(لەکتێبی زمانی دادگاکان )ـەوە .. دیدارى کاک نەوشیروان
قوبادی جەلیزادە
دیداری بەڕێز کاک نەوشیروان مستەفا
ساڵانێک بوو ماڵم لەسلێمانی بوو، بەڵام شەرەفی ئەوەم پێنەبڕابوو بە خزمەت کاک نەوشیروان بگەم. کەچی دوای ئەو ماوە نیمچە درێژە دووجار ئەو هیوایەم هاتە دی. جارێک وەک شاعیر لەگەڵ هاورێی تەمەنم (محەمەد موکری) نەمرو جارێکیش وەک دادوەر بەیاوەری بەرێز (حاکم کەمال مستەفا قادر) سەردانەکەمان لەگەل موکری - کە پێشنیازی ئەم بوو- بۆ بەخێر هاتنەوەی بوو کە لە دەرەوەی وڵات هاتبۆوە، ئەوەی دیکەش بۆ کاروباری دادگا بوو. هەر دو دیدارەکەش، وا رێککەوت لە سێبەری دو ئیدارەیی دابو. هەولێر- سلێمانی. ئەمن بەر لەوەی کاک نەوشیروان ببینم، لای خۆم ولە خۆمەوە وێنەیەکی ئەو بەڕێزەم لە مێشکو هزرو خەیاڵی خۆمدا کێشابو.

من قەت پێم وا نەبوە، تا ئەوکاتەی کاک نەوشیروان یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بەجێهێشت، بەڕێزییان جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بو بن و بەس، بەڵکو هەمیشە وەک سکرتێری مکرر-موکەڕەڕ- (هاو سکرتێر)ی یەکێتی بینومە. ئاخر سەنگ و قورسایی کاک نەوشیروان لەئاستێکدا بو، کە من یەک لەبارەخۆم هەڵە نیم کە ئاوای وێنا بکەم. پێگەو پایەی کاک نەوشیروان خۆ هەر لای بەڕیز مام جەلال رەنگێکی ئەرێنی نەدابوەوەو بەس، بەلکو لەناو مەکتبەی سیاسی یەکێتی وناو ئەلقەکانی رێکسختنی ئاشکراو نهێنی و ناو هەمو کادرو پێشمەرگەکانی یەکیتیش و ناو تەواوی باڵەکانی یەکێتیش. هەر ئەوەندەش نا، پلەو پایەی مەعنەوی نەوشیروان مستەفا، تخوبی رێکخستەکانی یەکێتی تێپەڕاندبو و بەتەواوی پەڕیبوەوە ناو تەواوی هیزە کوردییەکانی باشورو تەنانەت کوردسانی گەورەش.

کاک نەوشیروان بەتەنیا وەک پێشمەرگەیەکی شۆڕشگێرو جێگری سکرتێری حزبێک سەیر نەدەکرا، پلەو پایەی نەوشیروان مستەفا لە کایەی بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلەکەماندا، لەزۆر لە سەرکردەی ئەم حزب و ئەو حزب باڵاتر بو. من وای تێدەگەم، کە زۆربەی حیزبەکانی دەرەوەی یەکێتیش وەک جۆرێک لە (مەرجەعییەتی سیاسی) تەماشایان دەکردو هەر لەم گۆشەنیگاو روانگەوە، مامەڵەیان لەتەکدا دەکرد.. جگە لەوەی لەنێوەندی ئەدەبیشدا قەلەمێکی هەوەنتە نەبو.

