حکومەتی هەرێم لامەرکەزی پەسەند کرد


K24 - هه‌ولێر:

رۆژی سێشەممە 2020/5/5 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە .

لە کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرا کە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان .

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێم لە بەغدا بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆک وەزیران خستەڕوو تایبەت بە بابەتی شایستە داراییەکان و دۆسێی نەوت و گاز. ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندەکە و بەرزنرخاندنی هەوڵەکانیان، پێشنیارەکانی شاندەکەی پەسەند کرد بۆ بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەکان لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی ماف و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی ، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر دەستبەجێ جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی یاسای چاکسازیی بە پێی ئەو پلانەی لە لایەن لیژنەی باڵای چاکسازیی پەسەندکرا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیش ڕاسپێردران بە وەرگرتنی ڕێکاریی پێویست بە ئاراستەی زامنکردنی مافی مووچەخۆری شایستە.

ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی دەرکرد:

کەمکردنەوەى خەرجییەکان :

لە دواى گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، سەبارەت بە کەمکردنەوەى خەرجییەکان، ئەنجومەنى وەزیران ئەم بڕیارانەى خوارەوەى دا:

1) کەمکردنەوەى مووچە و دەڕماڵەى خاوەن وەزیفە باڵاکان و پلە تایبەتەکان لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى هەرێم و سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنى دادوەریی و ئەنجومەنى پارێزگا لە بوارەکانى خزمەتى شارستانى و سەربازیی و هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ و ئاسایشى گشتى و ئەنجومەنى ئاسایش و ئەوانەی بەو پلانە خانەنشین بوون یان خانەنشین دەبن.

2) خەرجکردنى تەنیا مووچەى بنەڕەتى بۆ ئەو پلە تایبەتانەى کە لە بەڕێوەبەرى گشتى بەرەو سەرەوەن و سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان لە پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیە کە معومن و پێویستە لەسەر وەزارەتى دارایى و ئابوورى لە ماوەى 30 رۆژ لە چوارچێوەى یاساى چاکسازیی چارەنووسى وەزیفیان یەکلایى بکاتەوە.

3) پێویستە وەزارەتى دارایى وئابوورى مووچە تەنیا بۆ ئەو کەسانە خەرج بکات کە تۆمارن لە داتابەیسى تۆمارى بایۆمەترى و بە فیعلى لە خزمەتى وەزیفیدان، هەروەها بڕینى مووچەى ئەو کەسانەى کە بە فیعلى خزمەتى وەزیفى ناکەن.

4) کەمکردنەوەى بودجەى تەشغیلی بۆ نزمترین ئاست بە جۆرێک تەنیا بوارە سەرەکییەکانى خەرجى بگرێتەوە وەکو بوارى دابینکردنى دەرمان و پێداویستى پزیشکى و تاقیگەیی و خواردنى نەخۆشخانە و زیندانییەکان و خانەى بەساڵاچووان و نەوجەوانان ومنداڵان و شێڵتەرەکانى ژنان وپاکردنەوەى شار و شارۆچکەکان و نەخۆشخانەکان و پێداویستیەکانى ئاو و کرێى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا و چاکردنەوەى ڕێگاوبانەکان.

5) پەیڕەوکردنى سیستمى نوێى ئۆنلاین بۆ خەرجکردنى بودجەى تەشغیلی لە پێناوى برەودان بە شەفافیەت و کەمکردنەوەى رووتین.

6) ڕاگرتنى خەرجییەکانى بودجەى وەبەرهێنان (پڕۆژەى وەزارەتەکان و پەرەپێدانى پارێزگاکان).

7) پێداچوونەوە بە نەسریە و پێشینەى وەزارەت و سەرجەم دامەزراوەکانى هەرێم لە لایەن ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایى وئابوورى بە ئاراستەى کەمکردنەوەى بۆ نزمترین ئاست.

8) راگرتنى خەرجکردنى راستەوخۆى وەزارەتەکان لەسەر بەشە داهاتى خۆیان.

