کۆماری سێدارە

شێرکۆ بێکەس
ئەمڕۆ با بریندارە و ھەتاوێکی سوری لێ ئەچۆڕێتەوە
ھەموو درەختەکان بوون بە دار ھەنار
ھەموو ماڵەکان ئەرخەوانین
ھەموو شەقامەکان ھەستاونەتە سەر پێ
ئەمڕۆ لە ڕۆژھەڵاتی وڵاتەکەما
پۆلێ کۆتری سور لە زیندانەوە
لەسەر سێدارەوە ھەڵفڕیون و
شەقژن شەقژن گەڕاونەتەوە کوردستان
کۆترە سورەکان ئەڵێن
ئێمە گمەی ئەو چیایانەین کە ناگوێزرێنەوە
ئێمە گەرووی ئەو شعرانەین کە وشک ناکەن
ئێمە لە نەسلی ئەو باھۆزانەین کە نانوشتێنەوە
ئەمڕۆ کۆترە سورەکان بە یەکجاری گەڕاونەتەوە و ناچنەوە تاران
کۆترە سورەکان ئەڵێن:
کۆماری سێدارەی ئیسلامی خوار خوار بۆتەوە ‌و
بەڵام ئێمە تازە وا خەریکین لە ملە ی بەرزەوە
دەست بۆ خۆر بەرین و دایبگرینە سەر ئەرز

لەم بەیانیەوە, شەقامە ھەرە گەورەی سنە
ناوی خۆی گۆڕی بە فەرزاد کەمانگەر
لەم بەیانیەوە, گەورەترین باخچەی مھاباد
بوو بە شیرینی عەلەم ھولی و مانگی کردە سەر
لە کازیوەی ئەمڕۆوە, ھەموو ئەو مناڵانەی لە دایک بوون
بە مێیەکانیشەوە
ناوی فەرھاد وەکیلیان لێ نرا!
لە ئەمڕۆوە
لە یەکەم گزنگی سوری بەیانەوە
مەھدی ئیسلامیان بوو بە گۆمی وان و
عەلی حەیدەریان بوو بە تاقوستانی کرماشان

کۆترە سورەکان ئەڵێن:
دەبا کۆماری سێدارە, سنە لە سێدارە بات!
مھاباد بکات بە سڵنگەوە
نەھێڵێ گیا سەوز بێ و
نەھێڵێ ئاو ھاژە بکات و
نەھێڵێ باران ببارێ و
نەھێڵێ مناڵەکانمان لە دایک بن!

من ئیتر لەمڕۆوە عاشقی چاوانی شیرین عەلەم ھولیم
لەمڕۆوە ھەرچی شیعرم ھەیە ئەیانکەم بە
گوڵی گۆرانی بۆ باڵای شیرینی عەلەم ھولی
لە ئێستەوە من تاڵێ لە قژی ئەوم
لە ئێستەوە
من نینۆکی پەنجەی ئەوم
لە ئێستەوە من ئیتر ئەبمە ئەو جووتە پێڵاوەی
کە بۆ دواجار لە پێی کردوو پێوەی چووە سەر سێدارە
لە ئێستەوە من بازنەی بەجێ ماوی دەستی
شیرینی عەلەم ھولیم
گوارەی بەجێ ماوی ئەوم
خەونی بەجێ ماوی ئەوم
من ئێستە بووم بە جانتا پچکۆلە دەستیەکەی شیرین عەلەم ھولی
بە شانەی قژی و بە ئاوێنەی تەماشای و
من ئێستە بووم بە دوا تیکە نانی بەجێماوی و
بەدوا نامەی نیوە شەوی و
من ئێستە بووم بەخۆڵی ژێر پێڵاوەکەی شیرین عەلەم ھولی

کۆترە سورەکان وا ئەڵێن:
کۆماری سێدارەی ئیسلامی
ئەوەی ناتوانێ ھەرگیز, ھەرگیز, ھەرگیز
لەسێدارەی بدا;
ئایندەیە و ئازادی
به‌روار:  11/04/2020
914   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   403
کۆی سه‌ردان:   29231957