بەرێز نەوشیروان مستەفا لە قەراراتی نەفسی خۆیدا، خۆی زۆر لەوە بە گەورەتر دەدیت، کە جێگری یەکەمی سکرتێری حزبێک بێت، یان کەسایەتی دوەمی ناو ریکخستنێکی سایسی بێت، لەو خۆبینینەدا، ئەو تەنیا نەبو، بەڵکو جەماوەرێکی زۆریش هەر ئاوا کاک نەوشیروانیان دەبینی. هەر ئەوەش بو وای لێکرد کە ئیدی ئەگەر لەناو یەکێتی نیشتمانیدا، نەتوانیت بەرنامە چاکسازییەکەی پیادە بکات، ئەوا دەکرێ لە دەرەوەی بازنەی ئەو حیزبە و لەکایەکی دیکەی رێکخراوەییدا، جێبەجێی بکات.
من پێم وایە، ئەوەی وای لە کاک نەوشیروان کرد، لە ناو بازنەیەکی دیکەی سەربەخۆدا درێژە بە خەباتی سیاسی بدات و ماڵئاوایی لە حزبەکەی خۆی بکات، ئەو بێ ئومێدییە بو کە ئیدی پێی وابو چاکسازی لەناو یەکێتیدا، بوە بە مەحاڵ و وای بۆ دەچو ئیدی دەرەقەتی تەخت کردنی ئەو لەمپەرو کۆسپانە نایەت کەلەبەردەم خەونەکانیدا قیت ببونەوە. دەنا ئەو پردەی مام جەلال و کاک نەوشیروانی بەیەکەوە دەبەستەوە، پردێک بو لە رێزو خۆشەویستی، پردێک بو لە خەباتێکی دورو درێژی بێ پسانەوەی هاوبەش.
هەمو رێکخستنێکی سیاسی کە باڵباڵێنەو تەکەتول وفرە هێزی تێکەوت، ئەستەمە باڵێک لە باڵانە بتوانێت بەرنامەی خۆی بەسەر هیزەکانی دیکەی ناو حزبەکە بسەپێنێت.
کاک نەوشیروان، جگە لە پایە بڵندەکەی خۆی وەک سایسەتمەدار، نوسەر بو ئەدیب و، زمان زان بو، شرۆڤەکاری سایسی بو، خوێنەوەی تایبەتی خۆی هەبو بۆ روداوەکان، لێکدانەوەی تایبەت تارادەی پێشبینی. لە نوسینی هیندێ بابەتی فیکری وەک بیرمەند دەردەکەوت. ئەو سیمایانەش لە سەرکردەی سایسی ئەمڕۆو دوێنێدا، یەجگار دەگمەنن.
هەر دو دیدارەکە لە ماڵەکەی خۆیداو لە گردی عەلی ناجی لە شاری سلێمانیدا بو. ئەم دو دیدارە، وینایەکی تایبەتییان لە یادەوەری مندا، سەبارەت بەو سەکردەیە رەنگرێژ کرد.


ئەمن لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری سەرکردەکانی بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلەکەمان دانیشتوم، بەتایبەت کەسایەتی یەکەمی حزبەکان هەر لە بەڕیز مام جەلال و بەریز کاک مەسعود بارزانییەوە بیگرە تا دەگاتە بەشێک لەسەرکردەی حیزبەکانی رۆژهەڵات. هەستم دەکرد کاک نەوشیروان لەهەر مەمویان جیاواز تر بو. بەداخەوە سەر کردە هەن، دوای بینینیان، هیچ ئاسەوارێکت لا جێناهێلن و..


کاک نەوشیروانم وا دەبینی کە لە ئەسڵدا کەپکە شاخێکی سەخت بوبێت و لە کون فەیەکونێکدا بوبێت بە مرۆڤ و سەرکردە. لە دیداری ئەودا، تیورە ئایینەکەی تناسخ الارواحم “کۆپی کردنی روحەکان”م وەبیردەهاتەوە، بەڵام ئەو روحەی کە جارێکی تر لەجەستەی کاک نەوشیرواندا، گیرسابوەوە گەشەی کردبو، روحی رۆحلەبەران نەبو، بەلکو روحی کەپکە شاخێکی بڵندو سەر سەخت بو.


تکایە ئەم دیدەی من وا لێکنەدرێتەوە کە من کاک نەوشیروانم وەک پیاوێکی نامیهرەبان دڵرەق بینیوە نا تکایە.. من ئەم سیفەتەم وەک لایەنێکی ئەرێنی تەماشام کردوە.


