ژمارەی مردن بە کۆرۆنا لە کوردستان بووە دوو کەس
وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، حاڵەتێکی گیانلەدەستدان و هەشت حاڵەتی دیکەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارکراون و بەوەش ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ دوو کەس و توشبووانیش بۆ ٨٥ کەس بەرزبووەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڵاویکردەوە، "لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا هەشت کەس تێستەکانیان پۆزەتیڤ دەرچووە، کە پێنج پیاو و سێ ئافرەت، لە نێویاندا پیاوێك بەهۆی نەخۆشییەکی کوشندەی درێژخایەن دوای گیانلەدەستدانی پشکنینەکەی پۆزەتیڤ دەرچووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٣٢٧ پشکنین وەرگیرا، کە ٢٠٣ی لە شاری هەولێر و ٩٦ی لە شاری سلێمانی و ٢٨ی لە شاری دهۆك بووە"، راشیگەیاندووە، "پارێزگای هەولێر لە کۆی ٢٠٣ پشکنین ٧٢ نیگەتیڤ بوو و ١٣١ پشکنین ماوە کە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا دەردەچێت".

ئاماژە بەوەشکراوە، "ژمارەی هاوڵاتییان کە لە کەرەنتینەکان بوون ٤٦٧١ هاوڵاتین لە ٢٦ شوێنی جیاواز، لەئێستادا تەنها ١٥٧٣ هاوڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە ٧٨٧ لە هەولێر، ٣٣٩ لە سلێمانی، ٢٩٨ لە دهۆك، ٣٨ لە هەڵەبجە، ٣٢ لە گەرمیان، ٥٤ لە ڕاپەرین، ٢٥ لە کۆیە، ٣٠٩٨ هاوڵاتی لە کەرەنتین دەرچوون، ژمارەیەکی دیکەش ئەمڕۆ کەرەنتینکرا و کە کۆی گشتی بریتی بوو ٧٨ هاوڵاتی".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی، تا ئێستا ٨٥ حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمدا تۆمارکراوە بەجۆرێک ٦١ توشبوو لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ٢٢ توشبوو لە پارێزگای هەولێر و دوو توشبووش لە دهۆک.

هەر بەپیی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، تا ئێستا ٢٢ توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنوری سلێمانی بە تەواوەتی چاکبوونەتەوە و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدانیش تۆمارکراوە
ئێن ئاڕتی 
به‌روار:  24/03/2020
386   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   3
کۆی سه‌ردان:   29231238