کۆرۆنا مەترسیدارە له کوردستان ⛔‼


دکتۆر ڕێبوار فەتاح

بە داخەوە دۆخەکە مەتریسدارە و لە خراپەوە بۆ خراپترین دەچێ. [...] ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە پەتاکە کۆنترۆڵ نەکراوە، بەڵکو لە بڵاوبوونەوەدایە، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان.

ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان بە ڤایۆسی کۆڤید١٩، بە پێی ئاماری فەرمی ١٢٢٢؛ ٤٤٨ نەخۆش چاکبوونەتەوە؛ و ٢٤ نەخۆشیش تا ئێستا بوونەتە قوربانی. لە عێراقدا ژمارەکان، ١٢٣٦٦ توشبووە و ٣٤٦ نەخۆش قوربانین.

پێشەکی، بۆ هەموو ئەوانەی دەڵێن، ئەم نەخۆشیە درۆیە و پڕوپاگاندەیە، بەبێ چوونە نێو ئاماری نێودەوڵەتی و وڵاتانی پێشکەوتووەوە، من لە ئەزمونی خۆمەوە دەدوێم. من سێ چوار هەفتە بەدەست ئەم نەخۆشیەوە ناڵاندم. هیوادارم کەستان تووشی نەبن. ئەم نەخۆشیە وەك هیچ یەکێکی دیکە نیە، کە پێشتر گرتووتانە. ئازار و بێهیوابوونی، ڕەنگە هەتا ماویت لەگەڵتدا بمێنێتەوە. هیچ شتێك ناتوانێ ئازاری ئەوە بسڕێتەوە، کە تۆ بە نەخۆشی لە جێدا کەوتوویت، یەك لە دوای یەك، هەواڵی مەگی خۆشەویستانت پێ دەگات؛ هیچیشت پێ ناکرێ. من کە نەخۆش بووم، کاك کامەران، دکتۆر یاد، چەند دۆستێکی دیکەم بوونە قوربانی هەمان نەخۆشی. نە پرسەیان بۆ گیرا؛ نە توانرا پێکەوە خەمیان بخۆین.

ڕەنگە کۆڤێد١٩ تەنیا نەخۆشیەك بێ، کە خۆشەیستانت، لە ترسی تووشبوون وەك تاعون و گەڕی لێت دووردەکەونەوە. هەر جارێك کە تۆ نەخۆش بوویت، هەرچی خۆشەویستتە، لە دەورت کۆبوونەتەوە. ئەم بە پێچەوانەوەیە.

کۆڤێد١٩، وەك زۆر نەخۆشی دیکە نیە، دەگوێزرێتەوە بۆ هەموو ئەو کەسانەی لێیان نزیك دەکەویتەوە - نەك تەنیا بەریان دەکەویت، کە ڕەنگە زۆربەیان خۆشەویستت بن. بەمەش ژیانیان دەخەیتە مەترسی مەرگەوە.

کە تووشی کۆڤید١٩ بوویت، بەئاگایت لەوەی کە تۆ شەڕی نەخۆشیەك دەکەیت، سەرتاسەری جیهان گیرۆدەی بووە و تا ئێستا زیاد لە ٤٠٠ هەزار کەسی کوشتووە. تا ئەمڕۆ و تا داهاتووەیەکی زانراویش، دەرمانی نیە.

داڕمانی سیکۆلۆجی ئەو فشارە لەسەر نەخۆش، گەر چاكبووەوە، جارێ نەزانراوە. ڕەنگە دواتر دەربکەوێ.

جا داواتان لێ دەکەم خۆتان بپارێزن و ڕێنومایە تەندروستیەکان جێبەجێ بکەن. با لەمەدا هەموومان تەبا بین.

