ئازاردانی کوردێکی ژاپۆن ناڕەزایی لێکەوتەوە

SNN

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی پیاوێکی کورد لە ژاپۆن کە لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە بەشێوەیەکی ناشرین مامەڵەی پێوەدەکرێت، ناڕەزایی هاووڵاتیانی ژاپۆنی لێکەوتووەتەوە، کەیسەکەی بووەتە بەشێک لە هەڵمەتی دژ بە جیاکاری رەگەزی.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە دەست ئاژانسەکە کەوتووە، پیاوێکی کوردی خەڵکی باکوری کوردستانە، لە ڤیدیۆکەدا کە هاوڕێیەکی تۆماریکردووە دەردەکەوێت ژمارەیەک پۆلیس، لە شەقامێکی تۆکیۆ ئوتومبیلەکەی رادەگرن و داوای لێدەکەن ئوتومبیلەکەی بپشکنن، کە ئەو پیاوە کوردە داواکە رەتدەکاتەوە، پۆلیس هاواری بەسەردا دەکەن و بە زەویدا دەیخەن.

بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە نیگەرانی ژاپۆنییەکانی لێکەوتووەتەوە، ئەوان پێیان وایە مامەڵەی خراپی بەشێک لە پۆلیسەکانی وڵاتەکە لەگەڵ هاووڵاتیان، بەتایبەت لەگەڵ بیانییەکان بووەتە دیاردەیەکی ناشرینی وڵاتەکە.

هاووڵاتیانی ژاپۆن دوێنێ لە شاری تۆکیۆ رژانە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر کەیسی ئەو پیاوە کوردە و مامەڵەی خراپی پۆلیس لەگەڵ هاووڵاتیاندا و دەنگی خۆیان خستەپاڵ دەنگی خۆپیشاندانە فراوانەکانی ئەمریکا کە لە ژێر ناوی “ژیانی رەشپێستەکان گرنگە” بەڕێوەدەچێت.

جگە لە ژاپۆن، لە چەند رۆژی رابردوودا لە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیاش خۆپیشاندان دژ بە جیاکاری رەگەزی بەڕێوەچوو، لە کاردانەوەی کوژرانی پیاوێکی رەشپێست بەناوی جۆرج فلۆید لەلایەن پۆلیسێکی سپی پێستی ئەمریکییەوە.
ڤیدۆیەکە لەم لینکەدایە
https://youtu.be/omq0qehoI4k

به‌روار:  10/06/2020
716   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   318
کۆی سه‌ردان:   29253448