پێم خۆشە لەم ئەلقەیەدا ئەوەتان بۆ بگێڕمەوە:
تازە مام جەلال کۆچی کردبو، هاورێیەکی سیاسەتمەدارو هۆشیارم میوان بو گوتی:
لەکۆبونەوەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا، بەتایبەت گەرئەو بابەتەکەی گفتوگۆی لەسەر دەکرا هەستیار بوایەو پەیوەست بە دەوڵەتەکانی دەوروبەر بوایە، مام جەلال یەکێک لەم دوانەی بۆ گفتوگۆکە هەڵدەبژارد:
یان ئەوەتا خۆی دەستی دەکرد بەقسە و بیرا راکانی خۆی دەخستە رو، پاشانیش ئەندامانی مەکتەبی سایسی یەکە یەکە قسەی خۆیان دەکرد.
یان داوای دەکرد کە ئەوان پێش مام جەلال سەرنج و بۆچونی خۆیان بخەنە رو. جارێکیان مام چەلال رو دەکا کاک نەوشیروان دەلێ: با لەلای چەپەوە و لەکاکە نەوەوە دەست پێبکەین. کاک نەوشیروانیش دەلێ نا تۆ مامۆستا و عەقلەکەی جارێ خۆت فەرمو قسە بکە. مام جەلایش وەلامی دەداتەوە و دەلێ: ئەگەر من عەقلەکەش بم، ئەوەت بیر نەچێت کە تۆ کلیلی عەقلەکەی منیت.
میوانەکەم دوای ئەم قسانە گوتی: بارودۆخێکی ئالۆزە، چونکە ئیستاکە نە عەقلەکە لە گۆڕەپانەکەدایەو و نە کلیلی عەقڵەکە.
ئەو پردەی کە مام جەلال و کاک نەوشیروانی بەیەکەوە دەبەستەوە، پردی گۆڕینەوەی رێز وخۆشەویستی بو، پردی خەباتی هاوبەش و درێژ خایەن بو بۆ یەک ئامانج و هیوا. ئەم دو بەریزە ئەگەر لە پراکتیک و تەکتیکدا، هێندێک جار ناکۆک بوبن ئەوا لە ستراتیجدا، یەک ئامانج کۆی کردونەتەوە.
بەحوکمی ئەوەی دادوەربوم و بە پێی یاسای ئەنجومەنی دادوەری، دادوەر بۆی نییە ئەندامی هیچ حزبێک و رێکخراوێکی سیاسی بێت، بۆیە لە نزیکەوە ئاگام لەوردە کاری سەرهەڵدانی کۆمپانایی وشەو بزوتنەوەی گۆڕان نییە، بەڵام ئەوەندەی بیستومە، ئامانج لە سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆ کردنەوەی یەکێتییە ناڕازیەکان بولەناو ئەم رێکستنە تازەیە، لە ترسی پەرت بونیان و مانەوەی بزوتنەوە کەش لەناو خیوەتە گەورەکە، - یەکێتی - وەک نیچمە بەرەیەک، کەچی دواتر بەلایەکی دیکەدا شکایەوە.
من کاک نەشیروانم، دوای ئەو دو دیدارە ئاوا بینی، کە لەم چەند خاڵەدا کۆیان دەکەمەوە:
دو دیدارەکەی
بەرێز کاک نەوشیروان


