ئەو ژنراڵەی زۆربەی شەڕەکانی کوردی کرد بە کۆرۆنا مرد
ئایتاچ یاڵمان فەرماندەی پێشووی هێزی زەمینی سوپای داگیرکەری تورک کە ڕۆلێکی بەرچاوی لە کۆمەڵکوژییەکانی زیندانەکان هەبووە، بە کۆرۆنا مرد.
ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە ڕاگەیاندنەکانی تورک بڵاویان کردەوە کە ئایتاچ یاڵمان لە تەمەنی ٨٠ ساڵێدا لە نەخۆشخانەیەکی سەربازی مردووە، بەڵام ڕۆژنامەنووسێکی تورک ئاشکرایکرد، کە ئەو کەسە بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆنا مردووە.
سایگی ئۆزتورک بابەتەکەی خستە ڕۆژەڤەوە و لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی "کەرەتە" ڕایگەیاند، کە یاڵمان بە کۆرۆنا مردووە و لاشەکەی بە شێوەیەکی بێدەنگ و بەبێ ئاگاداری کەسوکاری شاردراوەتەوە.
ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاشکراشیکردووە کە ژن و خۆشکێکی ئەو ژنراڵە تورکەش تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنابوون و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەدان.
لە کاتی گەلەکۆمە نێودەوڵەتییەکەی دژی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، ئایتاچ یاڵمان وەک فەرماندەی سوپای دووەمی دەوڵەتی تورک ئەرکدارکرابوو، هەر ئەو ساڵەبوو کە پەیمانی ئەدەنە لە نێوان سوریا و تورکیا دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد واژۆکرا، ئەو ژنراڵە تورکە لەسەر ناوی دەوڵەتی تورک دانوستانەکانی لەگەڵ دیمەشق لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوە دەبرد، لە کاتی هێرشەکان بۆ سەر باشور و باکوری کوردستان، یاڵمان فەرماندەی گشتی جەندرمەی تورک بوو، دواتریش بووە فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای داگیرکەری تورک.
لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا، لە زیندانەکانی تورکیا سەدان گیراوی سیاسی ئەندامی ڕێکخستنە شۆڕشگێڕییەکان دەستیان بە مانگرتن کرد و دوای ماوەیەک مانگرتن بۆ مردنیان ڕاگەیاند، لە ڕۆژانی ١٩ و ٢٢ی کانونی یەکەمی ساڵێ ٢٠٠٠ـدا سوپا و پۆلیسی تورک هێرشیان کردە سەر ٢٠ زیندان، لەو هێرشانەدا ٢٨ زیندانی کوژران و شەشی دیکەش سووتێندران، سەدان زیندانیش برینداربوون، ئەو کاتە ئایتاچ یاڵمان فەرماندەی گشتی جەندرمەی تورک بوو.
ڕۆژ نیوز
بهروار: 19/03/2020
524 جار خوێندراوهتهوه
|