تراژیدیای ژنانی کۆڵبەر
وەنەبێت دەوڵەتی ئێران نەزانێت لە سنوورەكانی سێ پارێزگای كوردستان (كرماشان، سنە، ورمێ)چی دەگوزەرێت و ئەوانەی سەرقاڵی كۆڵبەرین لەبەرچی ئەو ڕێگەی هات ونەهاتە دەگرنە بەر؟ وەنەبێـت نەزانێت ئەوانەی ئەو كارەیان هەڵبژاردووە لە چ دۆخێكی ئابووری خراپدان و پاسدارو پارێزەرانی سنوورەكانیشی چۆن ڕەفتاریان لەگەڵ دەكەن، ئەوان نەك هەر ئاگاداریی تەواوی دۆخەكەن، بەڵكو پلانی خۆیان هەیەو بەبەچاوڕوونیەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا دەكات.

كۆڵبەرییی یەكێكە لە كێشە سەرەكیەكانی نێوان هەردوو بەشە كوردستانی رۆژهەڵات و باشوور، هەرچەندە نوێنەری پارێزگاو شارو شارۆچكەكانی ئەو سێ پارێزگایە لە هەر شوێن و پێگەیەكی ئێراندا بووبن و هەن قسەیان لەو بارەیەوە كردووە، بەڵام نەك هەر دەفیان دەنگی نەداوە بگرە رۆژ لە رۆژ ڕەوشیی سەر سنوورەكان بەرەو خراپتر ڕۆشتووە. چوون چارەسەری ئەو دۆخە بە شێوازێك دەكرێـت كە لەسەروو دەسەڵاتی ئەوانەوەیە.
كۆڵبەرەكان لەنێو شاخ و دۆڵە سەختەكانی نێوان هەردوو پارچەی كوردستان كۆڵە قورسەكانیان بە پشتەوەیەو لەناخیشەوە لەترسی تەقەی پاسدارو تەقینەوەی مین و كەوتنە خوارەوەو ڕەقبوونەوە هەزارو یەك خەیاڵ بە مێشك و رۆحیاندا گوزەر دەكات، ئەوان ئەوەندەی گیرۆدەی باری گرانی ژیانن ئەوەندەی تریش باجی كوردبوون دەدەن، چوون وەك خۆیان دەڵێن ئەگەر كورد نەبوونایە پێنەدەچوو ئەو دۆخەیان بەسەر بهاتایە، گەرچی كۆڵبەریی لە بەشێكی زۆری ئەو وڵاتانەدا هەیە كە جیاوازیی لە نێوان نرخی كاڵاو شمەك هەیە لە دوو وڵاتی دراوسێداو باج و ڕسووماتی گومرگی هێندە قورسە كە خەڵكی هەژار دەرەقەتی نایەن، هەربۆیە پەنا دەبەنە بەرەو ئەو كارەسەختە، بەڵام بارودۆخی كوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانیەوە كێشەی نەتەوەیشی تێكەڵ دەكرێت.
كاری سەختی كۆڵبەریی لەبەرامبەر كرێیەك كە بارتەقای هەوڵ و ماندوو بوون و هەڵگرتن و جێبەجێ پێكردنی ئەو بارانەدا نیە كە ئەو خەڵكە هەژارە رۆژانە پێوەی سەرقاڵن، وەنەبێت ئەو كارە قورسە هەر لە ئەستۆی پیاوانی ئاساییدا بێت، بەڵكو هەندێك لەو پیاوە پیرو كەم ئەندامانەش سەرقاڵی ئەو كارەن كە ئەگەر لە وڵاتێكی دیكەدا بوونایە پێویست بوو خزمەت بكرێن و بە شێوەیەكی ئارام و دوور لە سەختی ئەو تەمەنەیان كە ماوە بەڕێزەو بەڕێی بكەن، منداڵانی خوار هەژدە ساڵیش بەشێكی دیكەی ئەو دیمەنە تراژیدیانەن كە هێشتا ئێسك و دەمارەكانیان شایانی هەڵگرتنی ئەو بارە قورسانە نین، لە هەمان كاتدا بەشێكی دیكەی ئەو كۆڵبەرانە ژنانن، ژنان  بەتەمەنە جیاوازەكانیانەوە هەڵگریی باری قورسی ژیانن و كۆڵە سەنگینەكان دەخەنە سەر پشتیان و لە پێناوی بەدەست هێنانی تیكەیەك ناندا شان بەشانی پیاوان ئەو كەژو كێوە سەختانە تەی دەكەن. وەك شارەزایانی كاری كۆڵبەری سنوورەكان باسی دەكەن تا دێت ژمارەی ژنەكان زیاتر دەبن و هەریەكەشیان هەڵگریی چەندین چیرۆكی خەمناكن.
