پزیشكێكی ئێزدی جیهان سەرسام دەكات
د.میرزا دینایی كە كوردێكی ئێزدییە لە نێو 800 كێبڕكێكاردا توانی خەڵاتی ئۆرۆرای جیهانی بباتەوە كە بەهاكەی یەك ملیۆن دۆلارە، ئەم پزیشكە تائێستا زیاتر لە 1000 كچ و ژنی ئێزدی رزگاربووی ژێر دەستی داعشی گەیاندۆتە ئەڵمانیا.
لەوكاتەی كە د.میرزا خەڵاتەكەی وەرگرت ستایشی ئەوانەی كرد كە كێبڕكێیان كردوەو ئەوانەیشی بەشایستەی خەڵاتەكە زانی، چونكە ژیانیان لەپێناو مرۆڤایەتی تەرخانكردوەو هاوكاتیش بەوپەڕی سنگفراوانی و لێبوردەییەوە كە سیفاتێكی كوردانەیە، سوپاسی ئەوانەشی كرد خۆپەرستن و دەیانەوێت پەرە بەتواناكانیان بدەن.
ئۆرۆرا هاوشێوەی خەڵاتی نۆبڵە، چەند رۆژێك لەمەوبەر چوارەمینی دابەشكرا، لەسەر ئاستی جیهان 800 كەس كێبڕكێیان دەكرد تا ببنە خاوەنی، بەڵام د.میرزا دینایی كوردی ئێزدی بەشیاوترین كەس هەڵبژێردرا تا خەڵاتەكەی پێببەخشرێت.
10 هەزار كەس لە ئامادەبووانی مەراسیمەكە گوێیان بۆ كوردە ئێزدییەكە دەگرت و بەمۆبایلەكانیشیان چیرۆكەكەیان تۆمار دەكرد، سەرۆكی ئەرمینیاش وەك هەموو ئامادەبووان گوێی بۆ چیرۆكەكە شلكردبوو كە باسی ئەو كارەساتانەی دەكرد بەسەر ئێزدییەكاندا هاتوون و لەماوەی سەدەیەكدا لەژێر ناوی جۆربەجۆر 73 جار كۆمەڵكوژو جینۆساید كراون، لەوكاتەدا دینایی وتی: دەمەوێت لەڕێی ئەم خەڵاتەی بەدەستمهێناوە كەیسی جینۆسایدی ئێزدییەكان بگەیەنمە جیهان.
دینایی ئەوەشی بۆ ئامادەبووان گێڕایەوە كە باپیری ئێزدی بووەو لەكاتی جینۆسایدكردنی ئەرمەنەكاندا لەلایەن عوسمانییەكانەوە چووەتە سوریاو دواتریش بۆ عیراق هەڵهاتوە، ئەوەشی پێوتن: لەو جینۆسایدەدا سێ ملیۆن كەس كۆمەڵكوژ كراون، لەنێویاندا چەندەها خێزانی ئێزدی هەبوون، بەڵام كەس باسی ئەو ئێزدیانە ناكات.
لەگەڵ گوێگرتن بۆ چیرۆكی پزیشكە كوردە ئێزدییەكە، هەزاران ئامادەبووی مەراسیمەكەو ئەوانەشی لەڕێی شاشەكانەوە تەماشایان دەكرد بۆیان جێی سەرسوڕمان بوو كاتێك پزیشكە كوردە بەئاشكرا باسی ئەوەیكرد داهاتی خەڵاتەكە دەبەخشێت بۆ كاری مرۆڤایەتی، بەدڵنیاییەوە وتی: ئەو ملیۆنە دۆلارە پێشكەشی سێ رێكخراو دەكەم كە لەبواری گەیاندنی هاوكاری پزیشكی و دوبارە شیاندنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆستانی داعش بۆ ناو كۆمەڵگا كاردەكەن.
لەم رۆژانەدا كە جیهان بەهەواڵی ناخۆشدا تێدەپەرێت، جێی شانازییە لەكۆتایی هەفتەدا ئاهەنگ بۆ بەخیشنی خەڵات بەچالاكوانێكی ئازاو مرۆڤ دۆست ساز دەكرێت كە ژیانی بەمەترسیدا تێپەڕاندوە، ئەمە وەسفی رۆژنامەنوسێكی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستە بۆ میزرا دینایی وەرگری خەڵاتی ئۆرۆرای جیهانی.
"قوربانییەكان لەهەر كوێ بن ئەگەر زانیاریت لەسەریان هەبێت و بێ باكت بیت، بۆ هەتا هەتایە هەست بەشەرمەزاری دەكەیت"، ئەم وتەیەی دیناییشی لەڕاپۆرتێكەیدا ئاماژە پێداوە.
داڤید ئینگاتیۆس لە راپۆرتەكەیدا كە رۆژی 23ی تشرینی یەكەم لەرۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)دا بەناونیشانی "جیهان بەكردەوە پێویستی بەزیاتر لەم سوپاسگوزارییە هەیە" بڵاویكردوەتەوە، بەردەوامە لەوەسفی دینایی و دەڵێت: لەساڵی 2007دا بۆ رزگاركردنی ئێزدییەكان ژیانی خۆی خستوەتە مەترسیەوە لەكاتێكدا تیرۆرستانی قاعیدە پەلاماری دەدان.
دەشڵێت: كاتێك داعش لەساڵی 2014دا ئێزدییەكانی جینۆسایدكرد دینایی بوو كە جارێكی تر ژیانی خۆی بۆ رزگاركردنیان خستەوە مەترسی و بەهەوڵە مرۆڤ دۆستانەكانی رۆڵی كارای گێڕا.
