ڤیدیۆی بریندار کردنی( سادق زەرزا )ی خووشکەزای دکتۆر قاسملۆ لەهۆڵندا
ئێوارەی دوێنێ لە شاری لواردن-ی وڵاتی هۆڵەندا، سادق زەرزا، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی (حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران- حدکا)، لەلایەن هاوشارییەکی خۆیەوە بە چەقۆ هێرشی کرایەسەر و بە سەختی بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەیەکی هۆڵەندی بەناوی (تەلەگراف) "سادق زەرزا چالاکی سیاسی و بەرپرسی حدکا لە هۆڵەندا، دوێنێ هەینی کاتژمێر ٣ و ٢٦ خولەکی دوانیوەڕۆ، لە بەرانبەر وێستگەیەکی قیتار لە شاری لواردن لە نێو ئوتۆمبێلەکەی خۆیدا لەلایەن پیاوێکی تەمەن ٣٨ ساڵەوە بە چەقۆ هێرشی کراوەتە سەر و ١٠ چەقۆی لێداوە".

ڕۆژنامەکە ئەوەشی راگەیاندووە کە "دوای هێرشەکە پۆلیس بەهانای سادق زەرزا چووە گەیاندراوەتە نەخۆشخانە، لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس درێژەی هەیە و جارێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەمبارەوە نەدراوە."

ئازاد مستەوفی رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی، کە لە نزیکەوە ئاگاداری رووداوەکەیە بە رۆژنیوزی ڕاگەیاند:"ئەمە جاری یەکەم نییە کە هێرش دەکرێتە سەر سادق زەرزا، پێشتریش چەند جارێک هێرشی کراوەتە سەر".

بەپێی زانیارییەکانی ئازاد مستۆفی:"کەسێکی خەڵکی گوندی گورگاوی سەر بە شاری شنۆ بەناوی ڕەحمان پردئابادی، داوای لە سادق کردووە، کە هاوکاریی کوڕەکەی بکات بە مەبەستی وەرگرتنی مافی پەنابەریی لە هۆڵەندا، دوای پەیوەندیکردن بڕیار بووە لەبەردەم وێستگەی شەمەندەفەری شارەکە یەکتری ببینن، دواتر لەگەڵ گەیشتنی بە شوێنی دیاریکراو بە چەقۆ هێرشی کردوەتە سەر سادق و بە لێدانی دە چەقۆ بە سەختی برینداری کردووە".

مستۆفی ئەوەشی وت:"بنەماڵەی زەرزا دەڵێن تیرۆرەکەی سیاسییە و دەبێ لایەنەکانی ئەم تاوانە ڕوون بکرێنەوە"

سادق زەرزا خەڵکی شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە و پێشتر ئەندامی سەرکردایەتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە، ماوەیەکە تووشی نەخۆشی ئێم ئێس (MS) بووە و لە هۆڵەندا دەژی.
ڕۆژنیوز
سەیری ڤیدۆکە بکە
به‌روار:  20/06/2020
782   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   764
کۆی سه‌ردان:   29251866