بەسێ ئانوش یەکەم شەهیدی ژنە لە ناو پەکەکەدا
بەسێ ئانوش ساڵی ١٩٦٠ لە ناوچەى پازارجخی مەرەش لە دایکبوو. دواى کۆمەڵکوژیی مەرەش لە ساڵی ١٩٧٨ بەشداری ریزەکانى پەکەکە بوو. چالاکانە جێی خۆی لە ناو تێکۆشاندا گرت. لە ١٧ی ئاداری ١٩٨١ لە مەرەش لە ئۆپراسیۆنێکى دەوڵەتى تورک دا شەهیدبوو. بەسێ ئانوش کە یەکەم شەهیدی ژنە لە ناو پەکەکەدا، بووە سیمبول و هێمایەک. ئەلیف رۆناهی هاوڕێی بەسێ ئانوش لەبارەییەوە قسەى بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) کرد.

ئەلیف رۆناهی سەرەتا سەرنجی خستەسەر داوا و هەوڵە گەورەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ ئافراندنی ژنی ئازاد و رایگەیاند، لە ناو پەکەکەدا ئافراندنی ژنی ئازاد و نووسینی مێژووی ژن پێکەوە بەڕێوەدەچن.

رۆناهی وتی، ساڵانى سەرەتای دامەزراندنی پەکەکە بۆ ژنان زۆر قورس و دژوار بوو و وتیشی "کۆمەڵگە سەرەتا بە خۆشبینی پێشوازیی لە بەشداربوونی ژنانی لە ناو پەکەکەدا نەدەکرد. ئەو عەقڵییەتە لە کوردستاندا زاڵ بوو، کە ژنی بە ناموس دەزانی. لە ئەنجامی تێکۆشانی بێهاوتادا هەندێک پێشکەوتن روویاندا. بێگومان پێشکەوتنەکان بە ئازار و زەحمەتى و قورسی روویاندا. هەر لە خۆیدا ژنانیش هۆشمەندیی بەهێزی ئازادییان نەبوو. بەشداربوونیش لەو کاتەدا بە هەستی وڵاتپارێزی و نزیکایەتیى چەپ – سۆسیالیست روویان دەدا.

ئەوانەى سەرەتا بەشدار بوون رۆشنبیر بوون. زۆربەیان خوێندکار و گەنج بوون. هەڤاڵ سارا، هەڤاڵ ساکینە کاراکۆچان، تورکان دەرین، بەسێ ئانوش، عەزیمە دەمیرتاش، سوڵتان یاوز، رەحیمە قەهرەمان، خانم یاڤەرکایا، ساکینە قرمزی تۆپراک، سەمیعە ئاشکان و چەندین ژنی تر بەشداری ریزەکانى پەکەکە بوون. لە ساڵی ساڵانى ١٩٨٠دا ژنان بەشداری کار و تێکۆشانیان لە زۆر ئاست و گۆڕەپانی جیاجیادا دەکرد. هەندێکیان دەستگیرکران. ژنانیش لە ناو دەستەى یەکەمدا (دەستەى یەکەمی گەریلا) بوو، کە گەڕانەوە بۆ وڵات".

گەریلا ژنەکان کاریگەریی زۆر گەورەیان لەسەر گەل دروستکرد

ئەلیف رۆناهی باسی ئەوەیکرد، بەسێ ئانوش ماوەیەکى کەم لە دواى بەشداربوونی لە ریزەکانى پەکەکەدا شەهید بوو و وتی "گەرچی هەڤاڵ بەسێ ماوەیەکى کەم لە دواى بەشداربوونی لە ناو ریزەکانى پەکەکەدا شەهید بوو، بەڵام بە هەڵوێستەکانى کاریگەریی لەسەر پێشکەوتنى بزووتنەوەى ژنان دروستکرد. لە بۆچوونی کلاسیک لەسەر ژن تاوەکو کاریگەری گەریلای ژن لە ناو گەلدا و پێداگری و ورەی ژنان لە گۆڕەپانی سەربازی، لە ناو پەکەکەدا لایەنگری و خۆشەویستیی بۆ ژنان بەهێزتر کرد. سەرباری ئەوەى بەشداربوون و هەڵوێستی هەڤاڵانى ژن لەو کاتەدا کەم بوو، بەڵام ئەگەر ئەوەش نەبوایە ئێستاش بڕوا بە شەڕ و شۆڕشگێڕیی ژنان لە ناو پەکەکەدا دروست نەدەبوو.

