دەمیرتاش سکاڵایەکی بردەوە ، کەچی ئازادیش نەکرا
دادگای دەستووری بنەڕەتیی دەوڵەتی تورک جەختدەکاتەوە زیندانیکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش نایاساییە و مافەکانی پێشێلکراون و وەزارەتی دادیشی بە بژاردنی ٥٠ هەزار لیرە بە دەمیرتاش سزادا، بەڵام سەرباری ئەوانەش دەمیرتاش ئازاد نەکرا.

دادگای دەستووری بنەڕەتیی دەوڵەتی تورک لەسەر سکاڵای سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە بڕیاریدا، پارێزەرانی دەمیرتاش ڕایانگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی مافی کەسایەتی و ئازادیی دەمیرتاش پێشێلکراوە، لە دادگای دەستووری بنەڕەتی سکاڵایان تۆمار کردبوو.

دادگای دەستووری بنەڕەتیی تورکیا بە گشتی لەبارەی سکاڵاکانی دەمیرتاش و پارێززەرانی لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ و ٢٩ی ئایاری ٢٠١٨ و ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ و ١١ کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ بڕیاریدا.

دادگاکە بڕیاری لەبارەی بڕیارەکانی قۆناغەکانی دادگایکردن و زیندانیکردنی دەمیرتاش و تێکەڵکردنی دۆسیەکان و بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاداوە.

دادگای دەستووری بنەڕەتیی تورکیا ڕایگەیاند، زیندانیکردنی دەمیرتاش بە پێی خاڵی ١٩ی دەستووری بنەڕەتیی تورکیا پێشێلکارییە و بڕیاریدا وەزارەتی دادی تورکیا بە بڕی ٥٠ هەزار لیرە سزا بدات، کە ئەو بڕە وەک قەرەبوو بە دەمیرتاش بدرێت، ئەو بڕیارەش بۆ ١٩هەمین لقی دادگای سزا قورسەکان و وەزارەتی داد دەنێردرێت.

مەحسونی کارمەران، پارێزەری دەمیرتاش جارێکی دیکە داوایکرد، دەمیرتاش لە زیندان ئازاد بکرێت.

سەرباری ئەوەی بەپێی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و بەپێی بڕیاری دادگای دەستووری بنەڕەتیی تورکیا مافەکانی دەمیرتاش پێشێلکراون و زیندانیکردنەکەی نایاساییە و دەوڵەتی تورک بەو هۆیەوە سزا دراوە، بەڵام دەوڵەتی تورک ئامادە نییە دەمیرتاش ئازاد بکات.
به‌روار:  19/06/2020
391   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   517
کۆی سه‌ردان:   29254788