا ئێستا تەرمى هیچ شەهیدێک نەکەوتۆتە دەستیان تا لەمیدیاکانەوە بۆ بەرزکردنەوەى مەعنەویەتى خۆیان نیشانى بدەن، بەڵام لەبەرامبەردا هێزەکانى خۆیان بەدەیان تەرمیان براونەتەوە بۆ تورکیا و بەچەند بۆسەیەکدا ئەفسەرى پلەباڵاى سوپا کوژراون.
تورکیا لەشەرەکەدا سەربارى هێزە شەرکەرەکانى چەکى قورس و فرۆکەى ئیف ١٦ى بەکاردەهێنێت، گەریلاکانیش بەشێوازى پارتیزانى و لێدانى کتوپر هێرش دەکەن و چەکى میلان ودۆشکاو قەناس بەکاردەهێنن.
هەندێک لەخەڵکى ناوچەکە باس لەوە دەکەن، کە خەڵکى ناوچەکانى سندیان هیچ هاوکاریەکى سوپاى تورکیایان نەکردوە، ئەوەش وایکردوە سوپاى تورکیا زانیارى وردى لەسەر جوڵەى گەریلا نەبێت وزۆرجار پشت بەزانیارى ناراست ببەستێت.
هەربۆیە ئەمرۆ هێزەکانى تورکیا لەژێرگوشارى شەردا لە گردى خامتور کە شوێنێکى ستراتیژیە بۆناوچەکە کشانەوە، پێشتر لەرێگەى کۆپتەرەوە هێزێکى کۆماندۆى لێدابەزێنرا بوو.
کەمال ڕەئوف
به‌روار:  28/06/2020
521   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   20
کۆی سه‌ردان:   29231255