ژمارەی مووچە خۆر لە چین حەوت ملیۆن و نیو و له کوردستان ملیۆن و چاڕەکێکە
وڵاتی چین، کە لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە لەسەر ئاستی جیهان یەکەمەوە و دووەم گەورە ئابوری جیهانیشە، بەڵام رێژەی موچەخۆرانی حکومەت لەو وڵاتە کەمترە لە لەسەدا یەک، بەڵام هەرچی هەرێمی کوردستانە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار موچەخۆری هەیە، واتە لە هەر پێنج کەس، یەک کەس موچە لە حکومەت وەردەگرێت.

دوای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە، چین لەسەر بیردۆزی مارکس و ئەنگەڵس ئابوورییەکی پتەوی داڕشت تاکو لە قەیرانەکان ڕزگارى بێت. بە ھۆی فرەچەشنی و بەرهەمهێنانی فراوان، ئابووری چین ھەردەم بەرەو پێشەوە چووە. لە ڕووی زۆری داھاتی بەرھەمھێنانەوە، ئابووری چینی لە پلەی دووەم دێت لەدوای ئەمریکا داهاتەکەی لە ساڵی ٢٠١٤ دا، ١١ ترلیۆن دۆلار بووە.

بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی دانیشتوانی کۆماری گەلی چین یەک ملیار و٣٠٠ ملیۆن کەس بوون، کە دەکاتە لەسەدا ١٩ پۆینت ٢٤ی ڕێژەی خەڵکی جیھان.

چاکسازییە ئابورییەکان دەرفەتی بوژانەوە و هەڵسانەوەی دایە ملیۆنان هاوڵاتی چینی. لەوبارەیەوە بانکی جیهانی رایگەیاند، ٨٥٠ ملیۆن خەڵک لە هەژاری رزگاریان بوو، وڵاتەکەش کەوتە سەر سکەی خۆی بۆ نەهێشتنی هەژاری لەساڵی ٢٠٢٠.

سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتوانى چین، بەڵام ژمارەی فەرمانبەرانی حکومی بەگوێرەی نوێترین ئامار نزیکەی ٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسە.

لە هەرێمی کوردستان قەیرانى ئابووریی، هۆکارەکەی زۆری ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، کە لە چوار پارێزگای هەرێم، بە ئەندازەی لە چوار یەکی ژمارەی فەرمانبەرانی چینە.

لە کابینەی پێشووتری حکومەتی هەرێمدا بایۆمەتری بۆ کۆی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم جگە لە ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش کرا و وەک تێبینی دەکرا ژمارەی موچەخۆر و فەرمانبەران ملیۆنێک تێپەڕێنێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە بایۆمەتریدا تۆمارکراون ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم ٧١٠ هەزار و ٢٨٢ کەسە و خانەنشینانیش ٢٥١ هەزار و ٧٥٧ کەسن.

هەر بەپێی داتاکە ئەو کەسانەی وەک کەسی یەکەمی کەسوکاری شەهیدان موچە وەردەگرن ژمارەیان ٩٨هەزار و ٨٨٩ کەسن و ئەوانەشی لەناو تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتیدا موچە وەردەگرن ژمارەیان ١٥٩ هەزار و ١٧٦ کەس دەبێت.

بەپێی ئەو داتایە جگە لە ئەنجومەنی ئاسایشی و دەزگای ئاسایش حکومەتی هەرێم خاوەنی یەک ملیۆن و ٢٢٠ هەزار و ١٠٤ موچەخۆرە.

بەم پێیەش دەردەکەوێت کە ژمارەی دانیشتوانی چین کە ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن کەس زیاتره ، تەنها لە سەدا سفر پۆینت ٦١ ى دانیشتوانەکەی موچەخۆری حکومەتن و زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە کار دەکەن.

بەڵام لە هەرێمی کوردستان کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٦ ملیۆن کەسە ، ڕێژەی لەسەدا بیستى دانیشتوانەکەی موچەخۆری حکومەتن و لەسەدا هەشتاکەی دیکەشی زۆربەیان لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن و بەشێکیشیان بێکارن.
ئێن ئاڕتی
به‌روار:  16/06/2020
462   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   931
کۆی سه‌ردان:   29256034