مەزلوم عەبدی: کوشتنی بەغدادی بەبێ کورد پێکنەدەهات
فەرماندەی گشتی هێزەکانی قەسەدە، وردەکاری ئۆپەراسیۆنی دژی سەرۆکی چەتەکانی کردەی داعش ئاشکراکرد و، وتی، ئەندامانی هەواڵگیرییان لە پاڵ بەغدادی جێگر کردووە و بۆ ئۆپەراسیۆنەکە لەگەڵ ئەمریکا یەکێنەیەکی نهێنییان دروستکردووە و خولەک بە خولەک بەغدادییان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە.

مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، لەسەر ئۆپەراسیۆنی کوشتنی سەرکردەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی بۆ "فۆکس نیوز" قسەیکرد.

عەبدی ئاماژەی بەوەداوە، کە ئەو ئۆپەراسیۆنەی بۆ کوشتنی بەغدادی ئەنجامدرا، چەند مانگ لەمەوبەر دەستیپێکردبوو، قەسەدەش لە هەموو خولەکێکی کاری هەواڵگیری لە پرۆژەکەدا بەشداربووە، وتیشی: ئەندامێکی قەسەدە کە لەناو دڵی داعش جێگای خۆی گرتبوو، لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشداربوو.

عەبدی ئاشکرای کرد، کە ئەندامی هەواڵگیری قەسەدە، ئاگاداریان کردووەتەوە کە بەغدادی ڕووی لە ڕۆژئاوا کردووە و بەرەو ئیدلب دەچێت و، وتیشی: ئاگادریش کراینەوە کە دەچێتە کام ماڵ، ئێمەش ١٥ی مانگی پێنج ئەمریکامان ئاگادار کردەوە، دوای ئەوە یەکینەیەکی نهێنیمان دامەزراند کە سێیان ئەمریکی بوون، ئەندامی هەواڵگیری قەسەدە لە شوێنەکە وردەکاری ئەو تۆنێلەی بەغدادی لێی بوو دایە ئێمە.

ئەوەشی وت، کە چەند کەسێک لەگەڵ بەغدادین و پلانیان داڕشتووە لە ناوچەکە بکەونە جوڵە، ڕۆژێک دوای ئەوە هێرش کرایە سەر شوێنەکەیان، ئەندامەکەی قەسەدە لەلایەن ئەمریکاوە لە شوێنەکە دوور خرایەوە و برایە شوێنێکی پارێزراو.

عەبدی لەو چاوپێکەوتنەدا جەختی لەوە کردەوە، کە جێکردنەوەی ئەندامی هەواڵگیریی لەناو داعشدا زۆر قورسە و وتیشی: بە تایبەت هەواڵگرەکە ئەوەندە نزیکبێت لە سەرۆکی داعشەوە زۆر زەحمەتە، ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەی کوردانە، کوشتنی بەغدادی بەبێ هەواڵگیری کوردان پێکنەدەهات.

ڕۆژنیوز
به‌روار:  28/10/2019
493   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   359
کۆی سه‌ردان:   29232457