دوو ڕۆژە کچەکەم بە چاوبەستراوی شاربەشاری پێ دەکەن
باوکی زەینەب جەلالیان ژنە گیراوی سیاسی کورد، ڕایگەیاند: دوو ڕۆژە کچەکەم بە ئۆتۆمبێلێکەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە شاربەشاری پێدەکرێت، نیگەرانیشی لە دۆخی کچەکەی دەربڕیوە و وتوویەتی: هەموو شتێک نائاساییە.
زەینەب جەلالیان ژنە گیراوی سیاسی کە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بە زیندانی هەتاهەتایی سزادراوە و ماوەی ١٣ ساڵە لە زینداندایە، لە ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو، بە شێوەیەکی کوتوپڕ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە زیندانی شاری خۆی براوە بۆ شوێنێکی نادیار.
دوێنێ عەلی جەلالیان باوکی زەینەب جەلالیان، لەسەر ئەو بابەتە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو زینەب لە کاتێکدا لەناو ئۆتۆمبێلێک لە ڕێگادابوو، تەلەفۆنی کرد و پێی وتم، "لە دوێنێیەوە بە چاوبەستراوی و بە کەلەپچەوە لە زیندانەوە براوم بۆ زیندانەکانی ئورمیە و کرماشان، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو زیندانانە وەریان نەگرتم، هێزە ئەمنییەکان ئێستا دەمبەن بۆ تاران"، لە کاتی قسەکردنیدا پەیوەندییەکە پچڕا و چیتر تەلەفۆنی نەکردەوە.
باوکی زەینەب هەروەها نیگەرانیی توندی خۆی لە دۆخی کچەکەی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە: هەموو شتێک نائاساییە، بۆ دەبێت لەناکاو لە زیندانی خۆی بگوازرێتەوە؟ بۆ دەبێت بەبێ هیچ بەرنامەیەک ببرێتە زیندانەکانی ئورمیە و کرماشان؟ بۆ ئەو پەیوەندییەیان بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک پچڕاند؟ چ پەیامێکیان بۆ ئێمە پێیبوو؟ نیگەرانم لەوەی سیناریۆیەکی مەترسیدار چاوەڕێی کچەکەم بکات، زۆر نیگەرانی ژیانی زەینەبم، کە بە وتەی خۆی دوو ڕۆژە لەناو ئۆتۆمێلێکدا شاربەشاری پێدەکرێت.
جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو، خانەوادەی جەلالیان دوای ئاگاداربوون لە گواستنەوەی کچەکەیان لە زیندانی خۆی، سەردانی زیندانەکەیان کردووە و کاربەدەستانی زیندان پێیان ڕاگەیاندوون، ئەگەری ئەوە هەیە دۆسیەی نوێ بۆ زەینەب جەلالیان بکرێتەوە و شیمانە دەکرێت بەهۆی ئەو تۆمەتە نوێیەوە برابێتە یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێران لە تارانی پایتەخت.
ڕۆژنیوز
بهروار: 04/05/2020
452 جار خوێندراوهتهوه
|