ئامادەیی کوردستان دژ بە کۆرۆنا
ئامادەیی دژ بە کۆرۆنا.
لەم ڕاپۆرتە مەیدانیەدا ( دلێر سەلیم) هاوکاری مالمۆکورد لە سلێمانی ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە ، شایەنی خوێندنەوە و تێڕامانە.
ڕۆژی شەممە ١٤/٣/٢٠٢٠ چوومە ناوجەرگەی شار و وێنەم لە هەندێ جێ، کە بە جەنجاڵترین شوێنی شار ناسراوە، هەڵگرتەوە.
هێزەکانی ئاسایش، بە دەمامک و دەسکێشەوە، کە لە پارەی خۆیان دەیکڕن، لای باخی گشتی، رێیان لە تاکسی و مینیبوسەکان دەگرت و مۆڵەتی شۆفێرییان، وەک سزا و بارمتە، لێ وەردەگرتن. لە شەقامی مەولەوی، تاکوتار خەڵکت دەبینی. شەقامی (سەعید تەها کۆیی)، چۆڵ بوو. ژێر پردەکە و بازاڕی پەلەوەر، کەسی لێ نەبوو. بەربەلەدێکە، کشومات بوو. لای مزگەوتی گەورە، چەند کەسێکی سەر بە هێزەکانی ئاساییش و ئۆتۆمۆبێلی خۆڵەکەی شارەوانی لێ بوون. لای دادگە(محکمە) یەک دوو نەفەر دەبینران، دەوروبەری سینەما سیروان و عەرەبانچییەکان، بێدەنگ بوون. بەردەرکی سەرا، گرووپێک لە هێزەکانی ئاساییش بە دەمامک و دەسکێشەوە چاودێری ئەو ناوەیان دەکرد. شەقامی ئۆرزدی و جادەی سجن تەواو خامۆش بوون. ئەسحابەسپی و ماسی فرۆشەکان، دەنگیان لێوە نەدەهات و جگە لە ١٢-١٥ کەسی هێزەکانی ئاسایش و تاکە تاکەی رێبواران، کە هەردوو لایان دەمامک و دەسکێشیان پۆشیبوو، کەسی ترت نەدەبینی. مۆبایلەکەم بۆ وێنەگرتن بە دەستەوەگرت و لە دوامەوە پۆلیسێک گوتی: ئەوە چی دەکەیت؟
من: وێنەی زۆربەی شوێنەکانی ناو سەنتەری شارم گرتووە و دەمەوێ وێنەی ئێرەیش بگرم.
پۆلیس: هیی هەموویت گرتووە؟
من:بەڵێ، بۆ؟
پۆلیس: ئەو مۆبایلەم بدەرێ.
من: نایدەیم.
پۆلیس: هەموویان دەورم دەدەن و یەکێکیان دەیڵێتەوە: مۆبایلەکەتم بدەرێ.
من: دەیشکێنم و نایدەمە دەستت.
پۆلیس: بۆ وا قسە دەکەیت.
من: لەبەر ئەوەی کارێکی نایاساییم نەکردووە.
پۆلیس: هەویەکەتم بەرێ.
من: ئەم بەزمە نەبڕایەوە، سەردەمی بەعسە؟ هەویەم پێ نییە.
بۆ ماوەی دە دەقیقەیەک بە قڕەقڕ هاتین و دواتر یەکێکیان نەرمتر گوتی: با لەیەک حاڵی بین، فەرموو تۆ قسەکانت بکە.
من: هەندێ وێنەی شارم ،وەک بەڵگە، بۆ بابەتێکی فەیسبووک پێویستە، کە تێیدا باس لە رۆڵی خەڵک و ئێوە و لیژنە پزیشکییەکان بکەم.
پۆلیس: ئێستا لێک حاڵی بووین، بەڵام دەبوو هەویەت پێ با، ئاخر ئەگەر ئێستا تۆ لە کۆڵانێکدا، بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە، وەفاتت کرد، چۆن بتناسینەوە.
من: تۆ راستەکەیت، بیرم بۆ ئەوە نەچووبوو.
پۆلیس:خوات لەگەڵ، سەرکەوتوو بیت.
من:ئەگەر پێویستە، دەتوانیت سەیری مۆبایلەکەم بکەیت.
پۆلیس: پێویست ناکات، خوات لەگەڵ.
ملی رێم بەرەو مەزادخانە و فولکەی خانەقا گرت، گرووپێکی تر لە پۆلیسی ئاساییش و هاتوچۆی لێ بوو. داوام کرد وێنەیان لێ بگرم گوتیان: ئەمرمان پێ نییە.
بە جادەی سەرشەقامدا شۆڕ بوومەوە، پیرەپیاوێکی قنج بە لاقرتێوە لێی پرسیم: ئەرێ بازاڕ وا لە کوێوە؟ دەستی تەوقەی بۆ درێژ کردم. منیش گوتم : مامۆ گیان با دەسومۆچان نەکەین و ئەم نەخۆشییە بێچاووڕووە و بێ ئاگاداری، سەر لە هەموو جێیەک دەدات. پیرەپیاو بە پێکەنینەوە گوتی؛ کورە بیخە سەر کێرت، ناشێ باوەڕ بەو شتانە بکەیت! دواتر رووی لە دەباشان کرد و گوتی : خۆ ئەگەر راست بێت، پەنا بە خوا روو لەو سەری رەش و شتانە بکات. لە خوارتر گەیشتمە لای دوو لاو، لەبەردەم دووکانێک دانیشتبوون و پێدەچوو لە یەک خێزان بن، دەمامک و دەسکێشیان بیر نەچووبوو.
کە گەیشتمەوە ماڵ، تەلەفزیۆنم پێکرد، لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی، سەباح هەورامیی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەیگوت: سێ هەزار کەس بۆ پشکنین، خۆیان گەیاندۆتە خەستەخانەی (عەلی ناجی)، لە تێکستی بەشی ژێرەوەیش نووسرابوو: وەزارەتی دارایی : دابەشکردنی مووچە بۆ ماوەیەکی نادیار دوادەخرێت.
دلێر سەلیم
١٤/٣/٢٠٢٠
به‌روار:  20/03/2020
502   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   31
کۆی سه‌ردان:   29252674