گەرچی كاركردنی شان بەشانی پیاوان لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا شتێكی نوێ نیەو هەر لەسەردەمە كۆنەكانەوە ژنانی كورد بەشێك لە ئەرك و باری قورسی خێزانیان لەسەر شان بووە، بەڵام ئەوەی كۆڵبەری لە كاری پێشووی ژنان جیادەكاتەوە ئەوەیە  كە هەڵگرتنی نزیكەی زیاتر لە 50 كیلۆگرام بۆ ژنێكی تەمەن مام ناوەند و بەرەو ژوورتر، بەناو بەفرو بەستەڵەك و بەرزونزمی چیاكانی كوردستاندا كارێكی تا بڵێی زەحمەت و تاقەت پڕووكێنە. نەك هەر ئەوە بەڵكو پەیداكردنی كۆڵێك و پێدانی بارێك دەبێت ناسراویی یان خاترانەیەكی تێدابێت چوون بەشێك لەو ژنانەی كە خەریكی كاری كۆڵبەرین و بۆ میدیاكان قسەیان كردووە باس لەوە دەكەن هەموو رۆژێك و هەموو بارێك بە ژنان نادرێت و ئەوەش بەشێك لە نیگەرانیەكان زیاتر دەكات.
چیرۆكە ناخ هەژێنەكانی كۆڵبەری ئەوەندە زۆرن كۆتاییان نایەت، بەڵام كاتێك گوێت لە چیرۆكی كچێكی گەنجی كورد دەبێت بەناچاری ملی ڕێی كۆڵبەریی دەگرێتە بەر ئیتر دەزانیت بەدبەختی هەر ئەوەنییە كە وڵاتەكەت پارچەپارچە بووبێت و هەرلایەكیش بە زەبری ئاگرو ئاسن فەرمانڕەواییت بكەن، بەڵكو بەدبەختی بە دیوەكەی دیكەشدا ئەوەیە وەك مرۆڤێكی ئاسایی نەژیت،  بچیتەوە سەر پیشەیەك كە كوللـە مەرگی بێت و تەنها نانەسكێت بۆ بمێنێتەوەو لەگەڵ ئەوەشدا خوێنت بچنێت.
كچە كۆڵبەرێك دەڵێت: هەر كاتێك باوكم دەچوو بۆ كۆڵبەری ئەو شەوەتا بەیانی كەسمان چاومان نەدەچووە خەو، هەر بیرمان لای ئەوە بووە كەی بێتەوەو ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە بچین بەدەمیەوەو چایەكی گەرمی پێشكەش كەین و كەمێك ماندوو بوونی بحەسێنینەوە، ئەو حەوت ساڵ بەر لە ئێستا شەوێكی تەم و مژاویی پڕ لە كڕێوەو بەفر رۆشت، ئەو كاتێك رۆشت هیچی نەگووت، رۆشت و نەگەڕایەوە... دوای چەند رۆژ لەناو بەفردا دۆزیمانەوە، دەست و قاچەكانی تەزیبوون، چاوەكانیبە كراوەیی خەمێكی قووڵیان تێدا مەڵاس درابوو، دایكم نەخۆش كەوت، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئێستە خۆم ئەو كارە دەكەم، هەرجارێك كۆڵێكی قورس ئەخەمە سەرشانم باوكمم بیر دەكەوێـتەوە، ئێمە 5 خوشكین و برامان نیە، هەرچەندە كاركردن نەعەیبەو نەشوورەیی بەڵام كاری كۆڵبەری زۆر سەختە، تاقەت پڕوكێنە، گەرچی بەشێك لە پیاوەكان هاوكارییم دەكەن، بەڵام ئەوانیش گیرۆدەی كاری خۆیانن، یەكێك لە ناخۆشییەكانی ئەم كارە ئەوەیە نە داهاتووی هەیەو نە تیایدا پێشدەكەوێت، هەرچركەیەك كۆتاییت هات ئیتر لەگەڵ خۆتدا هەموو شتێك دەپێچرێتەوە، شەش مانگێك دەبێت هەموو رۆژێك دێم، پشتم بەگیریی هێناوم تووشی فەقەرات بووم، هەرچەندە خوشكەكانم دەلێن مەڕۆ بەڵام ناچارم، ئاخر ئەگەر نەیەم نان نییە  بیخۆین..
