"دەبێت کورد کۆمەڵکوژیی دێرسیم لە هۆش ویژدانی خۆیدا هەڵبکۆڵێت و هەرگیز لە یادی نەکات"
کەنەکە لە ٨٣هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی دێرسیمدا رایگەیاندووە "ئەبێ کورد هەرگیز بکەری ئەو تاوانە و تاوانەکەش لەیاد نەکەن. پێوستە لە هۆش و ویژدانی خۆیاندا هەڵیکۆڵن، بۆئەوەی بۆ هەمیشە نەسڕێتەوە".

کەنەکە راشیگەیاندووە "ئەو دڕندایەتییەی بەرامبەر خەڵکی ئێمە کرا، لاپەڕەیەکی رەشی ترە لە مێژووی خوێناویی دەوڵەت و حکومەتی تورکیادا. پێویستە خەڵکی ئێمە بە رێبەرو پێشەنگ و تێکۆشەرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوە، لە هەموو یادێکی ئەو رۆژە خەمناک و دڵتەزێنەدا، یادەوەریی خۆیان روون و گەش راگرن و بۆ بەدواداچوون و حساب خواستن لەو دوژمنانەی ئەو کارەساتەیان ئەنجامدا، سست و لاواز نەبن".

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە

لە یادی کۆمەڵکوژیی دێرسیمدا

83 ساڵ لەمەوبەر لە دێرسیم خەڵکی کورد کۆمەڵکوژ کران. کۆمەڵکوژییەکی جەرگبڕ و تاوانێکی وێرانکار بەرامبەر دێرسیم و دێرسیمەکان کرا. لە 4ی گوڵانی 1937 دا بە بڕیاری فەرمیی حکومەت و دەوڵەتی تورکیا هێرشێکی سەربازی گەورە بە ئامانجی لەناوبردنی خەڵک کرایە سەر دێرسیم. دەوڵەت و حکومەتی تورک بە رق کینەی تۆڵەسەندنەوە لە زەوی و ئاسمانەوە پەلاماری دێرسیمیان دا. بە دەیان هەزار دێرسیمییان کوشت، دەیان هەزاریش دەربەدەر بوون و زۆریشیان لە رێدا فەوتان. کوشتوبڕێک، کۆمەڵکوژییەک بە بڕیاری فەرمی دەوڵەت و حکومەت و بە بەڵگەوە ئەنجامدرا. سەرەڕای کوشتوبڕ و دەربەدەرکردن و ماڵوێرانیی، یاسایەکی تایبەتیشیان دەرکرد و ناوی دێرسیمیان گۆڕی بۆ تونجەلی. دڵی کوردستان بەو کۆمەڵکوژیە داغان بوو، هەرگیز لە بیر نەکراو، نابێ هەرگیز لە بیریش بکرێت. ئەبێ کورد هەرگیز بکەری ئەو تاوانە و تاوانەکەش لەیاد نەکەن. پێوستە لە هۆش و ویژدانی خۆیاندا هەڵیکۆڵن، بۆئەوەی بۆ هەمیشە نەسڕێتەوە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هەموو هێزی خۆی ئەو جینۆسایدە ئیدانە و شەرمەزار ئەکات کە لە 4ی گوڵاندا و پێش 83 ساڵ بەسەر خەڵکی ئێمەدا لە دێرسیم هات. بەرپرسانی دەوڵەت و حکومەتی خوێنرێژ هەرچیەك بڵێن، سیاسەتی گشتی هەر ئەنجامێک بدا بە دەستەوە، هیچ لەو پرسە ناگۆڕێ. ئەو دڕندایەتییەی بەرامبەر خەڵکی ئێمە کرا، لاپەڕەیەکی رەشی ترە لە مێژووی خوێناویی دەوڵەت و حکومەتی تورکیادا. پێویستە خەڵکی ئێمە بە رێبەرو پێشەنگ و تێکۆشەرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوە، لە هەموو یادێکی ئەو رۆژە خەمناک و دڵتەزێنەدا، یادەوەریی خۆیان روون و گەش راگرن و بۆ بەدواداچوون و حساب خواستن لەو دوژمنانەی ئەو کارەساتەیان ئەنجامدا، سست و لاواز نەبن.

پێویستە رۆژی 4ی گوڵان وەک رۆژی کۆمەڵکوژیی دێرسیم بناسرێت.

پێویستە دەوڵەتی تورکیا دان بە کۆمەڵکوژیی دێرسیمدا بنێت و قەرەبووی هەموو زیانەکان بکاتەوە.

پێویستە گۆڕی سەید رەزاو هەموو گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئەو کارەساتە ئاشکرا بکرێن.
فورات نیوز
به‌روار:  07/05/2020
1279   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   630
کۆی سه‌ردان:   29251223