پەکەکە دەڵێ داخستنی دۆسیەی ئۆڵۆف پاڵمە قبوڵ ناکرێت

پەکەکە ڕایدەگەیەنێت، داخستنی دۆسیەی ئۆلۆف پاڵمە بەبێ ئەوەی داوای لێبووردن لە پەکەکە و گەلی کورد بکرێت، قبوڵ ناکرێت، دەشڵێت: تا ئەو کاتەی سوید و یەکێتی ئەوروپا پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەرنەهێنن، ڕاستەوخۆ چاودێریی ئەو ڕووداوە دەکەین.

کۆمیتەی دیبلۆماسیی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لەبارەی داخستنی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ئۆلۆف پاڵمە لە دوای ٣٤ ساڵ، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەی پەکەکەد هاتووە "داخستنی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ئۆلۆف پاڵمەی سەرۆک وەزیرانی سوید، کە لە ٢٨ی شوباتی ١٩٨٦دا کوژرا، بۆ بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان ڕووداوێکی گرنگ بوو، بەڵام لەبەرئەوەی بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان تاوانبارکران بەو کوشتنە و لەبەر ئەوەی ئەو تاوانبارکردنانە هێشتا لانەبراون، قبوڵ ناکرێت. چونکە بەهۆی ئەو رووداوەوە بزووتنەوەکەمان پەکەکە و لە کەسایەتیی پەکەکە دا گەلی کوردیش تاوانبارکرا و تەریککران".

پەکەکە، دەڵێت:"دوای ئەوەی رووداوێکی لەو شێوەیە داخرا، نە لە پەکەکە و گەلی کورد داوای لێبوردن کرا و نە لە دژی تیرۆریزەکردنی پەکەکە بەهۆی ئەو تاوانبارکردنەوە دەوڵەتی سوید دەستی بە هەوڵێکی ئەرێنی کردووە".

لە بەردەوامیی ڕاگەیەندراوەکەی پەکەکەدا هاتووە:"ئێمە تاوەکو ئێستا تەنها سەیری گفتوگۆکانمان لەوبارەیەوە دەکرد و چاوەڕێ بووین، کە دادپەروەریی بچەسپێت، لەبەر ئەوەش ئێمە ڕاستەوخۆ دەستبەکار نەبووین، بەڵام لەبەر ئەوەی گفتوگۆکان خەریکە لە چوارچێوەی خۆیان دەچنە دەرەوە و ناهەقیی ٣٤ ساڵ بەهۆی ئەو ڕووداوی کوشتنەوە بەسەر بزووتنەوەکەمان و گەلەکەماندا سەپێندراوە ڕاست نەکراوەتەوە، ئێمە بڕیارماندا بەشداری ڕووداوەکە ببین و ڕاستەوخۆ چاودێریی بکەین".

ڕاشیگەیاندووە"تاوانبارکردن، ناشیرینکردن، تیرۆریزەکردن و تەریککردنی کوردان و پەکەکەی بزووتنەوەی ئازادییەکەی ٣٤ ساڵە بەردەوامە. بۆیە رووداوێکی ئەوەندە ئاسان نییە، کە قبوڵ بکرێت و سەری دابپۆشرێت. بەهۆی ئەو تاوانبارکردنەوە کە ئێستا ئاشکرابووە بێ بنەمایە، تاوەکو لە گەلی کورد داوای لێبوردن نەکرێت، تاوەکو سوید و یەکێتی ئەوروپا ئەو تاوانبارکردنەی پەکەکە بە 'تیرۆریست' کۆتایی پێنەهێنن، تاوەکو پەکەکە لە 'لیستی گروپە تیرۆریستییەکاندا' دەرنەهێنرێت، ئێمە بە ناوی پەکەکەوە لە ڕووی سیاسییەوە چاودێریی ئەو رووداوە دەکەین، بێگومان دەبێت گەلی سویدیش قبوڵی نەکات، کە دۆسیەی کوشتنێکی لەو شێوەیە دابخرێت، چونکە ئەوە گەورەترین چەواشەکاری و ناهەقییە بەرامبەریان".
ڕۆژنیوز
به‌روار:  18/06/2020
429   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   470
کۆی سه‌ردان:   29233143