ئاگری بێ دووکەڵ
حەمەسەعید حەسەن
١٨ی ئاداری ١٩٨٩ سەرکردایەتیی مەکتەبی ڕێکخستنی باکووری حیزبی بەعس، نووسراوێک لەبارەی (خوێندنی کوردی)یەوە، بۆ سەرکردایەتیی لقی هەولێری حیزبی بەعس دەنێرێت، تێیدا دەڵێت:
(بەپێی ئەو ڕێنوێنی و فەرمانانەی لە سەرکردایەتیی عێراقی حیزبی بەعس و خودی سەرۆک سەددام حوسەینەوە (خوا بیپارێزێت) بۆمان هاتوون، بڕیارمان دا: ئەم ناوانەی لای خوارەوە، بەو پرۆژەیەدا بچنەوە کە ساڵانی حەفتا لە پارێزگای دهۆک، بۆ گۆڕینی خوێندنی کوردی بە خوێندنی عەرەبی جێبەجێ کرا. کۆبوونەوەکان بۆ ئەو مەبەستە، لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی باکوور و بە سەرۆکایەتیی سکرتێری سەرکردایەتیی ڕێکخستنی باکوور بەڕێوە دەچن.
گۆڕانکارییەکان بەو شێوەیە دەبن لەگەڵ باری دەروونیی دانیشتووانی هەولێر و سلێمانیدا بگونجێن، بە مەرجێک ساڵی خوێندنی ١٩٨٩ - ١٩٩٠ لە سەددا حەفتای خوێندن بکرێت بە عەرەبی و ساڵی دواتر لە سەددا سەدی، بۆ ئەوەی ڕەوتە ڕەگەزپەرست و شۆڤێنیستەکانی ناوچە کوردنشینەکان، بە تەواوی لەناو ببرێن و دوای ئەوەی ئەنفال ئاودیوی سنووری کردن، ئیدی سەرهەڵنەدەنەوە. کۆبوونەوەکان نهێنی دەبن و ئەرکەکەتان لە مانگێکدا تەواو دەکەن.)
ئەم نووسراوە، ئاڕاستەی ٢٨ کەس کراوە کە پرۆژەکە ئامادە دەکەن، لیستی ناوەکان بە یەحیا جاف دەست پێ دەکات و بە ئەحمەد شێروانی دوایی دێت. هەر لە هەمان نووسراودا، ناوی چواردە کەسی تریش هاتووە، کە لە جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا بەشدار دەبن. لیستی دووەم بە ناوی عەتا موحەممەد ڕەشید دەست پێ دەکات و بە ناوی عەبدوڵڵا موختار دوایی دێت. بەپێی نووسراوەکە، (ئەوانەی پرۆژەکە ئامادە دەکەن و ئەوانەیشی لە جێبەجێکردنیدا بەشدار دەبن، پادداشت دەکرێن، پادداشتێکی چاک کە لەگەڵ ئەو ئەرکەدا بگونجێت پێیان سپێردراوە.) نووسراوەکە سەرکردایەتیی لقی سلێمانیی بەعسیشی سەرپشک کردووە، چەند ناوێکی دیکە دەستنیشان بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە.
ئەوانەی خوێندنی کوردییان دەکرد بە عەرەبی و منداڵی کوردیان ناچار دەکرد بە عەرەبی بخوێنێت، خۆیان کورد بوون. دەبێت ددانی پێدا بنێین، ناپاکی لەکن مە، دیرۆکێکی دێرینی هەیە، ناپاکیی گەورە ئەو وەختە دەستی پێ کرد کە زۆرینەی کورد، دەستی لە دابونەریتی خۆی بەر دا و دوای دابونەریتی بێگانەی داگیرکەر کەوت.
بهروار: 16/06/2020
698 جار خوێندراوهتهوه
|