به‌رازیل هێدی هێدی ئه‌مرێت
لوقمان غه‌فوور
تا دێت به پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌كانه‌وه، مردن له به‌رازیل ههڵهكشێت. چوار رۆژه به‌رازیل په‌یتا په‌یتا، رۆژ نییه هه‌زار كه‌سی نه‌مرێت، له‌كاتێكدا دۆخی ئابووری به‌رازیل وه‌ك ئه‌مریكا نییه و به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو مه‌رگه ناگرێت.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌رازیل به رۆیته‌رز-ی راگه‌یاندووه، وڵاته‌كه‌یان دووه‌مین دۆخی گه‌رمی مردنی هه‌یه له جیهاندا به‌هۆی كۆرۆنا ڤایرۆسه‌وه و كه‌وتۆته دوای ئه‌مریكاوه له‌ژماره‌ی تووشبواندا.
تا رۆژی 23ی ئایار ژماره‌ی كه‌یسه‌كانی كۆرۆنا ڤایرۆس له به‌رازیل گه‌یشته نزیك 341 هه‌زار كه‌یس و پێش روسیا كه‌وت. ئێستا به‌رازیل دووه‌مین وڵاتی ریزبه‌ندی جیهانه.
ته‌نیا رۆژی هه‌ینی 22 ی ئایار، هه‌زار و 234 كه‌س مردووه، كه ئه‌مه گه‌وره‌ترین ژماره‌یه تۆماركراوه له‌وڵاته له یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه. به‌مه‌ش ژماره‌ی مردن به‌هۆی كۆرۆنا ڤایرۆس له به‌رازیل گه‌یشته 21 هه‌زار و 680 كه‌س.
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی رۆیته‌رز، ساوپاوڵۆ گه‌وره‌ترین زیانی به‌ركه‌وتووه. لێدانی قه‌بر به درێژی سه‌دان مه‌تر له‌ناوچه‌یه‌ك كه خۆلێكی سوری هه‌یه، دیمه‌نێكی تۆقێنه‌ری دروستكردووه.
جێر بۆلسۆنارۆ سه‌رۆكی حزبی چه‌پی ئه‌و وڵاته ره‌خنه‌یه‌كی زۆری لێگیراوه به‌هۆی خراپی مامه‌ڵه‌كردنی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه.
به‌پێی راپۆرتێكی سی ئێن ئێن یه‌كێك له كێشه گه‌وره‌كانی به‌رازیل سیستمی ته‌ندروستییه كه به‌ته‌واوی هیلاكه به‌ده‌ست كۆرۆنا ڤایرۆسه‌وه. پزیشكه‌كانی به‌رازیل هه‌وڵی جدیی ئه‌ده‌ن بۆئه‌وه‌ی زۆرترین كه‌س رزگاربكه‌ن به‌ڵام جێر بۆلسۆنارۆ سه‌رۆكی به‌رازیل زیاتر چاوی له‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كی تری وڵاته‌كه‌یه كه ئه‌ویش ئابوری به‌رازیله.
له‌كاتێكدا وڵات به‌م دۆخه خراپه‌دا ده‌ڕوات، سه‌رۆكی وڵاته له‌مانگی ئادار-دا، كۆرۆنا ڤایرۆسی به (هه‌ڵامه‌تێكی سوك) وه‌سفده‌كرد و هانی كۆمپانیاكانی ده‌دا كه ده‌رگای كۆمپانیاكانیان بكه‌نه‌وه به‌ڕووی كرێكاراندا.
ئیداره‌كه‌ی بۆلسۆنارۆ، تا ئێستا دوو وه‌زیری ته‌ندروستی له‌ده‌ستداوه و ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك فشاری له‌سه‌ر دروستكردوون كه ده‌رمانی دژه- مه‌لاریا، كلۆرۆدۆكین و هایدرۆكسی كلۆرۆدۆكین به‌كاربهێنن و ئه‌وانیش ره‌تیانكردۆته‌وه.
رۆژی 22ی ئادار، ئیدوارد یازۆیلۆ وه‌زیری ته‌ندروستی به وه‌كاله‌ت له رووی پره‌نسیپه‌وه گه‌یشتووه به‌و بروایه‌ی ده‌رمانی كلۆرۆدۆكین به‌كاربهێنرێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی دۆخی ته‌ندروستیان زۆر قورس نییه.
كۆرۆنا ڤایرۆس COVID-19 گروپێكن له ڤایرۆسه درمییه‌كان. ئه‌م ڤایرۆسه به‌به‌رده‌وامی خۆی نوێده‌كاته‌وه، تا له ئه‌نجامدا له‌مانگی 11ی 2019 ڤایرۆسێكی نوێ-ی كۆرۆنا سه‌ریهه‌ڵدا به‌ناوی كۆرۆنا ڤایرۆس سارس- 2، له‌شاری وۆهان-ی كه‌رتی هێبی وڵاتی چین. تا رۆژی 23ی ئایار، 5ملیۆن و 326 هه‌زار كه‌س له‌جیهان تووشی نه‌خۆشییه‌كه بوون و زیاتر له 342 هه‌زار و 500 كه‌سیش مردوون.
بهروار: 24/05/2020
577 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|