یەكێكی تر لەو كێشانەی كە لە رۆژهەڵاتی كوردستان هەیە، ئالوودەبوونە بە مادە هۆشبەرەكان، هەرچەندە لە پشتی پەرەپێدانیی مادەی هۆشبەریشەوە سیاسەتێكی تایبەتی هەیە، بەڵام گیرۆدەبوونی خێزانی ئالوودەبوو یەكێكە لە گرفتارییە گەورەكان، یەكێك لەو ژنانەی كە هاوسەرەكەی گرفتاری مادەی هۆشبەر بووە، بەناچاریی ڕوویكردوەتە كۆڵبەریی، هەرچەندە ئەوانەی دەیناسن جاوروبار پلارو قسەیەكی ساردی لەبەرامبەر دەكەن بەڵام ئەو بەناچاریی ملی ڕێی هات و نەهاتی گرتووەو رۆژانە 50كیلۆ زیاتر و بۆماوەی 4 كاتژمێر زیاتر بەناو بەفرو شەختەو سەرماو سۆڵەدادەبڕێت بۆئەوەی خەرجی منداڵەكەی دەربهێنێت و نەكەونە سەر شەقام. هەموو جارێك دەمووچاوی هەڵدەپێچێت و شەرواڵێكی پیاوانە لە پێی هەڵدەكێشێت و هاوڕێ لەگەڵ دوو برای دەچێتە كۆڵبەریی، ئەو ژنە باس لەوەش دەات لە كاتژمێر 8 بەیانییەوە لە ماڵ دەچێتە دەرەوەو كاتژمێر پێنجی ئێوارە دەگەڕێتەوە لەبەرامبەر تەنها 50 هەزار تومان دا، كە لە ئەمڕۆدا دەكاتە تەنها چوار دۆلار و نیو..
یەكێك لە میدیاكانی دەوڵەتی  ئێران بە ڕووقایمیەكی زۆرەوە نوسیویەتی: پیرەژنێكی 63 ساڵە خەڵكی گوندی نۆدشەلە كاتژمیر هەشتی بەیانییەوە كۆڵێكی 40 تا 50 كیلۆ دەگرێت بە كۆڵیەوەو دەیباتە ناو تەوێڵەی عێراق، تا دەگەڕێتەوە تاریك دەكات و دەبێـتە شەو، لەبەرامبەر ئەو كارەد تەنها 50 هەزار تومان وەردەگرێت، ئەو بۆیە ئەو كارە سەختە دەكات بۆئەوەی دەست لەكەس پان نەكاتەوە.