یەکەم دیدار
موکری، هاورێی تەمەنم، گوتی کاک نەوشیروان هاتۆتەوە بۆ بەیەکەوە سەردانێکی نەکەین؟. زۆرم پێ خۆش بو چونکە تا ئەوکاتە کاک نەوشیروانم لەنزیکەوە نەدیبو (ساڵەکەم بیرچۆتەوە).
چوینە ماڵەکەی خۆی لە سلێمانی لە گردەکەی عەلی ناجی، تا ناوباخەکە بەپیرمانەوە هات. بە فەرمون فەرمون، پێشمان کەوت و لەژورێکا بەخێری هێناین و ئیدی لەگەڵ موکری کەوتنە قسە کردن وگفتوگۆ، من تەنیا گویم لێ دەگرتن. کاک نەوشیروان هاتە سەر باسی شۆڕشی رۆشنبیریی و کوتی: لەرابردوی نزیکدا و لە وکوردستانی عیراقدا، کورد دو شۆرشی چەکداری بەرپا کردوە، شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی تازە، هەریەکەو بە بەرنامەیەک و سترایجی جیاوازی خۆی، بەڵام لەپاڵ ئەو دو شۆڕشەدا، نەتوانرا شۆڕشێکی روناکبیریش لەپاڵیدا بەرپا بکرێت. لەشاخ ئەو ئیمکانییەتە لەبەردەستا نەبوە تا ببیت بە کەرەستەی جولانەوەیەکی روشبیریی سەرتاسەری، ئیمە لەرێی دەزگاکانی راگەیاندنی خۆمانەوە، هەر ئەوەندەمان پێ دەکرا، هێزی پێشمەرگەی کوردساتن هۆشیار کەینەوە و زیاتر ورەی ئازایەتی و قارەمانەتییان تیادا بچێنین. لەرێی چەند ئەڵقەو کۆبونەوەیەکی فیکریو روناکبیریدا، روداوەکانمان بۆ پێشمەرگەو کادرەکان لێکدەدایەوە، قسەمان لەسەر پێشبینی وئەگەرەکان بۆ دەکردن.
بەردەوام بو و وتی: ئەو خەونە نەک لەشاخ مەحال بو من ئیستاش بە مەحالی دەبینم، لەبەر نەبونی خێتابێکی کوردی یەکگرتو، خۆ قەلەمێک و دو قەڵەم و چەپکێک قەلەمیش دەرەقەتی ئەو شۆڕشە فیکری ورۆشنبیرییە نایەن، دەبێ هەولەکان کۆبکرێنەوە بە سیستماتیک بکرێت. جگە لەوەی زۆربەمان هەر بە عەقلیەتی شاخ، لەناو شاریشدا، مامەلە لەگەڵ خەلک و روداوەکاندا، دەکەین.
کە لەشاخ بوین کاک موکری، خۆت لەوە باش ئاگاداری کەزۆربەی نوسەرو قەڵەمە دیارەکانی ناو شار. لەگەڵ ڵ شوڕشا بون وبەناوی نهێنییەوە بەرهەمەکانیان بڵاو دەکردەوە. بەشێکی یەکجار کەم قەڵەمەکانیان فرۆشتبو. قەلەم فرۆشەکان هەم لەژمارەو هەم نەوعیەت زۆر کەم بون. هیندێکیان رەنگە هەر بۆ نان پەیدا کردن، بۆ دوژمنیان نوسی بێت، هەرچەندە من لەگەڵ پەیدا کردنی نانێک نیم کە لەو رێگایەوە دەست کەوێت. نوسین وئەدەبیاتی ئەو گروپەش، هێندە لاوازو بێ نرخ بو نەچوە تە ناو مێژوی ئەدەبیاتی ئەو سەردەمەوە و هەر لەگەڵ لەدایک بونیا، کفنی خۆی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبو.
بەرەی کوردستانیش دوای راپەرێن هەر زو لێبوردنی گشتی دەرکر و چاوی لەهەمو ئەوانە پۆشی کە زیانیان بە جولانەوەی کوردایەتی گەیاندوە، تەنانەت ئەو لێبوردنە جاش و موستەشارو.. جا چجای نوسەری بودەڵە. من بەتەواوی لەگەڵ لێبوردنەکە بوم، خۆ نەدەکرا شەڕی ئەوهەمو جاشە بکەین کە ژمارەیان دە ئەوەندەی ژمارەی پێشمەرگە دەبو.
دوای کەمێک بێ دەنگیی، نازانم بۆ لەم باسە روناکبیرییەوە موکری باسەکەی بردە لایەکی دیکەو پرسیارێکی رەخنە ئامێزی لەکاک نەوشیروان کرد و گوتی:
کە یەکێتی لەشاخ بو، لەناو شاری سلێمانی و لەرێی لیژنەی ئیغتلاتەوە، زۆر کەسی تەسفیە کرد، دیارە ئەم ئیشانە لەخۆوە نەکراون و خەلکی موستەحەقی گرتۆتەوە، بەڵام پێم سەیربو دوای راپەڕین، شاندێکی بالای یەکێتی سەردانی نەخۆشێکیان کرد، کە کاتی خۆی و لەسەردەمی بەعسدا یەکێتی خۆی بەمەبەستی کوشتنی تەقەی لێکردبو... (موکری ناوی ئەوکەسەی هێنا!).
کاک نەوشیروان کەمێک بەو قسەیەی موکری قەڵس بو کوتی: کاک موکری وا نییە، ئایا تۆ پێت وایە هەرچی ئەو سەردەمە ئیغتیال کرابێت یان تەقەی لێکرابێت، ئەوە یەکێتی کردویەتی. نەخێر هەر گیز وانییە. بەعس ژێر بەژێر زۆر رەفتاری ناشیرینی دەکرد، تا سومعەی شۆڕشی پێ لەکەدار بکات. دڵنیابە ئەو کەسەی تۆ ناوت هێنا ئێمە تەقەمان لێنەکردوە..
پێش ئەوەی هەستین کاک نەوشیروان قسەیەکی زۆر مێژویی کرد، کە تا ئیستاش لەگوێاما دەزرینگێتەوە؛
(تکایە هەوڵ بەن قەڵەمەکانتان بە پاکی بهێڵنەوە، چونکە هیندێ جار شۆڕشی چەکداری وا دەکات بەبێ ویست وحەزی خۆیان، نوکی هێندێک قەلەم خوێناوی ببن).


