سێ کورد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا کاندین
رووداو - بەریتانیا

سبەی لە بەریتانیا هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت و دەنگدان چارەنووسی برێکزیت یەکلایی دەکاتەوە. ململانێکە لەنێوان پارتی پارێزگاران و کرێکاراندایە. هەرکامیان بیبەنەوە، چارەنووسی برێکزیت شتێکی دیکە دەبێت. 
 
ئەگەر پارتی پارێزگاران زۆرینە بهێنێت، بە مسۆگەری بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکشێتەوە. ئەگەر کرێکاران بیباتەوە، رەنگە دیسانەوە گشتپرسی بۆ کشانەوە بکرێت. 
 
رێژەیەکی زۆری خەڵک ناویان تۆمارکردووە کە دەنگ بدەن. بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەبێتە سەنگی مەحەک بۆ جیابوونەوە لە یەکێتیی ئەوروپا کە زیاتر لە سێ ساڵە خەڵک بە گشتپرسی بڕیاری لەسەر داوە. 
 
لە چوار ساڵدا ئەمە سێیەمین هەڵبژاردنە لە بەریتانیا دەکرێت. هێشتا نەتوانراوە بە رێککەوتنێکی باش جیاببنەوە. لە هەڵبژاردنی سبەی پێنجشەممە 12-12-2019ی بەریتانیادا چوار کورد بەربژێرن، نەدیم زەهاوی دیارترینیانە لە پارتی پارێزگاران و خەڵکی باشووری کوردستانە.
 
ئەو بەربژێرە کوردە لە شاری ستراتفۆرد کە شارێکی 30 هەزار کەسییە، رکابەریی سێ بەربژێری دیکە دەکات.
 
نەدیم زەهاوی، بەربژێری پارتی پارێزگاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئومێددەکەم خەڵکی ستراتفۆرد دەنگ بە من بدەن، چونکە وەک پەرلەمانتاری ئەو ناوچەیە بۆ نۆ ساڵ کاری جیدیم بۆ کێشەکانی رێگاوبان، پلاندانان، کێشەی خوێندن، خانووبەرە، ژینگە و بازرگانیی بچووک کردووە. لەو بڕوایەدام خەڵکی ئەوێ ئەوە دەزانن و لەبەرچاویانە".
 
فریاڵ کلارک، بەربژێرێکی دیکەی کوردی باکووری کوردستانە و کەمپەینی خۆی لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفونییەوە بەڕێوەدەبات.
 
فریال کلارک، بەربژێری پارتی کرێکاران ئاماژە بەوە دەکات "لە رێگەی رووداوەوە داوادەکەم ئەوانەی رووداو دەبینن و  خوێنەری رۆژنامەی رووداون، بچن لە 12ی کانوونی یەکەم دەنگ بە کرێکاران بدەن. ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە و بڕیار لەسەر داهاتووی نەوەکانمان دەدات. بۆیە بچن دەنگ بە کرێکاران بدەن".
 
لە پارتی کرێکاران جگە لە فریال، ئیبراهیم دۆگوشیش بەربژێرێکی دیکەیە. پارتییەکە دەیانەوێت جێگەی جێگری جێرمی کۆربنی سەرۆکی پارتیی کارێکاران بگرێتەوە.
 
ئیبراهیم دۆگوش، بەربژێری پارتی کرێکاران دەڵێت "ئێمە بەهێزەوە کارمان بۆ ئەم هەڵبژاردنە کردووە بۆ پاراستنی خزمەتگوزاریی نیشتمانیی تەندروستی کە هەموومان چاومان لەسەریەتی و پشتی پێدەبەستین. پارتی کرێکاران هەمیشە بۆ کۆمەڵگەکان لە سەرتاسەری بەریتانیا و بۆ پرسە نێودەوڵەتییەکانیش باشبووە".
 
لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی 12ی کانوونی یەکەمدا دەرگەی بنکەکانی دەنگدان لە کاژێر 07:00ی سەرلەبەیانییەوە تاوەکو 09:00ی شەو بەکاتی لەندەن دەکرێنەوە.
 
لە کۆی سێ هەزار و 322 بەربژێر، سێ بەربژێریان کوردن و بۆ بڕینی شوورای پەرلەمانیش، بەربژێرە کوردەکان پێویستیان بە 22 هەزار دەنگ هەیە.

سەیری ڤیدۆکە بکە
به‌روار:  12/12/2019
561   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   311
کۆی سه‌ردان:   29253463