پێزانینی لقی سلێمانی بۆ رۆژنامەنووسان و زۆربەی كەناڵەكان

 

سڵاو..

ئێستا ناتوانین وەك پێشتر لە كۆڕو كۆبوونەوەكانی ژیانماندا بەشدار ببین، بەڵام خۆشبەختانە لە رێگەی هەواڵ و گەیاندنی زانیاریەكانی هەواڵنێرو پەیامنێرو كەناڵەكانی میدیاوە لەیەكتر دانەبڕاوین و ئاگامان لەهەموو رووداوەكانی شارو هەرێمو ناوچەكەو دنیا هەیە..

هاوكات كەناڵەكانی میدیاو میدیاكاران رۆڵی پڕ بایەخی خۆیان گێڕاو دەگێڕن، لە وشیاركردنەوەو گەیاندنی هەرە پێویسترین خۆپارێزیەكانی ژیانی هاووڵاتیان، كە رێنماییە تەندروستی و ئەمنیەكانن، بەهۆیانەوە ناوچەكەمان (سوپاس بۆخوا) تا ئێستا كارەساتبار نەبوە..

جێگای خۆیەتی رۆڵی ئەو رۆژنامەنووسە ئازایانەو كەناڵەكانیان (بینراو بیستراو خوێنراو ئەلكترۆنی و سمارت میدیاكان) بەرز بنرخێنین و پێیان بڵێین سوپاس بۆ ئازایەتی و دڵسۆزیتان..

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەستخۆشی لە سەرجەم ناوەندەکانی تەندروستی و پۆلیس وئاسایش وپۆلیسی هاتۆچۆو خۆبەخشەكان وكارمەندانی دابەشكردنی ئاوو كارەباو ژینگەپارێزان و سەرجەم هاووڵاتیان دەكات، كە هەركەسەو رۆڵی گرنگی بۆ مانەوەی ژیان گێڕا، ئەویش پابەندبوونی هەموومان بە ڕێنماییەکان بوو..

داواكارین لەهاووڵاتیان بەردەوام بن لە خۆپاراستن وپابەندبونیان بەڕێنماییەکان، كەناڵەكانی راگەیاندن ئێستا رۆڵی ئاگاداركەرو رێنماییدەرو رێنیشاندەرتانن، ئێستا میدیاكانمان لە رێگای ڕوماڵکردنی هەواڵەکانی خۆپاراستن وبڵاوکردنەوەی ڕێنماییە تەندروستییەکان، ئەرك و رۆڵی مێژووی خۆیان دەگێڕن..

ئێوەش بە پابەندبوونتان دەتوانین ناوچەكەمان لەم كارەساتە جیهانیە بپارێزین..

هەربژین بە سەلامەتی و تەندروستی باشەوە..

خودايه سلێمانی و كوردستان و جیهانمان بپارێزە.....

لقی سلێمانی

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان

18/3/2020
به‌روار:  20/03/2020
386   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1430
کۆی سه‌ردان:   29265686