بۆچی ئەم پەتا جیهانیە لە کوردستان و عێراقدا مەترسیدارترە تا وڵاتانی پێشکەوتووی وەك بەریتانیا، ئەڵمانیا، سوید و ئەوانی دیکە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، لەم چەند هۆکارانەی خوارەوەدا، زۆر بە ساکاری دەدەڕێژم:

- لە کوردستان و عێراقدا سیستمی تەندروستی تەواو داڕماوە و شتێك بەناوی 'سیتمی تەندروست پارێزی گشت' نەك نیە، بەڵکو گۆڕاوە بە 'گەڕەلاوژەی تەندروستی'. بۆ نمونە لە هەموو کوردستاندا، نەخۆشخانەیەکی گشتی دەوڵەت، نیە، کە ئاستێکی بەرزی نێودەوڵەتی هەبێ. تا ئێستا لە کوردستاندا سیستمی ئەمبڵانس نیە. زۆرجار نەخۆش لە هۆکاری گواستنەوە و هەڵگرتن و داگرتندا، دۆخەکەی ئاڵۆزتر دەبێ. خۆ گەر ئێسقانی شکابێ، ئەوا بێگومان، تەندروستی زۆرتر دادەڕمێ.

- پێشینەی تەندروستی زۆر گرنگە لە چارەسەرکردنی تووشبووی کۆڤید١٩. ئەم سیستمە لە کوردستان و عێراقدا دانەمەزراوە. بە نمونەیەك ئایدیاکەم ڕوون دەکەمەوە. گەر من لەسەر شەقامێکی بەریتانیا بێهۆش کەوتم، تەنیا پێویست دەکات ناو و ئەدرەسم بزانرێ بۆئەوەی لە هەموو دەستگایەکی تەندروستیەوە 'پێشینەی تەندروستیم' ببینرێتەوە. من لێرە لەدایك نەبووم، بەڵام بۆ کچەکانم کە لێرە لەدایکبوون، ئەم پێشینەیە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی لەدایبوونیان. بۆچی پێشینەی تەندروستی گرنگە؟ بۆ نمونە ئەو کەسانەی نەخۆشی سنگیان لەگەڵدایە وەك ئەسما، دەبێ لە چارەسەری نەخۆشیەکەدا لەبەرچاوبگیرێ. نەبوونی ئەم پێشینە تەندروستیە، چارەسەری نەخۆشیەکە ئاڵۆزتر دەکات. بۆیە پێویستە 'سیستمی تەندروستی نیشتمانی' هەبێ. هەندێك جار نەزانینی پێشینەی تەندروستی، ژیانی نەخۆش دەخاتە مەترسیەوە، وەك ئەوانەی حەساسیەتیان بە جۆرێك دەرمان هەیە. پێشینەی تەندروستی، تاڕادەیەکی زۆر، جۆری چارەسەر دیاری دەکات.

- پسپۆڕی تەندروستی لە دوای ١٩٩١ەوە کوردستان و لە دوای ٢٠٠٣ەوە عێراقیان بەجێ هێشتووە بە هۆکاری ئابوری، زوڵم، هەڕەشەکردن، سەرانە سەندن، تد. لە عێراقدا ژمارەیەکی زۆریان، بە هۆکاری نەزانراو، تێرۆر کران. ئەوانەش کە ماونەوە کەمیان نەبێ، مەبەستیان خزمەت بە گشت نیە، بەڵکو خۆدەوڵەمەندکردنە. گەر وا نەکەن، ناتوانن لە بازاڕدا بمێننەوە. دوورکەوتنەوەی ئەم پسپۆڕانە، کە ئەزمونی دەیان ساڵەیان هەبوو لە نەخۆشخانەی دەوڵەتدا، وەك مدینة الطب-ی بەغداد، سیستمی تەندروستی زۆرتر داڕمان. ڕەنگە ئێستا سەدان دکتۆری پایەبڵندی بەریتانی، بە ڕەگەز عێراقی بن.

