تێستکردنى ڤایرۆسی کۆرۆنا بە یەک دڵۆپ خوێن و لە ١٥ خولەکدا
کۆمپانیایەکی ئیرلەندی، شێوازێکى نوێی تێستکردنى ڤایرۆسی کۆرۆناى پەرەپێداوە کە تەنیا بە یەک دڵۆپ خوێن و لەماوەی ١٥ خولەکدا ئەنجامی تێستەکە دەردەچێت و تەنیا لەڕێگەی گۆڕینی ڕەنگەکەوە دەزانرێت ئەنجامی تێستەکە پۆزەتیڤە یان نێگەتیڤ (ئەو کەسە توشبووە یان نا)، هەموو کەسێک دەتوانێت لەماڵەوە تێستی خۆی بکات.
کۆمپانیا ئیرلەندییەکە پەرەی بەشێوازی تێستکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دا و توانی کیتێک پەرەپێبدات کە تێستکردنی نەخۆش لە ٤ کاتژمێرەوە بۆ ١٥ خولەک کەمبکاتەوە، ئەمەش دەبێتە چەکێکی بەهێز بە دەست تیمە پزیشکییەکانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای نوێ.
تێستەکە هاوشێوەی ئەو تیستەیە کە بۆ تێستی دووگیانی لە ئافرەتاندا بەکاردەهێنرێت و ئێستا لە ژێر تاقیکردنەوەدایە، بەڵام ماوەی تێستکردنی نەخۆشی کۆرۆنای نوێ لە ٤ کاتژمێرەوە بۆ ١٥ خولەک کەمدەکاتەوە و بڕیارە لەماوەی هەفتەیەکدا بەرهەمەکە بەتەواوی بڵاوبکرێتەوە، مۆڵەتی بەکارهێنانی لە ئێرلەندا وەرگرتووە و ئێستا لە بەشێک لە نەخۆشخانەکان بەکاردەهێنرێت.
شێوازی تێستەکە لەڕێگەی وەرگرتنی تەنها یەک دڵۆپ خوێنی نەخۆشەکەیە و دکتۆر ریان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەش دەڵێت، "لەکۆتاییدا توانیمان چەکی کلینیکی بەرەنگاربوونەویە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بەدەست بهێنین."
دەشڵێت، "هەر لەگەڵ بە ڤایرۆسەکەمان زانی دەستمانکرد بە کارکردن لەسەر ئەمە، پەیوەندیمان لەگەڵ چین هەیە و ئەمەش وایکرد پێش بە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بکەوین."
روونیشیکردووەتەوە، "بۆیە لەگەڵ هاوبەشێک کارمان لەسەر پەرەپێدانی تێستەکە کرد تاکو بتوانین بیخەینە بازاڕەوە، مۆڵەتی بەکارهێنانیشی هەیە لە ئێرلەندادا. پێویستە لەم جەنگەدا لە یەک سەنگەردا بین و هەروەک جەنگ وایە، بەڵام پێکەوە و بە یەکگرتوویی دەمێنینەوە تاکو تێیدەپەڕێنین."
ریان ئاماژەبەوەشکردووە، "ئەم تێستە جارێ تەنیا بۆ توێژینەوەیە، بەڵام چەندین پەیوەندییان لە نەخۆشخانەکانی ئیرلەندا و بەریتانیا و جیهانەوە پێوەکراوە و پێویستمان بە شێوازێکی خێرای وەڵامدانەوەیە بۆ ئەم ڤایرۆسە."
دەشڵێت، "لە جیهاندا کێشەی کەمیی ماددە خاوەکان هەن کە لە ئامێرەکانی تێستکردن بەکاردێن، و پێشموایە زۆربەی خەڵکی نازانن کە چ ئەرکێکی زەبەلاح لە پشکنیندا هەیە."
روونیشیکردووەتەوە، "پێویستە سەرجەم ئەوانەی نیشانەکانیان تێدایە پشکنینیان بۆ بکرێن و پشکنینی خێراش بۆ کارمەندانی تەندروستی بکرێت کە لە پێشەوە لەگەڵ قەیرانەکەدا مامەڵە دەکەن."
دەشڵێت، "کۆمپانیا گەورەکانیش خواستیان لەسەر پشکنینە خێراکە دەربڕیووە، چونکە نیگەرانن لەوەی کارمەندەکانیان کاتێکی زۆر لەدەرەوەی ئۆفیس و لە کەرەنتیندا بەسەربەرن."
ریان پێشیوایە، "دەبێت پشکنینەکان تەنیا لەلایەن پزیشکان و کارمەندانی دیکەی تەندروستییەوە ئەنجامبدرێن."
لەئێستادا تێستی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ چوار کاتژمێری پێدەچێت و لەڕێگەی ئامێری پێشکەوتوی (PCR)ەوە دەکرێت، بەڵام ئەو بەرهەمە کات و تێچوو دەگەڕێنێتەوە و تەنیا لەڕێگەی گۆڕینی ڕەنگەوە لە تێستەرەکە دەزانیت کە پۆزەتیڤە یان نێگەتیڤ، هەموو هاوڵاتییەک دەتوانێت تێستی خۆی بکات لەماڵەوە، لەئێستادا داواکارییەکی زۆر لەسەر بەرهەمەکە هەیە و لە جیهانەوە پەیوەندی بە کۆمپانیاکەوە دەکرێت.
شێوازی تێستی ئێستای کۆرۆنای نوێ قورسایی خستووەتە سەر تیمە پزیشکییەکان لە جیهاندا و ناتوانن تێستی زۆر بکەن یان تێستەکان هۆکاردەبن بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە کاتێک نەخۆش سەردانی بنکە تەندروستییەکان دەکات.
ئێن ئاڕتی
بهروار: 18/03/2020
477 جار خوێندراوهتهوه
|