بایکۆت تورکی هار کردوە، باڵێوزی تورکیا داوا لە هەرێم دەکات رێگە لە بایکۆت بگیرێ
ئا: ئاوێنە

هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵاو بەروبومی تورکی بەئەندازەیەک کاریگەری ئابوری لەسەر کۆمپانیا تورکییەکان هەبوە، کە باڵوێزی تورکیا لەبەغدا دەگاتە کوردستان‌و داوا لەدەسەڵاتداران‌و ناوەندە بازرگانییەکانی هەرێم دەکات، چییان لەدەستدێ بیکەن بۆ ئەوەی کەلوپەلی تورکی بایکۆت نەکرێ.


بەپێی زانیارییەکانی ئاوێنە، لەجەند رۆژی رابردوداو "فاتح یێڵدیز" باڵوێزی تورکیا لەبەغدا و بەیاوەری کونسولی گشتی تورکیا لەهەرێم زنجیرەیەک چاوپێکەوتن‌و کۆبونەوەیان بەدوور لەچاوی میدیاکان لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی هەریم‌و پارێزگارەکانی سلێمانی‌و هەولێرو ناوەندە بازرگانییەکانی کوردستان کردوە بەمەبەستی ئەوەی کارێک بکەن لەکاریگەری ئەو هەڵمەتی بایکۆتە کەم بکاتەوە کە لەهەرێمی کوردستاندا بەرامبەر بەکاڵاو بەروبومی تورکی دەکرێت.


باڵوێزو کونسوڵی تورکیا بەناو ناوی پەیجی "بایکۆتی شتومەکی تورک"یانBoycott TURKEYیان هێناوە، بەو پێیەی رۆڵێکی خراپ دەگێڕیت لەمبارەوە، باڵوێزو کونسوڵ وتویانە "ئەوەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرامبەر بەتورکیا دەوترێت هیچی راست نییەو ئێمە کورد برامانەو هێرشمان نەکردوەتە سەر سڤیل لەرۆژئاوای کوردستان، ئەم پەیجانە چەواشەکاری دەکەن".


نیگەرانی تورکیاشیان گەیاندوە بەلایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم کە کار لەسەر فراوان بونەوەی هەڵمەتی بایکۆت کردنەکە دەکرێ‌، ئەمەش زیان بەپەیوەندییە بازرگانییەکانی تورکیاو هەرێمی کوردستان دەگەیەنێ‌و پێویستە رێگریی لێبکرێ.


ئەمە لەکاتێکدایە کە لەپاش هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، هەڵمەتی بایکۆت کردنی کاڵاو بەروبومی تورکی لەهەریمی کوردستان دەستیپێکردوە کە ساڵانە بەبڕی زیاتر لە ٣ ملیار دۆلار کاڵاو شمەک لەتورکیاوە هاوردە دەکرێت.

لەوەتەی ئەم هەڵمەتە لەهەرێمی کوردستان دەستیپێکردوە، بەپێی بەدواداچونی ئاوێنە فرۆشی کاڵاو کەلوپەلی تورکی لەسۆپەرمارکێت‌و بازاڕدا بەشێوەیەکی بەرجاو کەمی کردوە. 
به‌روار:  13/11/2019
1237   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   441
کۆی سه‌ردان:   29228482