حەمامی موفتی!


هەرکاتێك قژم كەمێك زیادی بکردایە، نەنکم یەکسەرە ڕەوانەی لای کاکە ساڵحی دەکردم، ئەویش بێقەزابێت بە تف و بە ئاو و گوێزانێکی تیمساحی کولـلەوە سەری بۆ دەخستمە سەر پلێت و بۆ جوانیش گودلەیەکی خواروخێچی دەکردە دیاری سەرم.
کەچەڵبوون بۆ مناڵێکی هەتیوی بێدایك و بێنازی وەك من نیعمەتێکی بێ ئەندازە باش بوو. لەلایەك سەرم سووك و بێ مەسرەف بوو وە لەلایەکی تریشەوە ڕشك و ئەسپێ تێینەئەدام. ئەوکاتانەی کە قژم زۆربوایە هەمیشە دەست ونینۆکم لەسەرمدا بوو، ئەتووت گول بووم، نەنکم ناچاردەبوو کە بتڵێك دەرمانی ڕشك و ئەسپێ لەسەرمدا سەرف بکات تا لە ڕشك و ئەسپێ نەجاتم دەبوو.
بەشەش ساڵی و بە سەرێکی کەچەڵ و گودلەیەکی ناقۆڵای ناشیرین کە تەوێڵمی نەخشاندبوو، لە هەورامانەوە دیپۆرتی سلێمانی کرامەوە بۆ ئەوەی کەلە قوتابخانە دەستبکەمە خوێندن. یەك کەلیمە کوردیم نەدەزانی. بنێشتیان پیشان دەدام ئەیانووت ئەوە چیە؟ ئەمووت "ویـــژەن"، قاقایان لێدەدا. مناڵە چوختیەکانی گەڕەك پێیــان ڕادەبواردم ومنیش نەمدەزانی دەڵێن چی، ناچار بە هەورامی جنێوبارانم دەکردن. "ئەیاو تاتەیتا گام...".
بەیانیەکیان باوکم بە خۆم و گودلەکەی سەرمەوە، بەمەبەستی ناونووسکردن بردمی بۆ قوتابخانەی مەحوی. لەوێ جێگری بەڕێوەبەر کەناوی مامۆستا فایەق بوو پێشوازی لە باوکم کردو ووتی ئەحمەد ناشێ ئەم کڵاوکوڕەیە کوڕت بێت، هەستم کرد شتێکی خراپی ووت بەس تێنەگەشتم باش. هەردووکیان قاقایەکیان لێداو ئەوەندە تێگەشتم کە باوکم بە مامۆستا فایەقی ووت "گۆشتەکەی بۆ ئێوەو ئێسقانەکەی بۆ من" هەستم کرد جوانەمەڕم و دەمبەن بۆ قەسابخانە.
هەفتەی ڕۆژێك ئەختەری خوشکم دەیبردم بۆ حەمامی مفتی کە تایبەت بوو بە ژنــــــان. یەکەم جار شەرمم دەکردو سەرم حیزدەکرد تا لە حەمام دەهاتینەدەرەوە. ژنان و کچانی ناسیــــاو دەهاتن و بە پێکەنینێکی پڕ لە نازەوە دەستێکیان دەهێنا بە گودلەکەمداو هەندێ جار شڵپەیەك ماچیشیان دەلەزگانە ڕومەتەکانم، ئەوەندەی تر سوور دەبوومەوەو خۆم دەخستە پشتی ئەختەرەوەو هەوڵمدەدا کە کەس نەمبینێت.
کەمێ فامم چووەسەرو رۆژێکیان بەهەمان بەزمی پێشوو لەگەڵ ئەختەردا چوینە حەمامی مفتی. ئەمجارە شەرمم نەدەکرد، بەڵکو بە دیقەتەوە لەو لاشە ڕووت وقوتانەم دەڕوانی. حەمام جمەی دەهات لە ژنی قەڵەو، زەعیف، باریك و چرچ و کورت و درێژو کچۆڵەی ناسك، گشت بابەتێکی لە خۆی گرتبوو. سەرنجمدا زۆربەی ئەو ژنانەی کە لەوێ بوون خەریکی تاشین بوون، هەبوو بەری دەتاشی، هەبوو بنباڵ، هەبوو قۆڵی و هەبوو قاچ و ڕانی، هەریەکە خەریکی تاشینی شتێك بوو.
لەدەوری جوڕنەیەك کۆمەڵێك ژن کۆبووبوونەوە دیار بوو خەریکی زەم بوون، سەریان کردبوو بەیەکداو جارجارەش چاوێکیان بەرزدەکردەوە ئاخۆ کەس گوێ لێیـــــــــان نیە. بەلایاندا ڕەت بووم، ژنێکی قەڵەوی بۆری تێدابوو، سەرێکی بەرزکردەوەو لە گودلەکەمەوە تا نووکی پێم لێی ڕوانیم. بینیم شتێکی بە ژنەکان ووت و سەیرێکی منی کردەوە، بە قورساییەکەوە هەستاو بە لۆژەلۆژ چووە دەرەوە، منیش بە سەرسوڕمانێکەوە سەیرێکم کردەوە، جوتێك مەمکی گەورەی شۆڕی پێوەبوو ئەتووت میزەڵانەو بە ملیدا هەڵواسرابوون تا لای ناوکی هاتبوون. سکێکی گەورەی ناقۆڵاو تووکەبەریشی سێ ئەوەندەی گودلەکەی منی پێوەبوو. پاش کەمێك باجی خاوەن حەمامەکەی لەگەڵ خۆی هێنا، خاوەنی حەمامەکە ژنێکی ئێسکسوکی سپیکەلەی خانەدان بوو، جلێکی کوردی و کڵاوێکی لیرەداری لەسەردابوو. ژنە قەڵەوەکە دەستێکی بۆ من ڕاکێشا. هەستم کرد شتێك ڕوودەدات، خۆم خزانە تەنیشت ئەختەری خوشکمەوە. خاوەنی حەمامەکە لە ئێمە نزیك بۆوەو بە دەنگێکی نزمەوە بە ئەختەری خوشکمی ووت:
- خوشکم جایز نیە ئەو برایەت لەمەولا بێت بۆ ئێره.
- بۆچی براکەم چی کردووە، ئەو هێشتا مناڵە.
- مناڵی چی دادە، ئەو چاو دەگێڕێت و سەیری کچ و ژنەکان دەکات.
- کچێ بۆ خاتری خوا، تولفی وا چی دەزانێت!
- پێم وتیت جایز نیە خوشکم، ئەو ئەبێت ئێستا بچێتەدەرەوەو جارێکی تریش لەگەڵ خۆت مەیهێنە بۆ ئێرە، با باوکی یان براکەی بیبـــــــــات بۆ حەمامی پیاوان.
- باشە دادەگیــــــان، با بیشۆم ئێستا دەیهێنمە دەرەوە.
ئەختەری خوشکم بە بۆڵەبۆڵ دوو دەستی باشی لێدام و خاولیەکەی تێوەپێچانم و هێنامیە دەرەوە. جلی پاکی لەبەرکردم و داینیشانم و خۆی چۆوە ژوورەوە.
ژنی حەمامەکە شیرێکی گەرمی بۆ هێنام و دەفلسی دامێ و ووتی کوڕم تۆ ئیتر گەورە بوویت و دەبێت لەگەڵ براکەت یان باوکت بچیتە حەمامی پیاوان، ئێرە شوێنی تۆ نیە. گودلەکەشت زۆر جوانە!

عومەری خەتات
به‌روار:  21/03/2020
1046   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   382
کۆی سه‌ردان:   29232100