شکستی کۆزوونەوەی ترەمپ و ئەردۆغان
شارپرێس:
وێڕای پێشوازیكردنە گەرموگوڕەكەی كۆشكی سپی، كەچی گفتوگۆ دوور و درێژەكانی نێوان هەردوو سەرۆكی ئەمریكا و توركیا بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییە سەرەكییەكانیان، بەتایبەتیش مامەڵەی سیستەمی موشەكی ئێس – 400 ی ڕوسی شكستیانهێنا.

لەكاتێكدا هەردوولا گرنگیپێدانی خۆیان لەسەر پەیوەندییە ستراتیژی و ئەمنی و زیادكردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ 100 ملیار دۆلار چڕكردەوە، بەڵام بەرپرسێكی باڵای كۆشكی سپی بۆ پێگەی حوڕە وتی: بەرەوپێشچوونی گفتوگۆكان لەهەموو بوارەكاندا پەیوەستە بە وەستاندنی مامەڵەی موشەكی ئێس- 400 ی ڕوسی لە لایەن توركیاوە.

لەپشت پەردە
دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، لە هەنگاوێكی دەگمەندا كۆمەڵێك كۆنگرێسمانی دیاری ئەنجوومەنی پیرانی بانگهێشتی ئەو دانیشتنە كرد، كە ڕەخنەی توندیان لە ئەردۆغان هەبوو.

بەگوێرەی قسەكانی سیناتۆر لیندسی گراهامی سەرۆكی لیژنەی كاروباری دادوەری ئەنجوومەنی پیران، بارودۆخی كۆبوونەوەكە بارگرژاوی بووە، ئەمەش كاتێك ڕوویدا ئەردۆغان گرتە ڤیدیۆیەكی سەبارەت بە كوردەكانی سوریا پیشاندا، كە گوایە "كوردەكان تیرۆرستن".

لەبەرانبەردا گراهامیش بە ئەردۆغانی وتووە: دەتەوێت داوا لە كوردەكان بكەم گرتە ڤیدیۆیەك ئامادە بكەن سەبارەت بەوەی هێزەكانی وڵاتەكەت چیان دەرهەق بەوان كردووە، گراهام وتیشی: شتێكم كردووە كەس پێی وا نەبوو دەكرێت.. من ئەمریكام دژ بە توركیا یەكخستووە.

ئەوەی زیاتر ئەمریكای نیگەران كردووە،‌ ئەو تەرزە تازەی سیاسەتی دەرەوەی توركیایە كە رۆژ بە رۆژ لە پەیمانی ناتۆی دوور دەخاتەوە و زیاتریش لە چین و ڕوسیاشی نزیك دەكاتەوە.

نرخی گەرانەوەی توركیا
سەرەڕای ئەوەی دەزانی سنووری نەرمینواندنی ئەمریكا تا كوێیە، كەچی ئەردۆغان بە كۆمەڵێك داواكارییەوە هاتە واشنتۆن، كە سور دەزانی هەڵوێستی ئەمریكا چییە لە بارەیانەوە.

دوای ئەوەی سەرۆكی توركیا داوای ڕادەستكردنەوەی فەتحوڵا گولەنی كرد، وتی: ترامپی هانداوە پشتیوانی ئەمریكا بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل بوەستێنێت، كە بڕبرەی پشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتە.

بەرپرسانی كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوە دووپاتیانكردەوە، كە نیازی ئەوەیان نییە كۆتایی بە هاوبەشبەندیان بێنن لەگەڵ كوردەكانی سوریادا كە سەرەنێزەی جەنگی دژ بە داعش بوون.

بەرپرسی ئەنجوومەنی ئاسایش نەتەوەیی ئەمریكاش جەختی لەگرنگی بەردەوامی گفتوگۆی دبلۆماسییانە كردەوە لەگەل توركیادا، هانی ئەردۆغانیشیدا، كە پێویستە گوێ شلكات بۆ ڕەخنەكانی یاسادانەرە ئەمریكییەكان و هەڕەشەكانیشیان بە هەند وەربگرێت لەسەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەنقەرەدا كە كاریگەری كەمە‌رشكێنی دەبێت بۆ سەر ئابووری توركیا.

سەرچاوە: حوڕە
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
به‌روار:  16/11/2019
693   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   427
کۆی سه‌ردان:   29228564