- هێنانی دەرمان لە دەرەوە، بەشێکی دانەبڕاوە لە گەندەڵی بەربڵاوی نێو دەسەڵات، هەم لە عێراق و هەم لە کوردستاندا. ستراتیجیەك و سیستمێك نیە، دەرمانێك بهێنێ کە پێداویستی ناوخۆیە و جۆریان نایابە. دەرمان بەشێکە لە بازرگانی حزبەکان بە مەبەستی دەوڵەمەند بوون - وەك زامەکانی سەرشانی زوحاك تێر خواردنیان بۆ نیە. ئەمە تاوانە بە هەموو پێوانەیەکی نێودەوڵەتی و ناوی بازرگانەکانیش ئەندامی بەرزی حزبەکانن و هەموومان دەزانین. کەسمان ناوێرین بیدرکێنین، چونکە مەترسین لەسە ژیانمان. ئەو بوێرانەش کە ناویان هێناون، ئێستا پەڵەوانی گۆڕستانن.

- لە ئازادبوونی کوردستان (١٩٩١) و عێراقەوە (٢٠٠٣)، نەتوانرا هیچ سیستمێك دابمەزرێ کە پاڵپشتی، تەندروستی گشت بێ. بۆ نمونە ڕایەڵەی کارەبا، ئاو، هاتوچۆ هەموو بە سەرەتایی ماونەتەوە، کە ڕاستەوخۆ یان ناستەوخۆ کاریگەرن لەسەر تەندروستی گشت. بۆ نمونە، گەر ئاو نەبێ، خەڵکی ناتوانن پارێزگاری پاکوخاوێنی خۆیان، دەوروبەریان و ئەو خۆراکانە بکەن کە دەیخۆن. ئەمەش مەترسی نەخۆشی زیاد دەکات. گەر کارەبا نەبێ، نەخۆشخانەکان ناتوانن بکارێن. ژیانی ژنێکی ژانگرتوو و منداڵەکەی، لە نەخۆشخانەیەکی بێ کارەبادا، لە مەترسیدان. بەبێ سیستمێکی هاتوچۆی کارا، نەخۆش لە گەیاندنە نەخۆشخانە دوادەکەوێ و ژیانی لە مەترسیدا دەبێ. لە هەندێك دۆخدا، وەك سترۆك، دەقیقەیەك لە ژیانی نەخۆش کاریگەرە. سەرباری ئەوەش خراپی ڕێگاوبان، ڕووداوی ئوتۆمۆبیل زیاد دەکات و ژمارەی نەخۆش زیادتر، کە دیسان فشار لەسەر سیستمی تەندروستی زیاد دەکەن.

- هەژارکردنی گشت، بەشێکە لە کۆنترۆڵکردن و مانەوەی دەسەڵاتی گەندەڵی حزب و بنەماڵە. خۆشگوزەرانی ئەقڵ و لەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە دەرامەتی خێزان و دواتر کۆمەڵەوەیە. هەژاری و نەخوێندەواری بە هەموو پێوانەیەکی نێودەوڵەتی ڕاستەوخۆ پەیوەندن بە ئاست و قەیرانی تەندروستی کۆمەڵەوە.

- نەخوێندەوارکردنی گشت بەشێکە لە کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات و گەمژەکردنی کۆمەڵ. هەزاران تۆڕی کۆمەڵایەتی ساختەی حزبی و هەزاران کەناڵی میدیا بە دەوری دەستڕۆیشتوویەکی حیزبیدا دەسوڕێنەوە، هیچ پەیوەندیان نیە بە هۆشیارکردنەوەی گشتەوە. بودجەی هەر هەموویان لە خوێنی گشت دەڕوا.

- هەژاری و نەزانی هۆکارن بۆ خۆشاردنەوەی نەخۆش لە 'دەسەڵاتی تەندروستی'. بە پێچەوانەی خەڵکی وڵاتێکی بەئاگای جیهانەوە، کە هەر نەخۆشیان لێ دەرکەوت، خۆیان پەیوەندی بە دەسەڵاتی تەندروستیەوە دەکەن. لە کوردستان و عێراق نەخۆش خۆی دەشارێتەوە تا دانەبڕێ. بەمەش هەم خۆی دەخاتە مەترسی مەرگەوە، هەم خۆشەویستانی دەوروبەری.

- ناڕەوایی کۆمەڵایەتی، ڕقی خەڵکی هەڵساندووە و نایانەوێ هاوکاری دەسەڵاتێکی گەندەڵی ناڕوا ببن. بەمەش دیسانەوە ژیانی خۆیان و خۆشەویستانیان دەخەنە مەرترسی مەرگەوە.