9) پێداچوونەوە بە خەرجییەکانى خزمەتگوزاریی بوارى نەوت و گاز.

زیادکردنی داهات:

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا لە دواى گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە زیادکردنى داهات، ئەنجومەنى وەزیران ئەم بڕیارانەى دەرکرد:

1) ​ڕێکخستنەوەى ئەو خزمەتگوزارییانەى لە لایەن کەرتى تایبەتەوە بە شێوەى گرێبەست لە دەروازە سنوورییەکان پێشکەش دەکرێن بە جۆرێک، دەبێت داهاتى ئەو خزمەتگوزارییانە بۆ بەرژەوەندى گشتى بێت.

2) هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم ئەو لێخۆشبوونانەى کە دراون لە رەسمى گومرگ و باج کە ناگونجێن لەگەڵ یاسا وڕێنماییەکان.

3) کۆنتڕۆڵکردنى دەروازە سنوورییەکان بەمەبەستى رێگرى لەهەر کارێکى نایاسایى کە زیان بە داهاتى گشتى بگەیەنێت.

4) پابەندکردنى کۆمپانیا ناوخۆییەکانى بوارى نەوت وگاز، کۆمپانیاکانى بوارى سکیوریتى و کۆمپانیاکانى بوارى پەیوەندى و ئینتەرنێت و پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون بە پێدانى باج لە چوارچێوەى یاسا وڕێنماییەکان.

5) ڕێکخستنەوەى میکانیزم و ئەو لایەنانەی کە رسوماتی خزمەتگوزاریی وەزارەتەکان بە شێوەى گرێبەست کۆدەکەنەوە بەجۆرێک کە لە خزمەتی بەرژەوەندى گشتیدا بێت.

6) سەپاندنى باج لەسەر هاوردەکردن و پاڵاوتنى بەرهەمە نەوتییەکان.

7) پێویستە لەسەر وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو پۆڵینى سەرجەم ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە بکات کە زێدەڕۆییان لەسەر ئەنجام دراوە، سەرەڕاى پێداچوونەوەى ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەى بە گرێبەست بەکرێدراون لە رووى نرخ و شێوازى گرێبەست بۆ ئەوەى وەک سامانێکى نیشتمانیی مامەڵەیان پێوە بکرێت.

8) هەڵوەشاندنەوەى تەرخانکردنى زەوى بۆ ئەو پڕۆژانەى مۆڵەتى وەبەرهێنانیان پێدراوە بەڵام دەستیان بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکان نەکردووە.

9) هەڵوەشاندنەوەى تەرخانکردنى زەوى کە بە موساتەحە دراون بەڵام دەستیان بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکان نەکردووە.

10) تاپۆکردنى سەرجەم ئەو زەوییانەى کە بە شێوەى کارت تەرخانکراون بۆ هاووڵاتیان و هەروەها تاپۆکردنى یەکەکانى نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکانى وەبەرهێنان بە ناوى هاووڵاتیان و پێداچوونەوە بە نرخى خزمەتگوزارییى کۆمەڵگەکانى نیشتەجێبوون.

11) جەردکردنى سەرجەم موڵک و ماڵى حکومەت و سەرجەم دامەزراوەکان لە لایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە تا وەک سەرچاوەیەک بۆ داهاتى گشتى مامەڵە بکرێت.

12) وەرگرتنەوەى قەرزە بازرگانییەکان لە لایەن وەزارەتى دارایى وئابوورى لەبەر ڕۆشنایى یاساى چاکسازیی.

13) پەسەندکردنى پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریی دابەشکردنى کارەبا و کۆکردنەوەى کرێى بەشداربووانى کارەبا لە لایەن کەرتى تایبەتەوە لە ژێر سەرپەرشتى و چاودێرى حکومەت.

14) پەسەندکردنى پڕۆژەى کڕینەوە و بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانى هەرێمى کوردستان لە لایەن کەرتى تایبەت لە ژێر سەرپەرشتى و چاودێرى حکومەت بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ.