دوەم دیدار
(حاکم کەمال مستەفا قادر) لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان، لەکۆیە حاکم بو. ئەوکاتە من لێکٶلەری دادی بوم. مرۆڤێکی نیشتمان پەروەر بو، زۆر خزمەتی لادێ نشینەکانی دەکرد. رۆژانە لە بەردەرگای ژورەکەی خۆی، بەپیوە دەوەستا، قاچێکی دەخستە سەر کورسیەک و لەسەر رانی، مامەلەی ئەو خەلکە کەی بە روێکی خۆشەوە راهی دەکرد.
جارێکیان پێی گوتم:
(لادێ: ئوتێل و مەتعەم وسەنگەری پێشمەرگەیە، ئەو لادێ نشینانە نەبن، پێشمەرگە چۆن دەتوانی درێژە بە شۆڕش بدات، بۆیە خزمەت کردنی ئەمانە بە ئەرکێکی پیرۆزی ئینسانی و نەتەوەیی دەزانم.
ئێمە ئەگەر نەتوانین چەک هەڵگرین و ببین بە پێشمەرگە با هیچ نەبێ لەم رێگایەوە خزمەتێکی ئەم خەلکە رەش و روتە بکەین، کە پشت وپەنای پێشمەرگەن).
لەسلێمانی، حاکمی دادگای گوناه بوم، دادگای تاوانی بچوک (کەتن)، بەرێز حاکم کەمال سەردانێکی کردم وتی: حەز دەکەم بەیەکەوە سەردانێکی کاک نەوشیروان بکەین، وتم بەچاوان ئەمر دەکەی. بەبێ ئەوەی لە موناسەبەی سەردانەکە بپرسم!


