46 یەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی
خەندان-

ئەمڕۆ 46 ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی شەهید لەیلا قاسم تێدەپەڕێت و ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان-یش رایدەگەیەنێت، خانمانی کوردستان، ھەمیشە شانبەشانی براکانیان بەشداریان کردوە، لە خەباتکردن دژی داگیرکەران، زۆر جاریش رابەڕایەتی شۆڕشیان کردوە و ناوبانگیان وەکو ئەستێرە لە ئاسمانی کوردەواریدا دەدرەوشێتەوە.

لە رۆژی 28ی نیسانی 1974 و 46 ساڵ لەمەوبەر، لەیلا قاسم لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لە بەغدا دەستگیر کران، دوای تەنیا دو هەفتە لە دەستگیر کردنیان رۆژی 12ی ئایاری 1974 لەگەڵ هاوڕێکانی لە بەغدا لەسێدارە دران.

ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە راگەیەندراوێکدا لە ساڵیادی لە سێدارەدانی شەهید لەیلا قاسم رایگەیاندوە، "لە 12ی ئایاری 1974، کچە کوردێکی قارەمان، تەنیا لەبەر کوردبون و ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی، لەلایەن رژێمی بەعس لەسێدارەدرا و بە بوکی کوردستان ناوی دەرکرد".

خانمانی کوردستان، ھەمیشە شانبەشانی براکانیان بەشداریان کردوە، لە خەباتکردن دژی داگیرکەران
ئاماژەی بەوەشکردوە، خانمانی کوردستان، ھەمیشە شانبەشانی براکانیان بەشداریان کردوە، لە خەباتکردن دژی داگیرکەران، زۆر جاریش رابەڕایەتی شۆڕشیان کردوە و ناوبانگیان وەک ئەستێرە لە ئاسمانی کوردەواریدا دەدرەوشێتەوە، یەکێک لەو ئافرەتانەى کە بوێرانە پەتی سێدارەی لە ملکرا شەهید لەیلا قاسم بو.
لەیلا قاسم، بە شەهیدبونی بۆ دۆست و دوژمنی سەلماند، كە وەفاداری بۆ كوردستان لەسەروی هەمو شتێكەوەیە
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان باسی لەوەشکردوە، لەیلا قاسم، بە شەهیدبونی بۆ دۆست و دوژمنی سەلماند، كە وەفاداری بۆ كوردستان لەسەروی هەمو شتێكەوەیەو مەرگی سەربەرزانە پڕبەهاترە لە ژیانی کولەمەرگی و ژێردەستی.

ئەوەشی خستوەتەڕو، رژێمی بەعس، بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی ڕۆشنبیری کورد یەکسەر دوای دەستگیرکردنی دادگایەکی نادادوەرانەی دژ بە لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی بەڕێوەبردو بڕیاری لەسێدارەدانیانی دەرکرد، ھێشتا دو ھەفتە بەسەر دەستگیرکردنیان تێنەپەڕیبو، کاتژمێر 7:00ی سەرلەبەیانی ڕۆژی 12-5-1974 لەسێدارەدران.


ژیاننامەى شەهید لەیلا قاسم:

لەیلا قاسم حەسەن، ساڵی 1952 لە گوندی بامیلی سەر بە خانەقین لە خێزانێکی کوردپەروەر لەدایک بوە، ساڵی 1958 چوەتە بەر خوێندن و قۆناغی سەره‌تایی و ناوەندی هەر لە خانەقین تەواو کردوە.
لە ساڵی 1971 لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە
لە ساڵی 1971 لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوەو ھەر ھەمان ساڵیش لە یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە بەغدا دەستى بە خەبات كرد.

ھەر لە منداڵییەوە ھەژاریی و نەداریی زۆری چەشتوە، زوڵم و زۆرداری رژێمی عێراقیش لەسەر گەلی کورد، بیری ئازادیخوازی و تێکۆشانى، لە دڵدا دروست کردوە و لە ئاداری 1974 و دوای دەستپێکردنەوەی ھێرشەکانی عێراق بۆ سەر کوردستان، لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی، له‌ به‌غدا دەستگیرکران.

ئەو نمونەی کچێکی چەلەنگ و چاونەترس بو، ئەشکەنجە و ئازاری وەحشییانەی جەلادەکانی بەعس، نەیانتوانی لەیلا لە ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی پەشیمان بکاتەوەو بە جلە کوردییەکانیەوەو بە وتنەوەی سرودی نەتەوەیی ئەی رەقیب، دەچێتە بەردەم پەتی سێدارە، لەدوا ساتەکانی ژیانیدا بە جەلادەکانی بەعس دەڵێت، "دوای لەسێدارەدانی من، ھەزاران کورد وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم، کە گیانم فیدای رێی رزگاری کوردستان دەکەم، بەم جلە کوردییانەمەوە دەبمە بوکی کوردستان.
به‌روار:  12/05/2020
620   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   714
کۆی سه‌ردان:   29262361