یەكێكی دیكە لەو ژنانەی كە خەڵكی نەوسوودی سەربە پارێزگای كرماشانە و نزیك لە تەوێڵەی پارێزگای هەڵەبجەیە، ئەگەر بە فەرمی هاتوچۆ بكەیت تەنها بە 15 خولەك ئەوا ئەو دوو شارە بەیەك دەگەن،بەڵام بەهۆی ئەوە بە قاچاخ شت و مەكەكان هاتوچۆ پێدەكرێت، باس لەوە دەكات رۆژانە دەبێت زیاتر لە هەشت كاتژمێر ئەمسەرو ئەوسەر ببڕن بۆ ئەوەی كۆڵێك بە بەهای 50 هەزار تومان بگەیەننە تەوێڵە یان لەوێوە بیهێننەوە تا نەوسوود، ئەو ژنە باس لەوە دەكات كە هەندێكجار مەئمورەكان –پاسدار یان هەرجۆرە چەكدارێكی فەرمی ئێران- دێنە ڕێگەیان و شت و مەكەكانیان دەبەن و هەندێكجاریش تەقەیان لێدەكەن، یان ئەوەیە بە هۆی بەفرەوە ڕێگە وندەكەن و دەپەڕن بەسەر كێڵگەكانی مین دا، ئەو ژنە بۆ یەكێك لە رۆژنامەكانی ئێران گوتویەتی: جارێكیان ڕێگەمان ونكردو هاوڕێكەم كەوت بەسەر مینێكی سنوورەكەدا، لەبەر ئەوەی كەس نەبوو بێـت بەهانامانەوە، خۆم هێنامە سەرەوەو گەیاندمە نەخۆشخانە، ئەوەی كەبەسەری ئێمەدا دێت یاخوا كەس نەیبینێت.
بەشێك لە میدیاكاران ئەوانەی كە لە نزیكەوە ئاگایان لە ژیان و گوزەرانی كۆڵبەرەكانە پێیان وایە جۆرێكە لە كۆیلایەتی سەردەم و لەدژی كوردەكانی رۆژهەلات و باشوور بەكاردەهێنرێت، چوون ئەگەر سامانی ئێران و هەرێمی كوردستانیش بەیەكسانی و دادپەروەریی دابەشبكرێت ئەوا ئەو مرۆڤانە پێویستیان بەو كەمە پارەیە نەدەبوو كە لە پێناویدا هەموو جۆرە سوكایەتی و ئەرك و ئازرێك بچێژن، هەندێك لەوانە پێیان وایە ئەگەر دەوڵەت بە پێی سیاسەتی تایبەت بەخۆی لەو ناوچانەدا بێكاریی هێناوەتە ئاراوە و خەڵكی ناچار كردووە بە كۆڵبەریی ، ئەوا تاوانی سەرمایەدارو خاوەن كارەكانیش لەوان كەمتر نیە، كەلەبەرامبەر كۆڵی قورسدا ئەو پارە كەمەیان پێدەدەن و بەشێكیشیان داوای زەمانەتیان لێدەكەن، هەرچەندە ڕێكخروەكانی مافی مرۆڤ و نوێنەری شارەكان بەردەوام ڕاپۆرت دەخوێننەوە بەڵام شتێك لە ژیانی ئەو كۆڵبەرانە نەگۆڕاوەو هیچ ئومێدێكیشیان بەوە نیە بگۆڕێت.
هەربۆیە تاونەتاوێك هەواڵی ڕەقبوونەوەی كۆڵبەرێك بڵاودەبێتەوە، یان لەناو شەختەو سەرمای چیاسەركەشەكانی كوردستاندا ڕێگەیان لێ ونبووەو بوەتە هۆی گیان لەدەستدانی كەسێك یان زیاتر، سێ ساڵ بەر لە ئێستا ڕێبەری ئێران بە میدیاكانی گوت: كۆڵبەرەكان شتێكی ئەوتۆیان پێ نیە لە سنورەكان هێنان و بردنی پێدەكەن، بۆیە ئەگەر ڕوبەڕوشیان نەبنەوە كێشە درووست ناكات، بەڵام ئەم قسانە نەچوونە بواری جێبەجێكردنەوە تا ئێستەش لوولەی تفەنگی سەربازەكان ڕووی لە سنگی كۆڵبەرەكانە، ئیتر ئەوان بیر لەوە ناكەنەوە ئەو كۆڵبەرە ژنە یان پیاو، منداڵە یان ئاژەڵ، هەربۆیە كارەساتەكانی سەر سنوورەكان نەك هەر كۆتاییان نایەت، بەڵكو دەبێت هەمیشە چاوەڕێی هەواڵی ناخۆشیان لێبكرێت.
پەیس پرێس
به‌روار:  25/01/2020
476   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   97
کۆی سه‌ردان:   29226972