زۆر بەگەرمی کاک نەوشیروان پێشوازی کردین. کە دەستی بە قسە کردن کرد زۆر بەتوندی دابەزییە سەر بەرپرسانی ئیدارەی سلێمانی و بەگەندەڵ ونەزان تۆمەتباری دەکردن. لەیەکێک لە قسەکانید وتی: بەکەیف و مایەشای خۆیان پارە پولی دەوڵەت و عەرزەو خانو بەرەی وملکی گشتی بەسەر خەلکی دەوروبەریان دابەش دەکەن، بەدەر لەهەمو رینماییەکو یاسایەو پرەنسیپێک. وا تێدەگەن بەم بەخشینە دەتوانم جەماوەر لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە.، ئیدی دەبێ سنورێک بۆ ئەم دیاردە ناشارستانییە دابێین. پاشان گوتی: مام جەلال دەستی والا کردوم کەئیدی سنورێک بۆ پێشیکاری وگەندەڵی دابنێین و بەهەمو دام و دەزگاو وەزارەت وجومگەکانی حکومەت دابچینەوە. دادگاش یەکێک لەو جومگە سەرەکیانەن کەدەبێ لەهەمو پیس وپۆخڵی و ناڕێکییەک، پاکی بکەینەوە کە گەندەڵی بگاتە دادگا، ئیدی ئومێدێک بۆ خەلک نامێنێتەوە وئیتر دادگاکان بەتەواوی سیقەی خەلکی دەدۆڕێنن. ئەگەر سیقەیەک ماوە لای خەلک با فریای کەوین و نەهێلین لە بێن بچێت.
کاک نەوشیروان وتی:
کاک کەمال ئێمە پێمان چاک بوە کە تۆ سەرۆکایەتی دادگای ئیستیفافی سلێمانی وەربگریت وئەوەی بۆ راست کردنەوەی باری دادگاکان دەیکەی ئیمە هاوکاریت دەکەین و پشتت دەگرین. کاک کەمال سپاسی کرد و پێی وت:
بەس کاک نەوشیروان حەز دەکەم نوسراوێکم بدەیتێ ئیمزای خۆتی بەسەرەوە بێت، کە من لەسەر داوای بەریزتان سەرۆکایەتیەکە وەردەگرم، نەوەک کەسانێک لێکدانەوەی خراپی بۆ بکەن و پێێان وابێت هەوڵم داوە جێگە لە خەلک لەق بکەم وشوێنەکەیان بگرمەوە!
ئەوەندی بیرم بێت کاک نەوشیروان یەکسەر هەستا و چوە ژورێکی تر، دوای ماوەیەکی کورت هاتەوە نوسرواێکی تایپ کراوی هێنا کە واتێدەگەم هەر خۆی تایپی کرد بو بەبارچاوی ئیمەوە ئیمزای کردو دایە کاک کەمال. - فەرمو کاک کەمال-.
دوای ئەوە کاک نەوشیروان روی کردە من و وتی: کاک قوباد تۆ شاعریش و حاکمیشیت چۆن توانیوتە و دەتوانی هاوئاهەنگی لەنێوان ئەو دوکارەتا بکەی، رەنگە ئەو تەوفیق کردنە ئاسان نەبێت، چونکە لەروالەتدا زۆر لەیەکەوە دورن.


وتم بەلێ وایە و راست دەفەرمون، شیعر نوسین هەڵفرینە بەباڵی هەلٶ، لەئاسۆیەکی بێ تخوب، بەڵام ئیشی دادوەر وەک ئەوە وایە ئیش لەناو قەفەسێکدا بکەی، چونکە ئیش کردنە لە فەزایەکی بەرتەسکی یاساو یاساکاری و پابەند بونە بە مادەو بەندەکانی یاساوە، بەڵام خالێکی گرنگ بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە، کە بژار کردنە. لە جێبەجێ کردنی یاسا و پیادە کردنی عەدالەتدا، بژار کردنی کۆمەڵە لە دزو جەردەو گەندەڵ و... شعر نوسینیش بژار کردنی باخی ژیان وزمان و جوانییە لە دڕکو داڵ وگیای بیژو داری زڕ..
هەستاین و ماڵئاواییمان کرد. من داوام لە کاک کەمال نەکرد ناوەرۆکی نامەکە ببینم و ئەویش نەیخستە بەردەمم.


من کاک نەوشیروانم، دوای ئەو دو دیدارە ئاوا بینی، کە لەم چەند خاڵەدا کۆیان دەکەمەوە:
١- تاسەرئیسقان خاکی. خاکی لەپۆشاک و لەهەڵسان و دانیشتن وگفتوگۆ. دور لەهەمو ئەتەکێتێکی بێزار کەر کە ئیحای لوت بەرزی و خۆ بەزلزانینت بداتێ، وام دەهاتە بەر چاو کە لەبن کەپری فەلاحێک لامان داوەو جامێک دۆ دەخۆینەوە. لە هەردو دیدارەکە کاک نەوشیروانم بە جلی پێشمەرگانەوە بینی. وام هەست دەکرد جلو بەرگی حیمایەکانی بەردەرگەی، کەژمارەیان زۆر کەم بون، لەهی ئەو گران بەها تر و شیک تر بن.


