کوردناسی هۆڵه‌ندی پیت مویله‌ر کۆچی دوایی کرد
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ڕایدەگەیەنین ڕۆژی 05-04-2020 دۆستی دێرینی گه‌لی کورد به‌ڕێز (پیت مویله‌ر) کۆچی دوایی کرد.
پیت مویلەر ڕۆژی 19-10-1929 لە شاری هێلڤەرسووم لە هۆڵەندا لە دایک بووە، هەر لە سەرەتای گەنجێتیەوە، گەلی کوردیی ناسیووە، ساڵی 1973 بۆ یه‌که‌مجار له ڕێگه‌ی ڕۆژئاوای کوردستان- سوریاەوه گه‌شتی ی باشوری کوردستانی کردووه و له نزیکه‌وه توانیوێتی گه‌لی کورد بناسێت و له نه‌هامه‌تییه‌کانی ئەم گەلە خاوەن خاکە بێ دەوڵەتە تێبگات و ئەو کاتە تێکه‌ڵاوی شۆڕشی ئه‌یلول بووە و چۆته حاجی هۆمه‌ران و گه‌ڵاڵه، سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان خوالێخۆش بوو، مستەفا بارزانی بینیووه.
له پاش ڕێکه‌وتنامه‌ی شوومی جه‌زائیریش له نێوان (هەواری بۆمیدیەن و شای ئێران و سه‌دام حوسه‌ین)دا له ئازاری 1975دا، که شکست به شۆڕشی کورد هێنرا، ئه‌و و هەندێ لە هاوڕێکانی یارمه‌تیه‌کی زۆری ئه‌و کوردانه‌یان داوه، که ژماره‌یان 50 که‌س بووه، کە وه‌ک ده‌سته‌ی یه‌که‌می په‌نابه‌رانی کورد ڕوویان له هۆڵه‌نده کردووه و کار ئاسانیان بۆ کردوون.
پیت مویله‌ر سەردەمانێک سەرۆکی دەزگای نیدەرلاند کوردستان SNK بووە، چه‌ندین جاری دیکه‌ش سه‌ردانی کوردستانی کردۆته‌وه...ڕؤڵی هه‌بووه له ده‌رکردنی بڵاوکراوه‌یه‌ک به زمانی هۆڵه‌ندی به ناونیشانی (کوردستان کۆریه‌ر) و هەمیشە گرنگی بە دۆزی ڕه‌وای گەلی کورد و گەلانی دیکەی دنیا داوە و لەگەڵ کۆمەڵەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدنی لە هۆڵەندا هاوکاریی کۆمەڵگاکانی ( کورد، عەرەب، ئێرانی، ئەفغانی و پاکستانی ...هتد)ی داوە.
پیت مویله‌ر لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991، چه‌ندین جاری دیکەش سه‌ردانی کوردستانی کردووه و ساڵی 1993 لەگەڵ گروپێکدا هاتۆتە باشوری کوردستان، کە بریتی بوون پیت میوللەر خۆیی و زاهیر مەحمود، وەک یاوەریان و بەڕێزان فلامین لە پارتیCDA ، فاڵک لەPvda ، هەنەکە خڵدن بلوم لە D66 و لینۆنی سپیکەرس لە پارتی چەپی سەوز.
دواجار له ئۆکتۆبه‌ری 2008 دا دیسان سه‌ردانی کوردستان کردۆتەوه و به نیاز بوو له داهاتووشدا سه‌ردانی کوردستان بکاته‌وه، بەڵام لەمدوایەدا تەمەن و نەخٶشی بواری پێنەدا، تەنانەت به‌ڕێزیان هێنده له کورده‌وه نزیک بوو، هێنده کوردی خۆشده‌ویست، به‌جۆرێک له خه‌ڵکی کوردستان ده‌چوو نه‌ک هۆڵه‌ندی و حه‌ز ده‌کرد به کاک پیت بانگ بکرێت.
ڕۆژی 14-02- 2010 یانەی کوردیی "میدیــــا" سیمینارێکی بۆ ڕێکخست و به پاوه‌رپۆینت وێنه‌ی گه‌شته‌کانی لەگەڵ خاتوو (لیا فیسه‌ر)ی هاوسەریدا له ساڵی 1973 ه‌وه تا 2008 به لێدوانه‌وه پێشکه‌ش کرد، کە وێنه‌ی ڕاسته‌قینه و مێژوویی گه‌لی کوردی تێدا نیسادا، هەر لە له تێکۆشانی شاخ و به‌رگری قارهمانانەی پێشمەرگە.
لەو کۆڕەدا هاوڕێکانی پیت مویلەر کۆچکردوو دکتۆر جه‌میل شه‌ره‌ف و پرۆفیسۆر (یان مانسفێڵد باک) مامۆستای زانکۆی ئه‌مستردام، یاده‌وه‌ری خۆیان له‌گه‌ڵدا گێڕایەوە ڕۆڵی پیت مویلهریان بەرز نرخاند.
شایانی باسە نابێت کورد چاکە و دڵسۆزی پیت مویلەی لە بیر بچێت، بۆ ئەم مەبەستە خۆشبەختانە ڕۆژی 07-05-2019 بۆ سوپاسگوزاری و بەسەرکردنەوەی ئەم پیاوە مەزنە، دەستەیەکی سێ کەسی کە پێکهاتبووین لە بەڕێز کاک مەحمود موراد و بەڕێز عەبدوڵڵا ئەبوبەکر و بەندە (سەردار فەتاح ئەمین)، سەردانی ماڵەکەیمان کرد و دیارییەکی ڕەمزی شیاومان بە وێنەی خۆیی و خاتوو (لیا فیسه‌ر)ی دروست کرد بوو، پێسکەشمان کردن و کاتێکی بەسوودمان بە گفتوگۆ و تۆمارکردنی بیرەوەریەکان بەسەر برد، بە پشتبەستن بە ئەرشیفە دەوڵەمەندەکەی ئەم دۆستە دەگمەنەی گەلی کورد.
ڕەوانی شاد بێت پیت مویلەر و دڵنەوایی و ئارامی بۆ خاتوو (لیا فیسه‌ر) هاوسەری و تێکرای هاوڕییانی و خانەوادەکەی بگه‌ڕێته‌وه.
سەردار فەتاح
بهروار: 09/04/2020
301 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|