- بەئاگانەبوون - ڕەنگە دەرئەنجامی نەخوێندەواری و هەژاری بێ، لەوەدا دیارە کە تا ئێستا زۆرێکی خەڵکی کوردستان باوەڕیان وایە، گەر خودای گەورە نەیان کوژێ، نامرن؛ بەڵا تەنیا لەلای خوداوە دێ. ئەم بیروباوەڕە سەرەتاییە، گرفتێکی گەورەیە لەسەر تەندروستی گشت. دیارە هیچ ئاینێك ڕێنومایت ناکات، ژیانی خۆشەویستان و خەڵکی بێ تاوان بخەیتە مەترسی مەرگەوە. هەموو کتێبە ئاسمانیەکان پێمان دەڵێن، ئەوەی کەسێك بکوژێ، وەك ئەوە وایە هەموو کەسێکی کوشتبێ.

- حزبەکان، نەخۆشیەکەیان بە سیاسەت کردووە. میدیای هەولێر باس لە زۆری نەخۆش لە سلێمانی دەکات؛ ئەوەی سلێمانیش باس لەوەی هەولێر دەکات. هەر حزبە و دەیەوێ شکستی لایەنەکەی دی بخاتەڕوو. دیارە هەردووکیان شکستیان خواردووە. دەستگایەکی نیشتمانی نیە ئامار کۆبکاتەوە و پلان دابڕێژێ بۆ پەتاکە.

- لەم گەڕەلاوژێیەدا، نازارێ ژمارەی تووشبووان چەندە، کە دیارە ئەمە بەردی بناغەی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایەیە.

- سیستمی خوێندن و خوێندنی باڵا، هیچ پەیوەندیان بە پێشخستن و پەرەپێدانی کۆمەڵەوە نیە. سیستمی خوێندن دەبێ بەشێکی دانەبڕاو بێ لە بەئاگاهێنانەوەی گشت و پێشخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵ و نیشتمان. بۆ نمونە دەکرا سیستمی خوێندن بەشدار بێ لە پەرپێدانی ئابوری کۆمەڵدا، وەك ئاژەڵداری، کشتوکاڵ، پیشەسازی، تەندروستی، تد. دەبووایە کادیری پێشکەوتوو پەروەردە بکرابا بۆ بە بەهرەمەندکردنی تواناکای کۆمەڵ. ئێستا زانکۆکان، گەڕەلاوژێیە، پەیوەندی بە ژیانی خەڵك و خۆشگوزەرانیانەوە نیە. زۆر لە زانکۆکان دەستگای حزبین؛ ئایدۆلۆجی دواکەوتووی حزب پەخش دەکەن، کە بونیادی کۆمەڵی کورد دەتوێنێتەوە و دەیکات بە قەتەری، تورکی و ئێرانی.

لەبری دابەشکردنی زەویوزاری کشتوکاڵی بەسەر مەسئولە حزبیەکاندا، دەکرا ئاژەڵداری و کشتوکاڵ لەسەر ئەم زەویانە پەرەیان پێبداریە.

- ئامانجی سەرەکی دەسەڵاتی ئەمڕۆی کوردستان و عێراق، خزمەتگوزاری نیشتمانی نیە، بەڵکو دەوڵەمەندکردن و مانەوەی خۆیان و سەرکوتکردنی گشتە. زۆرینەی ڕۆشنبیران و میدیاکارانیش لە خزمەتیاندان و بەشێکن لە تاوان.

بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵ و نیشتمان، پێویستە سیستمی خوێندن، ئاو، کارەبا، تەندروستی، ڕێگاوبان و هاتوچۆ، وەبەرهێنان، پۆست، ئینتەرنێت، تد، بە ستراتیجیەکی نەتەوەیی ڕێکبخرێ، کە بنەماکانی لە ئەزمونی گەلاندا ڕەگوڕیشەی داکوتاوە.
به‌روار:  09/06/2020
302   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   784
کۆی سه‌ردان:   29234255