٢- لەپشت ئەو سادەیی و خاکی بونەدا، کەسایەتییەکی یەکجار بەهێز و سەرنج راکێش، دەدرەوشایەوە، کە مرۆڤ لەبەرامەریدا، توشی وێک هاتنەوە دەبو، وێک هاتنەوە بەمانای بچوک بونەوە نا، بەلکو بەو مانایەی کە دەبوایە زۆر ترین پانتایی قسە کردن بۆ ئەو بەرێزە جێبێڵیت و جار جارەش بە بێویستی خۆت، دەبوایە سەیریکی خۆت بکەی وبە جۆری دانیشتنەکەت دابچیتەوە و قاچت جوت کەیت و بزانیت چۆن جولە بە دەستەکانت دەکەی و لەکوێی دادەنێی: لەسەر دەسکی قەنەفەکە یان پەنجەکانی هەردو دەستت دەخەیتە ناو یەکو لەسەر رانەکانتی دادەنێی. من خۆم ئاوا بینی، جا نزانم خەلکی دیکەش وا بوبن یان نا!نا ئارامییەکی شیرین دەستی لێ هەڵنەدەگرتم.


٣- دەنگێکی زۆر تایبەت لە قسە کردندا، کە بەححەیەکی غەریبی تێدا بو. ئەودەنگە کەسایەتیەکەی ئەوەندەی تر بەهێز کردبو. من خۆم بەش بەحاڵی خۆم دەنگم بەلاوە گرنگە دەنگی پڕو تێر، کاریگەری گرنگیش لای گوێگر جیدێلیت.


٤- لەو دو دیدارەدا، کەرەنگە بە هەردوکیان سعات ونیوێکی خایاندبێت، هیچ زەردەخەنەیەکم لە روخساری کاک نەوشیرواندا نەبینی، من بۆ خۆم ئەو حالەتەم بۆ ئەوە دەگێڕایەوە کە هەمو ئەو بابەتو پرسانەی بەریزیان قسەی لەسەر دەکردن، بابەتی جدی وهەستیاربون. رەنگە کاک نەوشیروان پێی وابوبێت، کە پێکەنین ونوکتە ناکرێ بکرێت بە ناوبڕ و ناوئاخنی بابەت و پرسە گرنگو چارەنوس سازو هەستییارەکان، رەنگە پێی وابوبێت پێکەنین وگاڵتە کردن رەنگی مەسەلەکان کاڵ بکاتەوە.


٥- پرسیار کردن و رادەربڕین وگفتوکردن لەگەڵیدا ئاسان نەبو، پێم وابو لەهەمو کاتیکدا، دەکرێ توڕە بێت تارادەی روشکان. مرونەتێکی یەجگار کەمم تیا دەبینی. وای لێتێدەگەشتم کە خۆی وادەبینی، بیبەرییە لەو هەڵە ئیداری و سیاسیانەی سەرکردەی دیکە دەیکەن، بڕوایەکی لەرادەبەدەری بەخۆی بو کە دەتوانێت زۆر شت بگٶرێت و زۆر باری لار لە ئیدارەی سلێمانی ی راست کاتەوە.


٦- کە سەیری دەکردیت، پێم وابو بەوردی دەتخوێنێتەوە، بەباشی ناخت دەبینێت.


٧- فرمێسکی پەرۆشی و خەمخۆری ودلسۆزیم بۆ خاک وگەلەکەی، لەچاوەکانیدا بەدی دەکرد.


٨- لەشۆڕشگێرێکی ماندو خەمگین دەچو، هیلاکی و ماندونەکەی لەوە سەرچاوەی گرتبو، وای دەبینی کەهاورێ خەباتگێرەکانی شاخی، لەشاردا خەریکە لاڕێ دەبن وپشت دەکەنە ئەو بەهایانەی لەشآخدا لەسەری رێککەتبون و گۆشکرا بون!

به‌روار:  27/05/2020
337   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   557
کۆی سه‌ردان:   29229866