لەبەر ئەوەیە بەشداربوونەکانى سەرەتا زۆر گرنگن. بۆ ئێمە زۆر گرنگن، کە ئێمە ئەو هەڤاڵانمان ناسی، لێیان تێگەیشتین و لێیان فێر بووین. مێژوو تەنها ئەوە نییە، کە نووسراوە، بەڵکو لە هەمان کاتدا ئەوەشە کە مرۆڤ تیایدا ژیاوە و ئەوەشە کە روویداوە. لەبەر ئەنجامی ئەو ئەزموونانەى لەگەڵیان ژیاین، لێیانەوە فێر بووین و تێگەیشتن. لە ناو کۆمەڵگەى کورددا ژن چۆن ئازاد بوون، ئەوە چۆن بەدیهات و بە چ شێوەیەک خۆی گەیاندووەتە ئەم ئاستە و ئەم سەردەمە، ئێستا لە ناو هەموو میللەتەکاندا ژنان لە ناو پەکەکەدا بووەتە بابەتێکى زۆر گرنگ".

دواى کۆمەڵکوژیی مەرەش دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد

رۆناهی لەو چوارچێوەیەدا سەرنجی خستەسەر بەسێ ئانوش و وتی "هەڤاڵ بەسێ دواى کۆمەڵکوژیی مەرەش لە ساڵی ١٩٧٨ بەشداری ریزەکانى پەکەکە بوو. کۆمەڵکوژیی مەرەش کاریگەرییەکى زۆر قورسی لەسەر هەڤاڵ بەسێ دروستکردبوو و لەبەر ئەوەش دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە و گەڕان بە دواى هۆکارەکانى ئەو کوشتارەدا. دواى کۆمەڵکوژیی مەرەش بڕیاریدا کە بەشێوەی زۆر چالاکانە بەشداری ریزەکانى تێکۆشان بێت.

لەو چوارچێوەیەدا چوو بۆ زۆرێک لە گوندەکانى پازارجخ، لە گوندەکاندا لەگەڵ گەل، بە تایبەتى لەگەڵ ژنان کۆدەبووە و باسی خۆپاراستنى لە فاشیزمی دەوڵەتى تورک دەکرد. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا لە گوندەکاندا پەروەردەى چەکی بە ژنان دەدا. لە پەروەردانەدا هەم لە رووی سەربازی  و هەم لە رووی رێکخستنەوە راهێنانى پێدەکرن و فێری دەکردن، کە چۆن لە بەرامبەر ئگەری هێرشێکى چاوەڕوانکراودا خۆیان بپارێزن. کاتێک ئێمە ئێستا بیر لە هەوڵەکانى هەڤاڵ بەسێ دەکەینەوە باشتر لەوە تێدەگەین، ک خۆپاراستنى ژنان و پاراستنى ژنان بە چەک چییە و چۆنە و چەند گرنگە.

هەڤاڵ بەسێ لەبەر ئەوەى یەکەم شەهیدی بزووتنەوەى ژنانە، بۆ ئێمە یەکێکە لە بناغە گرنگ و سەرەکییەکان. نزیکەى ٣ مانگ ئێمە پێکەوە لە چیاکان و دەشتەکاندا بووین. لەو ماوەیەدا کەسایەتیی ئەو هەڤاڵە کاریگەرییەکى زۆری لەسەر من دروستکرد. بە تایبەتی ئەزموونی لەسەر ژیان، ئاستی کۆمەڵایەتی بوونی کەسایەتیى و ئەو بناغە کولتوری و کۆمەڵایەتییە بەهێزەى لەگەڵی بوو کاریگەریی زۆری لەسەرم دروستکرد. ئاستی پەیوەندیی لەگەڵ هاوڕێکانی بەهێز بوو، خوڵقێنەربوو، لە رووی سەربازیشەوە هەموو کات هەوڵی دەدات رێوشوێنى پێویست بگرێتەبەر. فەرماندەى دەستەکەمان هەڤاڵێکى پیاو بوو، بەڵام هەڤاڵ بەسێ هەموو کات بۆچوونەکانى خۆی دەخستەڕوو، رێگای نیشان دەدا و پێشەنگایەتیی دەکرد. زۆر بە گرنگی دەزانی کە گەل هۆشیار و زانا بکات. تایبەتمەندییەکى تری هەڤاڵ بەسێ ئەوە بوو، سەرباری ئەوەى راهێنان و پەروەردەی سەربازیی نەبینیبوو و ئێمە هۆشمەندی و عەقڵییەتی گەریلایەتیمان نەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەى، ئەوەى لە کۆمەڵکوژیی مەرەشدا بینیبوی، وایکردبوو کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فاشیزمی ١٢ی ئەیلول، کە لە دژی گەل بوو، دەست بە لێکۆڵینەوە و بە دواداچوونێکى بەهێز بکات". 

