زیندانییەک لە باکوور کۆتایی بەژیانی خۆیهێنا
یەکێک لەو زیندانیانەی کە پێشتر دژی گۆشەگیری لە زینداندا چالاکی مانگرتن لە خواردنی ئەنجامدابوو، ماوەی ٢٨ ساڵ بوو لە زینداندابوو کۆتایی بەژیانی خۆیهێنا.

نورجان باکیر، کە لە بەندینخانەیەکی شاری باڵکەسیری تورکیا، ٢٨ ساڵ بوو لە زینداندا بوو، دوای چالاکی مانگرتن لە خواردن لە زیندانی ژنانی گەبزە بۆ زیندانی بورهانیەی شاری باڵکەسیری دوورخرایەوە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی زیندانەکە بە خانەوادەی نورجان باکیر-یان ڕایگەیاند، کە "لە ژوورەکەیدا کۆتایی بەژیانیهێناوە و تەرمەکەی بۆ پزیشکی دادوەری ڕەوانە کراوە".

نورجان باکیر تەمەنی ٤٧ ساڵ بوو تەنها دوو ساڵ مابوو ئازاد بکرێت، بەر لە کۆتایهێنان بە ژیانیشی دوێنێ لە ڕێگای تەلەفۆنەوە لەگەڵ خانەوادەکەی قسەی کردووە و بە خانەوادەکەی ڕاگەیاندووە، ئەو لەدژی زوڵم بێدەنگ نابێت و هەموو ڕۆژێک ئەو منداڵانە لە خەودا دەبینێت کە دەکوژرێن.

خانەوادەی باکیر بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی بۆ شاری باڵکەسیر بەڕێکەوتوون و بڕیاڕە تەرمی باکیر لە گوندی کایاکدەرەی ناوچەی ئۆمەری میردین بەخاکبسپێردرێت.
ڕۆژنیوز
به‌روار:  16/01/2020
335   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   407
کۆی سه‌ردان:   29228593