کۆرۆنا و مرۆڤ..!

ئەگەر کۆرۆنا بەئاگا بووایە و هەستی هەبووایە هەرگیز مرۆڤی نەدەکردە خانەخوێ بۆ خۆی، ئەو نازانێت بونەوەرێکی هەڵبژاردوە لەنێو شیردەرەکان زۆر لەخۆی ترسناکترە..!

ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکەی سێ مانگە لەوەتەی لەنێو مرۆڤەکان بڵاوبۆتەوە 3 بۆ 4 هەزار مرۆڤی کوشتووە، بەڵام هەموو ڕۆژێک لایەنی کەم 700 بۆ 800 مرۆڤ لەلایەن مرۆڤی ترەوە تەنیا بەچەک دەکوژرێن لە سەرانسەری جیهان، دڵنیام کۆرۆنا دوای ماوەیەکی کەم کۆنتڕۆڵ دەکرێت، بەڵام بەداخەوە کوشتنی مرۆڤەکان لەلایەن خۆیانەوە هەر بەردەوام دەبێت..!

کۆرۆنا دەیەها ملیۆن ساڵە پێش مرۆڤیش هەر هەبووە لەسەر زەوی، سروشت ڕێگەی پێداوە لەنێو خانە و لەشی هەندێک لە شیردەر و باڵندەکاندا بژییت، تەنیا زیانی بەو کۆمەڵە زیندەوەرە گەیاندووە کە خانەخوێی ڤایرۆسەکە بوون و هیچ زیانێکی بۆ ژینگە نەبووە، بەدەر لەو چەند جۆرە شیردەر و باڵندەیەش بەگژ زیندەوەرەکانی تردا نەچۆتەوە، بەڵام مرۆڤ تەنیا نزیکەی دووسەد هەزار ساڵە لەسەر هەسارەی زەوی هەیە، تەنیا لەو چەند سەد ساڵەی ڕابردووش تاوەکو ئێستا 46% ی هەموو دارستانە سروشتیەکانی سەر ڕووی زەوی تەخت کردووە، ئەمەش واتە بڕینی ملیارەها درەخت، مرۆڤ دەیەها هەزار ئاوێتەی ژەهراوی داهێناوە و بەشێکی زۆریش لەو ئاوێتانە هەوا و ئاو خاکی زۆربەی ڕووبەرەکانیان پیس کردووە، لەڕێگەی بەکارهێنان و سوتاندنی بڕێکی ئێجگار زۆریش لە دژە ژینگەترین جۆری وزە کە نەوت و گاز و خەڵوزی بەردینە گۆڕانکاری ترسناکی لەنێو سیستەمی ژینگەیی دروستکردووە، پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەش و هەوا بەشێکن لەو گۆڕانکاریانە، مرۆڤ پتر لە نیوەی ژمارەی هەموو شیردەرە کێویەکانی لە سروشت لەناوبردوە، ڕێژەیەکی بەرچاوی لە باڵندەکان و گیاندارە ئاویەکانیشی کەمکردۆتەوە، زۆر جۆریشی لەوانە بەتەواوی لەناوبردووە..!

کۆرۆنا تەنیا 3% ی ئەو مرۆڤانە دەکوژێت کە دەچێتە نێو لەشیانەوە، کۆرۆنا نەبۆتە و نابێتە هۆی لەناوبردنی هیچ جۆرێک لە زیندەوەر (جۆر نەوەک ژمارە)، جگە لەوەی لەوانەیە زووتر بنبڕ بکرێت بەڵام ئەگەر مایەوە لەوانەیە تا ئەو پەڕی ساڵێکی تر ڤاکسینێک بدۆزرێتەوە لاوازی بکات و لەناوی ببات لەنێو مرۆڤەکان، هەرچی مرۆڤە بەهۆی وێرانکردنی ژینگە و چالاکیە لەڕادە بەدەرەکانی دەیەها ساڵە دەستی کردووە بە لەناوبردنی بەکۆمەڵی زیندەوەران لەسەر هەسارەی زەوی، تا کۆتایی ئەم سەدەیە لەوانەیە جۆرەکانی ئەو زیندەوەرانەی لەسەر دەستی مرۆڤ بۆ هەتا هەتایە لەناو دەچن بگاتە پتر لە یەک ملیۆن جۆر، ئەمەش دەکاتە لایەنی کەم 15% ی هەموو ژیان لەسەر هەسارەی زەوی..!

ئێستا خۆتان بڕیار بدەن، کامیان ترسناکترن بۆ ژیان..؟ کۆرۆنا یان مرۆڤ..؟

لوقمان حەوێز/ تێکساس
به‌روار:  13/03/2020
336   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   482
کۆی سه‌ردان:   29261259