هەزاران ژن لە کوردستاندا هەیە و کاتێک شەهید بووم ناهێڵن چەکەکەم لەسەر عەرز بمێنێتەوە و چەکەکەم هەڵگرن

رۆناهی ئاماژەى بەوەشکرد، بەسێ ئانوش کەسێک بوو توانای پێشبینیکردنی هەبوو و وتی "رۆژێک ئێمە لە دەوری ئاگرێک دانیشتبووین و لە ناو قسەکاندا فەرماندەى دەستەکەمان وتی 'من شەهیدبم نیگەران نابم، کوڕێکم هەیە و چەکەکەم هەڵدەگرێت، بەڵام تۆ کاتێک شەهید بوویت منداڵت نییە چەکەکەت هەڵگرێت'. هەڤاڵ بەسێ-یش بە پێکەنینەوە وتی 'تۆ کوڕێکت هەیە، بەڵام ئەگەر من شەهید ببم  سەدان و هەزاران ژن لە کوردستاندا هەیە، کە چەکەکەم هەڵدەگرن و لە چیاکانی کوردستاندا شەڕ دەکەن'.

قسەکەى ئەو لەو کاتەدا بۆ ئێمە وەک خەونێک بوو، بەڵام ئەو توانای پێشبینییەکی بێهاوتای مێژوویی بوو. ژنانی کورد ئێستا نەک بە سەدان، بەڵکو لە چوارپارچەدا بە هەزاران ژن سوپای ژنانیان دروستکردووە و لە دژی داگیرکەری و لە دژی داعش شەڕێکى بەهێز دەکەن. هەڤاڵ بەسێ لەو کاتەدا ئەم پێشبینییەى ئێستای کردبو.

دوژمن بە بەردەوامی داوای "خۆبەدەستەوەدانی" دەکرد

رۆناهی لەبارەى شەهادەتی بەسێ ئانوش وتی "لەو کاتەدا لە باشوور رۆژئاوا دەستەى گەریلایی دروستبوو بوون. لە ناو دەستەیەکى ٥ کەسیدا ئێمەی ٢ هەڤاڵی ژن هەبووین و ٣ هەڤاڵەکەى تریش پیاو بوون. هەڤاڵ بەسێ شەوێک لە ماڵەکەی خۆیانەوە نامەیەکی نارد بۆمان و لە نامەکەدا نووسیبوی "من ئیدی لێرە نامێنمەوە، وەرن بمبەن'. ئەو شەوە من و هەڤاڵێکى پیاو چوین بۆ شوێنى یەکتر بینینەکە، بەڵام هەڤاڵ نەهاتبوو. لەبەر ئەوەى دوژمن ماڵەکەیانی گەمارۆدابوو نەیتوانیبوو بێت بۆ لامان. ئیتر ماوەیەک دواى ئەوە و لە کاتێکى تردا هات بۆ ناومان. لە گوندەکان کەسانی لە ٧ ساڵ تاوەکو ٧٠ ساڵ کۆدەبوونەوە و هەڤاڵ بەسێ کۆبوونەوەى پێدەکردن و قسەى بۆ دەکردن. ئێمە چووین بۆ گوندێک و کۆبوونەوەیەکى رێکخست. لەو کاتەدا دەوڵەتى تورک یاسایەکى دەرکردبوو، هەر کەس چەکی هەبێت دەبێت لە ماوەى ٣ مانگدا چەکەکەى رادەست بکات. بڕیاریاندابوو لە ماڵی کێدا چەک هەبێت خاوەنە ماڵەکە دەستگیر بکەن و زیندانیی بکەن. گەل لەو دۆخەدا رایگەیاند، ئامادەن چەکەکانی خۆیان بدەن بە ئێمە و نەیدەن بە دەوڵەت و چەکەکانی خۆیان پێداین.