15) داشکاندنى ڕێژەیەک لەو پێشینانەى حکومەت کە لە لای هاووڵاتیانە (پێشینەى خانووبەرە و پێشینەى هاوسەرگیریی و قەرزى بچووک) بە مەرجێک هاووڵاتیان ئامادە بن تا ڕۆژى 15 ى حوزەیرانی 2020 تەواوى بڕى پێشینەکان بگەڕێننەوە بۆ حکومەت.

سووککردنی باروگوزەرانی ئەوانەی بە هۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا زیانمەند بوون:

1) لێخۆشبوون لە كرێی كرێچی موڵكەكانی حكومەتی هەرێم بۆ مەبەستی بازرگانی یان پیشەسازی یان كشتوكاڵی یان هەر مەبەستێكی تر، بۆ ئەو ماوەیەی کە نەیتوانیووە بە شێوەی ئاسایی بەكاریبهێنێت بەهۆی داخستن بە پێی ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لە کۆرۆنا یان قەدەغەی هاتووچۆ.

2) بەخشینی هاووڵاتیيان لە دواكەوتنی پێبژاردن كە كەوتووەتە ئەستۆیان لە ئەنجامی پابەندنەبوونی یاساییان بەرامبەر بە دامەزراوە فەرمیەکانی حكومەتی هەرێم، ئەگەر وادەی پابەندبوونەكەیان كەوتبێتە ئەو ماوەیەی كە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی تێدا دراوە وەک ڕێکاریی خۆپارێزیی.

3) دواخستنی وەرگرتنەوەی بڕی گوژمەی سەر هاووڵاتيیان بۆ بەرژەوەندی دامەزراوەی حكومی و شارەوانيیەكان بۆ ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ بە بێ ئەژماركردنی هیچ سوود و پێبژاردنێكی دواكەوتن بۆ ئەو ماوەیە.

4) لەسەر وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی پێویستە ڕێكاری یاسایی پێویست بگرێتە بەر بەرامبەر بە كرێچی موڵكەكانی ئەوقاف لەژێر ڕۆشنایی بڕگەكانی ئەم بڕیارە.

5) بڕی (15%) لە سەدا پازدە دادەشكێندرێت لەو بڕە پارەیەی كە کرێچی دەیدات لە كرێی ئاو و كارەبا كە دەكەوێتە ئەستۆی قەرزدار پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە، ئەم داشكاندنە بەردەوام دەبێت تاكو 15/6/2020.

6) پێویستە لەسەر فەرمانگەكانی باج ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ و ماوەكانی داخستنی شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و پیشە تایبەتەكان و هەروەها چالاكیيەكانی تر كە دەكەونە ژێر باری باجی داهات ، هەژمار نەكەن وەك ماوەی چالاكی بۆ وەدەستهێنانی داهات كەدەكەونە ژێرباری وەرگرتنی باج بە هەموو جۆرەكانیيەوە.

دەستپێکردنەوەی دەوام:

ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت، ئەم بڕیارانەی دەرکرد:

1) دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی فەرمانبەران تەنیا لە دیوانی وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت لە رێکەوتی 2020/5/6 ەوە.

2) وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت ، دەسەڵاتی تەواویان دەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکان و رێکخستنی دەوامی فەرمانبەران بە پێی پێویست و بەمەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری و راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە 2020/5/11 .

3) فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیران لە گەڵ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی دەکات بەمەبەستی کارئاسانی لە جێبەجێکردن وراییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان بە شێوەی ئەلیکترۆنی.

4) هاووڵاتییان لە دوای 2020/5/11 دەتوانن سەردانی فەرمانگەکان بکەن بە لە بەرچاوگرتنی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان .

لامەرکەزی ئیداری:

ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر کارکردن بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی لە سەرجەم پارێزگاکان بە بێ جیاوازی و بەو شێوەیەی لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا هاتووە بە جۆرێک کە گونجاو بێت لە گەل سیستەمی یاسایی و کارگێڕی هەرێمی کوردستان و شۆرکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتی بە پێی یاسا، لە ژێر چاودێری سەرۆکایەتی حکومەت لەگەڵ پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان
به‌روار:  06/05/2020
216   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  بابه‌تی زیاتر ...
دوو سەرخۆش لەنادیەک بەیەکەوە دانیشتوون و قسە دەکەن لەولاشەوە کابرایەک گوێی لێ گرتوون یەکەمیان بە دووەمیان دەڵێت ماڵتان لە کوێیە؟ دووەم :ماڵمان لەگەڕەکی هەوارە بەرزەیە. یەکەم:ئ درێژه‌ ...
رووه‌كی حه‌شیشه‌، چاره‌سه‌ری كۆرۆنا ده‌كات لوقمان غه‌فوور به‌م دواییه‌ توێژه‌ره‌وانی زانكۆی لیسبریدج له‌ هه‌رێمی ئه‌لبرتا-ی كه‌نه‌دا ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌كیان خستۆته‌ڕوو كه‌ درێژه‌ ...
منداڵ بووم کۆمەڵێک بزنمان هەبوو لە ئەندازە و باڵادا هەموویان وەک یەک بوون تەنها یەکێکیان نەبێت. ووتم: باپیرە بۆ ئەو بزنە لە هەموویان گەورەتر و باڵای بەرزترە؟ باپیرم ووتی: کو درێژه‌ ...
جاران وابوو سلێمانی ،وام ئەزانی كۆڵانێكــــــــــە وامئەزانێ ئائەم شارە،غونچەو گوڵی گوڵدانێكــــە وامئەزانی گشت ڕوناكی ئائەم شارە بۆ من مۆمـن وامئەزانی درەختەكان لەحەوشەكەی ماڵ درێژه‌ ...
به‌رازیل هێدی هێدی ئه‌مرێت لوقمان غه‌فوور تا دێت به‌ پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌كانه‌وه‌، مردن له‌ به‌رازیل هه‌ڵه‌كشێت. چوار رۆژه‌ به‌رازیل په‌یتا په‌یتا، رۆژ نییه‌ هه‌زار كه‌سی نه‌ درێژه‌ ...
بەتۆمەتی دەستگەیشتن بە سیستمی ناوەندی بانگدان و پەخشکردنی گۆرانی "بێلاچاو" لە بڵندگۆی مزگەوتەکانی شاری ئیزمیر، پۆلیسی تورکیا ژنێکی دەستگیرکرد. رۆژی پێنجشەممە ٢١ی ئایار، بەهۆی پە درێژه‌ ...
کۆمەڵێک نهێنی لە پشتی ناشرینترین ئافرەتی جیهان ئەم ئافرەتە ڕەنگە زۆربەتان شتتان لەسەر خوێندبێتەوە یان فیلمەکەیتان بینیبێ ئەگەر نازانن کێیە ئەم مرۆڤە ... نـــاوی ( ماری ئان پی درێژه‌ ...
قەبولکردنی لەدەستدانی ئازیزێکی نزیک لە ناکاو بە کۆرۆنا چۆنە و چەندە زەحمەتە؟ نووسەر و هەڵبەستوان بۆ نیە جگەرخوین لە وتووێژێکی تایبەتدا بۆ بەشی کوردی ڕادیۆی سوید باسی کۆچی دووایی ب درێژه‌ ...
خه‌لیل ئیبراهیم وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ یه‌كگرتوو ده‌ستی هه‌بوبێت له‌خۆپیشاندانه‌كانی شاری دهۆك و ده‌ڵێت" ئه‌وه‌ ناڕاسته‌ و نادروسته‌ كه‌ ده‌بی درێژه‌ ...
وام بیستووە 😀 د. شێركۆ عەبدوڵڵا نەقڵی کفر کفر نییە ئەڵێن: *مەسئولە گەورەکانی وەزارەتی پەروەردەش مناڵەکانیان خستووەتە شوەیفات. *گۆڕانیش کە لە سیاسەت تێ ئەگات ئەبێ بە پارت درێژه‌ ...
ژماره‌ی بابه‌ت
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   367
کۆی سه‌ردان:   19558428