ژمارەی شەهیدەکانی ڕۆژهەڵات گەیشتە 42 شەهید
ڕێکخراوی هەنگاو ڕایگەیاند تا ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ٤٢ خۆپیشاندەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

بەپێی دوایین ئاماری ماڵپەڕی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووەتە ٤٢ خۆپیشاندەر، کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، هەروەها بە سەدان کەسیش برینداربوون.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە شاری کرماشان ١٥ خۆپیشاندەر کوژراون، لە بۆکان ٥ خۆپیشاندەر و لە جوانڕۆ ١٤ کەس، هەروەها لە تاران یەک خۆپیشاندەر کوژراون، کە ئەویش بە ڕەگەز کوردە، هەروەها لە هەریەک لە شارەکانی مەریوان و سنە کوژراو و بریندار هەن و لە مەریوان ٦ کەس کوژراوە و ٥٠ کەسی دیکەش بریندارن، لە شاری سنەش ١ خۆپیشاندەر کوژراوە و ٢٥ی دیکەش بریندارن.

ژمارەی بریندارانی شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستا ئامارێکی ورد و دیاریکراو دەربارەی بڵاونەکراوەتەوە، ئەویش بەهۆی پچڕان و نەمانی هێڵەکانی ئینتەرنێتە لەو ناوچانە.

ئەمەش لەکاتێکدایە لە شەوی هەینییەوە خۆپیشاندان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەرییان هەڵداوە، بەهۆی گرانبوونی نرخی بەنزینەوە خەڵکی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، بە بڕوای بەشێک لە چاودێران خۆپیشاندانەکان داواکاریی سیاسییان لەپشتە و لەسەر و خراپیی بەشێکی زۆری سێکتەرەکانەوە خەڵک بۆ گرانبوونی نرخی بەنزین هاتنە سەر شەقام و ئەمەیان بە دەرفەتێک زانیوە.

به‌روار:  18/11/2019
739   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   680
کۆی سه‌ردان:   29259842