پەرلەمانی روسیا هەڕەشەی توند لە توركیا دەكات
خەندان-

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی دوما (پەرلەمانی روسیا) بۆ كاروباری بەرگری وڵاتەكە رایگەیاند، ئەگەر توركیا لەشكركێشییەكانی بۆ باكوری سوریا فراوانتربكات، باجێكی زۆر گەورە دەدات.
ئەگەر توركیا لەشكركێشییەكانی فراوانتربكات، باجی ئەو كارەی زۆر سەخت دەدات

یوری شڤیتكین، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی روسیا بۆ كاروباری بەرگری وڵاتەكەی ئەمشەو پێنجشەممە بە ئاژانسی ئینتەرفاكس-ی راگەیاند "ئەگەر توركیا لە چوارچێوەی جەنگی ئیدلیب-دا، لەشكركێشییەكانی فراوانتربكات، باجی ئەو كارەی زۆر سەخت دەدات، پێویستە لەوكاتەشدا بەرپرسیارییەتی لێكەوتەكان هەڵبگرێت".
وەڵامی گونجاوی خۆی وەردەگرێت بە شێوەیەك كەس نامێنێت بوێرێت دژ بە وڵاتەكەمان و هێزە چەكدارەكەی هەنگاو بنێت

ئەو بەرپرسە روسییە ئاماژەی بەوەشكرد "ئەگەر ئەنقەرە هەنگاوی دوژمنكارانە هەڵبگرێت وەك جەنگكردن لەدژی دەوڵەتەكەمان، ئەوكاتە وەڵامی گونجاوی خۆی وەردەگرێت بە شێوەیەك كەس نامێنێت لەدوای ئەو وڵاتەوە بوێری ئەوەی هەبێت دژ بە وڵاتەكەمان و هێزە چەكدارەكەی هەنگاو بنێت".
روسیا تا ئێستاش پابەندە بەو رێككەوتنەوە
سەبارەت بە پێشهاتەكانی ئەمدواییەی ئیدلیب، یوری شڤیتكین وتی "ئەوەی لەئێستادا رودەدات پێشێلكاریی ئەو رێككەوتنەیە پێشتر لەنێوان روسیا و توركیا سەبارەت بەو پارێزگایە ئەنجامدرا"، بەپێی وتەكانیشی "روسیا تا ئێستاش پابەندە بەو رێككەوتنەوە".

پێش وتەكانی شڤیتكین بۆ ئینتەرفاكس، پەرلەمانی روسیا سەبارەت بە جەنگی سوریا رایگەیاند "سەربازانی روس لە سوریا ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ رێگریكردن لە هێرشی گروپە توندڕەوەكانی سەر بە ئەنقەرە لە باكوری سوریا و توانیویانە وەڵامی جەرگبڕیان بدەنەوە".

لە سەرەتای ئەمساڵەوە، جەنگی سوپای سوریا بە هاوكاری روسیا، دژ بە گروپە چەكدارەكانی پارێزگای ئیدلیب سەر بە ئەنقەرە چڕتربوەتەوە و بەوهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی ئاوارەبون، هەزارانی دیكەش لەنێو پارێزگاكەدا و لەژێر ئاگر و ئاسنی پێكدادانەكاندا گەمارۆدراون.
به‌روار:  21/02/2020
500   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   60
کۆی سه‌ردان:   29247757