پێکانی 2 کۆبتەر و کوژرانی 22 جەندرمە لە حەفتانین

گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە هەفتانین گورزێکی تووندیان لە سوپای تورک داوە و ٢ هێلیکۆپتەر پێکراون و ٢٢ سەربازیش کوژراون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ئەمڕۆ ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی بەرخۆدانەکانیان لەدژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە هەفتانین بڵاوکردەوە.

هەپەگە ئاماژەی بەوەکردووە، کە بەرخۆدانی مێژوویی گەریلا لەدژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە هەفتانین بەردەوامە و هێزەکانیان لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی جەنگی هەفتانیندا چالاکییان لەدژی سوپای تورک ئەنجامداوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی ئەم مانگەدا هێزەکانیان لە گردی شەهید ئادار چالاکییان لەدژی یەکەیەکی دوژمن ئەنجامداوە، لەو چالاکییانەدا تەقەمەنیی و چەکی سووک بەکارهاتووە و لە ئەنجامدا ١١ سەربازی تورک کوژراون.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە، لە ١٩ی حوزەیراندا هێزەکانیان لە گردی شەهید هەمزە یەکەیەکی سوپای تورکیان لە نزیکەوە کردووەتە ئامانج، کە هەوڵیان داوە بەرەو گردی گەسرۆک بچن، لە ئەنجامدای ئەو چالاکییەشدا ١١ سەرباز کوژراون.

هەپەگە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، کە لەو چالاکییەیاندا گەریلایەکیان بەناوی ئامارا شەهیدبووە، کە هەتا دوایین فیشەک بەرخۆدانی کردووە.

هەربەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە، لەدوای ئەو چالاکییە هێلیکۆپتەرەکانی سوپای تورک ناوچەکەیان بۆردوومان کردووە، بەڵام لەلایەن گەریلاکانەوە گورزیان لێدراوە و ناچاربوون لەناوچەکە دووربکەونەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە هەر دوێنێ ١٩ی حوزەیران، گەریلاکانیان ژمارەیەک سەربازی سوپای تورکیان لە گردی شەهید بێریڤان گەمارۆداوە و چالاکییان لەدژیان ئەنجامداوە، بەڵام تا ئێستا ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی سوپای تورک ڕوون نەبووەتەوە.

هەپەگە ڕاشیگەیاندووە، کە درەنگانێکی شەوی ڕابردووش فڕۆکەی جەنگیی و هێلیکۆپتەرەکانی سوپای تورک بۆردوومانی ناوچەی خانتورێ-یان کردووە، گەریلاکانیان گورزیان لە هێلیکۆپتەرەکان وەشاندووە، هاوکات هەلیکۆپتەرێکی دیکەش پێکراوە، کە هەوڵی داوە ئەو ناوچەیە بۆردوومان بکات، هێزە داگیرکەرەکانیش ناچاربوون لە ناوچەکە بکشێنەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، هەپەگە زانیاریی لەبارەی چالاکیی گەریلاکان لە چەلێ بڵاوکردووەتەوە و هاتووە: لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی شەهید باگەر و شەهید ڕۆنیا-دا، هێزەکانمان ڕۆژی ١٨ی حوزەیران زرێپۆشێکی سوپای تورکیان تەقاندەوە، کە لە گردی شەهید باگەرەوە بەرەو گردی گردی شەهید ڕێبەر دەچوو، لە ئەنجامدا هەر پێنج سەربازەکەی ناو زرێپۆشەکە کوژران.
ڕۆژ نیوز
به‌روار:  20/06/2020
927   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   525
کۆی سه‌ردان:   29248346