ژنانی خەتەنەکراو لە سوید داوای یارمەتی دەکەن

ڕێژەی ئەو ژنانەی بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشی و گرفتانەی خەتەنەکردن لە دوای خۆی لە ژناندا جێی دەهێڵێ بۆ ناوەندەکانی تەندروستی، تا دێ لە زیادبووندایە. لە یەک لەو ناوەندانە و لە ماوەی سێ ساڵدا ئەو سەردانانە بە رێژەی ٤٠ لەسەد زیادیان کردووە.

ناوەندی تەندروستی ئامێل Amelmottagningen سەر بە نەخۆشخانەی سۆدرا Södersjukhuset لە ستۆکهۆڵم، یەکەمین ناوەندی تەندروستییە کە لە بواری چارەسەری بۆ ئەو کچ و ژنانەی ڕووبەڕووی خەتەنە کردن بوونە کراوەتەوە و کارمەندانی پزیشکی شارەزا تایبەت بەم بوارە تیایدا کار دەکەن.

بیتا ئیشراقی دکتۆری شارەزای ئەو بوارە دەڵێ:

سەرنجی ئەوەمانداوە کە تا دێ ڕیژەی ئەو ژنانەی بە مەبەستی چارەسەری نەخۆشی و گرفتەکانی دوای خەتەنەکردن ڕوو لە ناوەندەکەمان دەکەن لە زیادبووندایە. نزیکەی نیوەی ئەوانەش هەر بۆخۆیان و بە بڕیاری خۆیان سەردانمان دەکەن کە ئەمە مایەی دڵخۆشییە. 

بەیان ناسح کە خۆی یەکێک لەو ژنانەیە کە بەمنداڵی خەتەنە کراوە و ئێستاکە خۆی وەک کەسێک بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە و پرسی هاوشێوەی ژنان تەرخان کردووە، لەو باوەڕە دایە کە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەو سەردانانەنی ژنان بۆ ناوەندەکانی تەندرووستی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە بواری تەندرووستی گەشەی سەندووە.

ئەو دەڵێ:

لەو باوەڕەدام مەسەلەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێمە زیاتر کراوەین و بەشێوەیەکی ئاسایی دەتوانین باس لەو مەسەلەیە بکەین. 

لە ڕاستیدا نازانرێ رێژەی ئەو ژن و کچانەی کە خەتەنە کراون و لە سوید دەژین چەندە، بەڵام بە پێی دوایین ئاماری ناوەندی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی، نزیکەی ٤٠ هەزار کەس کە لەوانە ٧ هەزاریان منداڵن خەتەنە کراون.
به‌روار:  21/06/2020
298   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   347
کۆی سه‌ردان:   29232373