پەرلەمانتارانی سوید دەڵێن : دەبێت سوید داوای لێبوردن لە کورد بکات
پەرلەمانتارانی سوید، ڕایدەگەیەنن، کە دەبێت سوید داوای لێبورن لە کورد بکات و سوید و یەکێتیی ئەوروپا پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنن، دەشڵێن:"دەبێت کوردان لە ئەوروپاش ئەو داوایەیان لە وڵاتانی ئەوروپی هەبێت".

دۆسییەی کوشتنی ئۆلوف پاڵمە، دوای ٣٤ ساڵ لە شاری ستۆکهۆڵم پایتەختی سوید، داخرا. لەبارەی گرنگیی ئەو بابەتەوە بۆ کورد و پەکەکە، ئاژانسی فورات لەگەڵ نووسەران و سیاسەتمەدارانی سویدی و کوردستانی چاوپێکەوتنی ئەنجامدا.

هاکان سڤەنەلیگ، پەرلەمانتاری پارتی چەپ و وتەبێژی سیاسەتی دەرەوە رایگەیاندووە، پۆلیسی سوید سەرباری ئەوەی هیچ بەڵگەیەکیان لە بەردەستدا نەبوو زۆر هەوڵیاندا پەکەکە وەک بەرپرسی کوشتنی پاڵمێ بە گەل بناسێنن.

هاکان سڤەنەلیگ وتی:"دەبێت سوید و یەکێتیی ئەوروپا پەکەکە لە لیستی گروپە تیرۆریستییەکان دەربهێنن. ئەو تاوانەی کە ئەردۆغان بە بەکارهێنانی تیرۆر بەرامبەر بە پەکەکە دەیکات، بۆ سەرکوتکردنی کورد و ئۆپۆزسیۆن بەکاردەهێنرێت. دەبێت ئەوە کۆتایی پێ بهێنرێت. دەبێت سوید داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات".

'دۆخێکی ئابڕوبەرانە بوو، کە رووداوەکەیان خستە ئەستۆی کورد'

هەروەها، دانیەل ریازەت پەرلەمانتاری پارتی چەپ رایگەیاند، دۆخێکی ئابڕوبەرانە بوو، کە کورد کرا بە بەرپرسی کوشتنی پاڵمێ و راشیگەیاند:"ئەوە کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر بزووتنەوەی ئازادیی کورد و گەلی کورد دروستکرد. دەبێت ئەوە راستبکرێتەوە و مافی کورد رادەستی کورد بکرێتەوە".

ریازەت باسی ئەوەیکرد، هەندێک لە دادگاکانی وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی بوونی ناوی پەکەکە لە لیستی گروپە تیرۆریستییەکاندا ناڕەزایەتییان نیشانداوە و لەوبارەیەوە وتی "دەبێت سوید و یەکێتیی ئەوروپا ئیدی پەکەکە بە تیرۆر تاوانبار نەکەن، کوردان لە ئەوروپاش دەبێت ئەو داوایەیان لە وڵاتانی ئەوروپی هەبێت".

ئامینە کاکەباوە، پەرلەمانتاری پارتی سۆسیالیست رایگەیاند، دەبێت مۆری "تیرۆریست" لەسەر پەکەکە لە هەموو وڵاتانی ئەوروپادا لاببرێت.

ئامینە، وتی:"ئەو کێشەیە تەنها بە لێدوانی رۆژنامەوانی چارەسەر نابێت، دەبێت کورد بتوانێت لە گەورەترین رێکخراوە میدیاییەکانی وڵاتانی ئەوروپاوە راستییەکان بنووسن و بڵاویبکەنەوە. دەبێت هەموو کەس ببینێت و ببیستێت، کە کورد و پەکەکە ٣٤ ساڵە بە ناهەقی تاوانبار دەکرێن. دەبێت ئەوە بوترێت، کە ئیدی کاتی ئەوە هاتووە مۆری 'گروپی تیرۆر' بەکار نەهێنرێت.
ڕۆژنیوز
به‌روار:  12/06/2020
742   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   385
کۆی سه‌ردان:   29220515