عومەری خاوەر كێیە؟
(سبەى):

عومەری خاوەر، ئەو پیاوە جل کوردیە جامانە لەسەرەى بە سۆزى باوکێتییەوە تا دواهەناسەى منداڵەکەى لەباوەش گرتوە و وێنەکەى بوە سیمبولى قوربانیدانى هەڵەبجە.

عومەر حەمەساڵح ناسراو بە (عومەری خاوەر) ساڵی (1934) لەدایكبوە، بنەماڵەكەی خەڵكی ناوچەی گەرمیان بون لەشارۆچكەی باوەنور، دواتر رویان لە هەڵەبجە کردوە و لەوێ گیرساونەتەوە.

عومەری خاوەر، کە لەنێو براکانیدا تەنیا ئەو بەناوی دایکییەوە بانگکراوە، لەژیانیدا دو جار هاوسەرگیری کردوە، هاوسەری یەكەمی نزیكەی چوار مانگ پێكەوە دەبن‌ و دواتر جیا دەبنەوە، لە هاوسەری دوەمی بەناوی سامیە (10) منداڵی دەبێت.

نەریتی ئەوكاتی كوردەواریی وابوە زۆرتر كەیفخۆش بون بەمنداڵی كوڕ، عومەری خاوەر لەوەدا شانسی نابێت، تا نزیكەی كۆتایی تەمەنی حەوت كچی بوە (گەرمیان، كوێستان، تارا، شیلان، جوانە، ژیان، بەیان) دوای ئەو حەوت كچ، عومەر و سامیە دەبنە دایك‌ و باوكی كوڕێك‌ و لەخۆشیاندا ناوی دەنێن (حەمەشوان)  و ئەو منداڵەیان لە تەمەنی سێ ساڵیدا بەنەخۆشیەك گیانلەدەستدەدا.

ساڵێك دوای مردنی حەمەشوان، بەخت رو دەكاتە خێزانەكەی عومەر، سامیەی هاوسەری دوانەیەکی كوڕی دەبێت، عومەر بێ سێ ‌و دو ناویان دەنێت (ئەحمەد و محەمەد) تائێستا رون نیە عومەری خاوەر كە هێندە هۆگری ناوی كوردی بوە، كوڕەكانی بەناوی كوردیی ناونەناون، بەڵام ناوی كچەكانی هەمویان كوردین. لەبەر ئەوەی دو كۆرپەكەی دوانەن تا ئێستا رون نیە ئەو منداڵەی لەباوەشیدا پێكەوە مردون ئەحمەدە یان محەمەد.

ئاشنا و هاوڕێكانی دەڵێن پیاوێكی باش بوە لەگەڵ دەوروبەرەكەی، "دڵتەڕ" و هەمیشە شیكپۆش بوە، لەساڵانی گەنجێتی‌ و كامڵبونی تەمەنیدا عومەر لەشارەكەدا ناوێكی بەرچاو بوە و ئەكتەرێكی باشی شانۆ، هەڵپەڕكێ زانێكی بەسەلیقە و خۆشڕو، پیاوێكی كۆمەڵایەتی‌ بوە.

لەزۆربەی بۆنە نەتەوەییەكانی شارەكەیدا بەشداریی كردوە بەوە ناسراو بوە هەڵپەڕكێی بەباشی زانیوە و ئەو ئاهەنگانەی بەشداریى تێدا کردوە چێژێكی زیاتری هەبوە، قەدو باڵا ناوەند و هەڵەشە نەبوە، بەڵام خاو خلیچكیش نەبو، ئەوكاتەی شارەكەی بۆمبارانكرا عومەری خاوەر بەیانیان كاری نانەو‌ایی كردوە دوا نیوەڕوان پاسەوانی (باخچەی ساوایانی هەڵەبجە)بوە.

بەپێی گێڕانەوەی کەسە نزیکەکانی، (20) خولەک پێشی ئەوەی یەكەم ناپاڵم بكەوێتە خوارەوە بەسەر هەڵەبجەدا (عومەری خاوەر) گوێی بۆ هەواڵ هەڵخستبو لە رێگەی رادیۆیەكی بچوكەوە، بەڵام دوای نیوسەعات مردنی خۆی‌ و منداڵەكەی بونە گرنگترین وێنە بۆ ئەوەی دنیا بزانێ چی رویداوە لەشارەكەی.

ئەمڕۆ (16/3)، ساڵیادى تاوانى کیمیابارانى هەڵەبجەیە لەلایەن رژێمى بەعسەوە، ئەو تاوانەى پێنج هەزار هاوڵاتى کردە قوربانیى بوە ناسنامەى جینۆسایدى گەلى کورد و عومەرى خاوەریش بوە یەکێک لە سیمبولەکانى.
به‌روار:  17/03/2020
283   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1255
کۆی سه‌ردان:   29264872