ئامانجی تورک لە ڕۆژئاوا ‼
امانجی تورک لە ڕۆژئاوا ‼

پینار ترەبلای – ڕۆژنامەوانی المونیتور
وەرگێڕانی ئەحمەد ئەسکەندەری
تورکیا دوو ئامانجی هەبوو لەم شاڵاوەی دواییدا؛ پاکتاوکردنی ناوچەکە لە هێزەکانی یەپەگە و نیشتەجێ کردنی دوو ملیۆن پەنابەری سووری لە ناوچەکەدا. بەڵام دوو هەفتە پاش ئۆپێراسیۆنەکە و بەدوای دوو ڕێکەوتنی جیاواز لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیادا هەموو سەرنجەکان بۆ لایەکی تر کێشراون: مەزلووم کۆبانی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات. ئەوە چۆن بوو کە ئەم فەرماندەیە وەها کەوتە ناوەندیی ئەم کێشەیە؟ . . تەنانەت سەرەککۆماری ئەمریکایش پێی دەڵێ "ژەنەراڵ" و ئەمەیش بۆ تورکیا زۆر قورسە. ئەوان پێی دەڵێن مەزلووم عەبدی و هەروەها فەرهاد عەبدی ساڵح.
ئانکارا لەوە تووڕەیە کە ئەو کەسەی ئەوان پێی دەڵێن ژەنەراڵ لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای ئەمریکا و ڕووسیا پەیوەندیی هەیە. سەرەڕای ئەوەیش وشەی مظلوم لە زۆر شوێنی قورعاندا هاتووە و ئەمەیش کێشەکە بۆ تورکیا قورس تر دەکات بە وەها کەسێک بڵین تێرۆریست. لە ساڵی ٢٠١٧ بەملاوە پێناسەی ژنرال بۆ مظلوم کۆبانی بیستراوە.
من [ڕۆژنامەوان] لەگەڵ چەند سەرچاوەیەک لە ئانکارا قسەم کرد کە زۆر نیگەران بوون لەوەی ترامپ لەگەڵ "ژەنەڕاڵ مەزلووم" گفتوگۆی کردووە و لەو نامەیەشدا کە بۆ ئەردۆغانی ناردبوو [خۆت کەر مەکە] یادداشتێکی فەرماندە مەزلوومیشی لەگەڵ ناردبوو کە هێشتا نازانین ناوەرۆکەکەی چییە. هەر جارێک کە کاربەدەستانی ئەمریکا باسی "ژەنەڕاڵ مەزلووم" دەکەن، پێ دەنێن بەسەر ڕەگێکی زۆر هەستیاری کاربەدەستانی دیپلۆماسی و سەربازیی و زانیارییدا لە ئانکارا. هیچ شتێکی تر، نە گەمارۆکان و نە کەوتنە شوێن حیسابی بانکیی هێندێک کەس و کاربەدەست لە خەلق بانک ناتوانن ئەوەندەی ناوهێنانی مەزلووم کۆبانی زەنگی مەترسی بەدەنگی بەرز بزرنگێتەوە!
هەر بۆیە کاتێک ئەردۆغان بیستی سەناتۆرە ئەمریکاییەکان لە سەر کاناڵەکانی تەلەڤیزیۆن قسەی ڤیزا ناردن دەکەن بۆ مەزلووم کۆبانی گوتی هەر کە گەیشتە ناو خاکی ئەمریکا دەبێ ڕادەستی تورکیا بکرێتەوە. ترامپ بە خۆشییەوە باسی دیداری داهاتووی خۆی لەگەڵ مەزلووم کۆبانی کرد.
بەڵام خۆ کێشەی تورکیا تەنها ئەمریکا نییە. ڕۆژی دوای دیداری ئەردۆغان لەگەڵ پووتین لە سووچی، کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا وێنەی کونفرانسێکی ڤیدیۆیی نێوان مەزلووم کۆبانی و ئەفسەرانی ئەرتەشی ڕووسیایان بڵاو کردەوە . . ڕۆژنامەی سەباح و کاناڵی TRT داوایان کرد لە ٤٨ کاژێردا ئەو کابرا لەناو ببەن و هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە تورکیا وێنەیەکی مەزلووم کۆبانی و عەبدوڵڵا ئۆجالانیان بڵاوکردەوە.
بۆچی مەزلووم کۆبانی بەو شێوەیە کەوتە ناوەندی سەرنج لەم ئۆپێراسیۆنەدا؟ ئێمە لەگەڵ چەند کاربەدەستی باڵای سەربازیی و دیپلۆمات لە ئانکارا پەیوەندیمان گرت. بە مەرجێک نێوی کەس نەهێنین، قسەیان لەگەڵ کردین. یەکێک گوتی: لەبەر ئەوە ئۆپێراسیۆنەکە سەرکەوتوو نەبوو، کەوابوو باشترە سەرنج بۆ لایەکی تر ڕابکێشرێت. ئەم ئۆپێراسیۆنە پرسی کوردی لە ئاستی نێونەتەوەییدا بەرز کردەوە، ئەم ئۆپێراسیۆنە هیچ پێویست نەبوو جا با نێوی بنێین شەڕ یان نا. ئاکامی نەخوازراویشی لێ کەوتەوە، لەوانە ڕاکردنی ژمارەیەک زیندانیی داعش و چوونی ژمارەیەک گەنجان بۆ ڕیزی ڕێکخراوە کوردییەکان لە تورکیا و لە سووریا.
کاربەدەستانێکی تر دەڵێن ئامانجێکی تر ئەوەیە سەرنجەکان لە کۆتایی هاتنی سەیری ئەم ئۆپێراسیۆنە بۆ شوێنێکی تر ڕابکێشن. سەرنجدان بە تاکە کەسێک زۆر ئاسانترە لەوەی بۆ خەڵک ڕوون بکەیتەوە بۆچی ئۆپێراسیۆنەکە سەرنەکەوت.
سەرەڕای ئەوانە، ئانکارا لە شتێکی تر نیگەرانە: پێداهەڵگوتنی تێرۆریستێک [مەزلووم عەبدی] لە لایەن ترامپ و پووتینەوە، واتە ئەو دوو کەسەی ئەردۆغان بەردەوام پێیان دەڵێ "دۆستەکانم". ئەمە دەتوانێت گەورەترین زیان بێت کە لە ئۆپێراسیۆنی "ئاشتیی بەهار" کەوتبێتەوە. لە پەنای ئەوەشدا ئەو هەموو کەسەی کە گیانیان لەدەست دا و هەروەها ڕەوایی دان بە خواستەکانی کوردەکان بۆ مافی چارەنووس لە ئاستی جیهاندا.
پینار ترەبلای – ڕۆژنامەوانی المونیتور
بۆ زانیاری زیاتر
وەرگیراوه
به‌روار:  02/11/2019
565   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   275
کۆی سه‌ردان:   29232156