لە هێرشەكەی توركیا لە قەزای ماوەت دو گەریلا شەهیدبوون
یەكینەكانی پاراستنی رۆژهەڵات، باڵی سەربازی پژاك ئاشكرایكرد لە هێرشەكەی چەند رۆژی رابردوی توركیا لە سنوری قەزای ماوەت دو گەریلایان شەهیدبوە، دەشڵێت بەڵێن ئەدەین کە تۆڵەی شەهیدان بە بەدیهێنانی ئامانج و ئارەزوەکانیان کە ئازادی گەل و نیشتمانە بستێنین و تێکۆشانی خۆمان بەهێزتر بکەین.

 
دەقی راگەیەنراوی یەکینەکانی فەرماندەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان:

بۆ رای گشتی لە هەمبەر دەسکەوتی گەلی کورد، دەوڵەتانی داگیرکەر بەردەوام خەریکی هێرش و قڕکردنن. بەتایبەت دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورک هێرشی نرخ و دەسکەوتی تەڤگەری ئازادیی لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات. ئامانجی دەوڵەتی دژە مرۆڤی تورکیە تەسلیم گرتن و لە ناوبردنی هەموو کوردانە و بە بێ جیاوازیی لە باکور، باشور، رۆژئاوا و رۆژهەڵات درێژە بە دەست درێژییەکانی خۆی دەدات.

 

مخابن ئەو داگیرکاریانە بە یارمەتی و لە رێگەی کوردی خائنەوە پێک دێنیت. لەو چوارچێوەیەدا شەوی ٢٦ی مەی رێکەوت لە گەڵ جۆزەردان کاتژمێر ١١ و ٤٥ دەقە، لە کاتێکدا دوو هەڤاڵمان لە گەڵ سێ وڵاتپارێز کە بۆ میوانی سەردانی هەڤاڵانی ئێمەیان کردبوو، لە نێو ماشینێکی مەدەنی دا، لە هەرێمی ئاسۆس لە نێو گوندی سەفرە، بە کوردینەی فڕۆکەی سیخۆڕی دەکەونە بەر هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی ئەرتەشی داگیرکەری تورک و هەر پێنج شەهید دەبن.

 

ئەو رووداوە جارێکی تر سەلماندی کە بە بێ هەبوونی دەستی خیانەت، دوژمن ناتوانێت بگاتە ئامانجەکانی و کارەساتی لەو چەشنە رووبدات. لەو هێرشەدا دوو رێ هەڤاڵمان بە ناوەکانی رێباز سنە و زنار بروسک شەهید دەکەون هەر وەها ناسنامەی ئەو سێ وڵاتپارێزە لە داهاتوودا بۆ رای گشتی رادەگەینین.

 

هەڤاڵ رێباز سنە وەک گەنجێکی رۆژهەڵات ئەو زوڵم و زۆردارییەی کە لە سەر گەلی کورد بە گشتی بەڕێوە دەچێت قبوڵ نەکرد و بۆ وڵام دانەوەی داگیرکاریەکانی دووژمن، رووی لە چیا ئازادەکانی کوردستان کرد و بەشداری ناو ریزی گەریلای ئازادی کوردستان بوو. شەهید رێباز هەر لە سەرەتای بەشدار بوونیەوە بە پابەند بوون بە فکر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ و خۆشەویستی گەل و نیشتمان زۆر بە زوویی خۆی گەیاندە ئاستی ملیتانی ئاپۆیی و ئەرک و بەرپرسیاریەتی شۆڕشگێڕی گرتە ئەستۆ. هەر وەها لە نێو هەڤاڵانیدا نمونەیەک لە جوانی و خۆشەویستی بوو. هەڤاڵ زنار بروسک جەوانێکی خەڵکی شاری خۆی سەر بە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. هەڤاڵ زنار هەەر لە منداڵیەوە تەڤگەری ئازادی کوردستان دەناسێت و هەست بە داگیرکاریی و بێ عەداڵەتی دووژمن دەکات.

بۆ بەرەنگار بوونەوەی زەخت و زۆرێک کە لە سەر گەلی کورد بەڕێوە دەچێت روو لە تەڤگەری ئاپۆیی و بەشداری ریزی گەریلاکانی ئازادی دەبێت. هەڤاڵ زنار بە بڕیار و هەڵسوکەوتی خۆی لە نێو هەڤاڵانیدا پێشەنگایەتی کرد و هەتا دوایی لە سەر رێبازی رێبەر ئاپۆ تێکۆشا. ئێمە وەک یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان YRK بۆ شەهید زنار و شەهید رێباز و هەر سێ شەهیدی تر سەرەتا پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدان و هەموو گەلی کورد دەکەین و لە کەسایەتی ئەواندا یادی هەموو شەهیدانی رێگای ئازادیی بەرز رادەگرین.

بەڵێن ئەدەین کە تۆڵەی شەهیدان بە بەدیهێنانی ئامانج و ئارەزووەکانیان کە ئازادی گەل و نیشتمانە بسێنین و تێکۆشانی خۆمان بەهێزتر بکەین. هەر وەها بانگ لە گەلی خۆمانی وڵاتپارێز دەکەین کە بەو پەڕی رێزەوە خاوەنداری لە شەهید و بنەماڵەی شەهیدان بکەن و لە دژی داگیرکاری و خیانەت تێبکۆشن و ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیان پێک بینن.

سڵاو و ڕێزی شۆڕشگێری فەرمانداریی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان YRK
کەی ئێن ئێن


به‌روار:  30/05/2020
266   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   239
کۆی سه‌ردان:   29231595