ئێمە لەو شەوەدا چەکی گوندییەکانمان لە شوێنێکدا شاردەوە. دواتر ئێمە لە ناوچەکەدا هەندێک پەناگەمان بۆ خۆمان دروستکرد و ئێمە لە یەکێکیاندا دەماینەوە. ئێوارە بوو و وتمان شوانێک هاتووە و لە پەناگەکە هاتینە دەرەوە. کاتێک شوانەکەش ئێمەى بینی ئێمە یەکترمان ناسی. ئێمە وتمان ئەگەر راپۆرتمان لێ بدرێت و شوێنەکەمان ئاشکرا بکرێت ئەوە ئیدی کاری ئەوە. ئەویش سوێندی خوارد و وتی، بە کەس ناڵێت، بەڵام ئەو شوانە دانیشتوی گوندێکى فاشیستەکان بوو و کاتێک چووبووە بۆ گوندەکەى یەکڕاست زانیاریی بە دەوڵەت دابوو. لە ١٧ی مانگدا دوژمن دەستی بە ئۆپراسیۆن کرد و ئێمەى گەمارۆ دا.

بەرەبەیان لە کاتژمێر ٥ بۆ ٦ کە هەڤاڵ بەسێ پاسەوانیی دەدا هەستى بە جموجوڵی سەربازەکان کردبوو. سەربازەکان لقی و پۆپی دارەکانیان بە خۆیانەوە بەستبوو و بەو شێوەیە دەهاتنەپێشەوە. کاتێک نزیکمان بوونەوە هەڤاڵ بەسێ بینیبوونی، کە ئەوانە دوژمنن. لەو کاتەیا ئاگاداری کردینەوە و ئێمە لە شوێنى خۆمان هەستاین و رامانکرد. دواى ئەوەى ماوەیەک رامانکرد لە پڕ دەنگی تەقە نەما و ئێمە ئیدی دەنگی قاچی دوژمنمان دەبیست. ئەوان داوای "خۆبەدەستەوەدانیان" لێکردین. ئێمە خۆمان بە دەستەوە نەدا و دەرفەتى ئەوەشمان نەبوو سەنگەریان لێ بگرین و دەست بە شەڕ بکەین. ئێمە تەنها هەوڵمان دەدا خۆمان لە گەمارۆکە رزگار بکەین. ئێمە و دوژمن تێکەڵی یەکتر بوو بووین.

هەزاران کەس لە پازارجخ بەشدارییان لە مەراسیمى بە خاکسپاردنی تەرمی بەسێ ئانوش دا کرد

لە ناکاو سەربازێک قاچی خستە بەر قاچم و من بەسەر ئەو هەڤاڵەدا کەوتم کە لە پێشمەوە بوو. ئێمە پێکەوە کەوتین بە زەویدا و ئێمەیان دەستگیرکرد و دەستیان بەستینەوە. کاتێک ئێمەیان بردە سەرەوە بینیمان هەڤاڵ بەسێ دیار نییە و لەو کاتەدا سەربازێک بە راکردن هات بۆ لای فەرماندەکەى و پێی وت، یەکێک لە خوارەوە شەهید بووە. فەرماندەکەش وتی 'بچن بیهێنن'. چوون هەڤاڵ بەسێ-یان هێنا. کاتێک هێنایان ئێمە بینیمان، کە هەڤاڵ شەهید بووە. ئێمەش ٤ هەڤاڵ بووین، کە دەستگیرکرابووین. ئێمەیان بە ئۆتۆمبێل برد بۆ پازارجخ. لەو کاتەدا لە پازارجخ و دەورووبەریدا ٣ هەزار کەس بەشدارییان لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی هەڤاڵ بەسێ دا کرد. خەڵک دارەمەیتەکەى هەڤاڵ بەسێیان لە پازارجخەوە تاوەکو گوندەکەى ماڵ هەڤاڵ بەسێ بە شان برد. سەرباری ئەوەى دوژمن گەمارۆی دابوون و دەووری گرتبوون، بەڵام بەهۆی زۆریی جەماوەرەوە سەربازەکان نەیانتوانی رێیان لێ بگرن. ئەوە یەکەمجار بوو لە پازارجخ مەراسیمێکى جەماوەریی لەوشێوەیە رێکبخرێت.

بۆ بەرز راگرتنی یادی هەڤاڵ بەسێ سوپابوونی ژنان راگەیاندرا. کۆمەڵەکانی ژنانى کوردستان (کەژەکە - KJK) دامەزرا. حیزبی ژنان دامەزرا. ئەوانە هەموو وەڵامبوون بۆ وەسیەت و هێنانەدیی خەونی ئەو ژنانە لە سەرەتای حیزبدا بەشداری ریزەکانى پەکەکە بوو بوون".

فورات نیوز
به‌روار:  18/03/2020
281   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   205
کۆی سه‌ردان:   29231499