هەروەها دینایی بەكەسێكی ئازا ناودەبات كاتێك لەكۆتایی ساڵی 2014دا بۆ گەیاندنی كۆمەك و هاوكاری بەئێزدییەكان لەچیای شەنگال لەئەنجامی رووداوی ئەو فڕۆكەی تێیدا بوو بریندار بوو.
میرزا حەسەن دینایی، تەمەن 46 ساڵ لەشەنگال لەدایكبوە، لەسەر ئاستی موسڵ یەكێك بووە لەخوێندكارە یەكەمەكانی قۆناغی شەشی ئامادەیی و لەكۆڵیژی پزیشكی زانكۆی موسڵ وەرگیراوە، بەڵام وتارو هەڵوێستە سیاسییەكانی لای رژێمی روخاوی بەعس مایەی ترس بووە، دوای ساڵ و نیوێك خوێندن لەكۆلێژی پزیشكی ناچار بووە موسڵ بەرەو هەرێمی كوردستان جێبهێڵێت، دواتر رژێم خێزانەكەی زیندانیكردوەو ئەشكەنجەیداون.
PUKmedia بەردەوام بوو لەهەوڵەكانی تا لەزاری خۆیەوە د.میرزا دینایی چیرۆكی سەركەوتنی لەكارە مرۆڤایەتییەكانیدا لەپای وەرگرتنی خەڵاتەكە بگێڕێتەوە، بەڵام لەبەر سەرقاڵی كە لەچەند زانكۆیەكی ئەرمینیاو دامەرزاوەیەكی رەسمی ئەو وڵاتە لەبارەی سەركەوتنەكانی و كارە مرۆڤایەتییەكانی وانە بە خوێندكاران و وتارو گفتوگۆیان لەگەڵ دەكات، داوای لێبوردنی كرد ناتوانێت وەڵامبداتەوە.
خەڵەف حەسەن دینایی برای د.میرزا دینایی چەند زانیارییەكی لەبارەی ئەو پزیشكە كوردە ئێزدییە بۆ PUKmedia ئاشكراكرد كە ژیانی خۆی لەپێناو خزمەتی مرۆڤایەتی و رزگاركردنی قوربانیانی كارە تیرۆرستییەكان تەرخانكردوە، باس لەو هەوڵانەش دەكات كە خستویەتیەگەڕ لەدوای داگیركردنی شەنگال لەلایەن تیرۆرستانی داعش و رفاندنی كچان و ژنانی ئێزدی و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان بۆ رزگاركردن و گەیاندنی هاوكاری پێیان، تەنانەت ساڵی 2014 لەكاتی گەیاندنی هاوكاری و پێداویستیش بۆ ئاوارە ئێزدییەكانی سەر چیای شەنگال لەڕێی فڕۆكەوە بریندار بووە، دەڵێت: لەڕێی رێكخراوەكەیی و پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتی ئەڵمانیا هەزارو 100 كچ و ژنی ئێزدی رزگاربووی ژێر دەستی داعشی لەهەرێمەوە گەیاندە ئەو وڵاتە.
كاتێك ساڵی 1994 خۆی گەیاندوەتە ئەڵمانیا، لەوێ لەزانكۆی فریدریش شیلر دكتۆرای لەپزیشكی نەخۆشییە دەرونییەكان بەدەستهێناوە، دواتر لەگەڵ چەند هاوكارێكی لەئەڵمانیا رێكخراوی(Luftbrücke Irak) پەیوەندی عیراقیان دامەزراندو تەنها ئامانجیان چارەسەركردنی رزگاربوان بووە لەنەخۆشخانەكانی ئەڵمانیا.
سایتی رەسمی ئۆرۆراش لەڕاپۆتێكیدا ستایشی خزمەت و كارە مرۆڤایەتییەكانی د.میرزا دینایی وەرگری خەڵاتی چوارەمی ئۆرۆرای دەكات كە چۆن بەهەوڵە تایبەتەكانی و لەڕێی رێكخراوەكەیەوە پردی پەیوەندی ئەڵمانیا بووە لەعیراق بۆتە فریاد رەس بۆ رزگاركردنی ژیانی چەندین هاووڵاتی، دەڵێت: وەك چالاكوانێكی ئێزدی لەكاتی شەڕەكاندا لەعیراق و سوریا كاتێك خەڵك ژیانیان لەدۆخێكی سەختدا بووە توانیویەتی چەندەها ئێزدی رزگار بكات و بیانگەیەنێتە كەنارێكی ئارام.
خەڵەف باس لەوەشدەكات كە خەمی هەمیشەیی د.میرزا رزگاركردنی منداڵان و قوربانیانی كردەوە تیرۆرستیەكان بووە تا بۆ چارەسەركردن بیانباتە ئەڵمانیاو خزمەتیان بكات، وتی: لەكاتی رێكخراوی تیرۆرستی قاعیدەشدا ئەو منداڵانەی لەعیراق بەهۆی كردەوە تیرۆرستییەكانەوە دەبونە قوربانی، ئەو بۆ چارەسەركردن دەیبردنە ئەڵمانیا، لەهەرێمیش هاوكارێكی باشبووە بۆ چارەسەكردنی منداڵان لەئەڵمانیا.
مەراسیمی بەخشینی خەڵاتی ساڵانەی ئۆرۆرای جیهانی لەیەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا لەڕۆژانی 14 بۆ 21ی تشرینی یەكەمی 2019 بەڕێوەچوو، جگە لەبەخشیتی خەڵاتەكە، بانگهێشتی بیرمەندەكان و داهێنەران كرا تا لەڕێی مەراسیمەكەوە زانیارییەكانی خۆیان بگەیەنن بەجیهان كە ئامانجیش لێی دروستكردنی گۆڕانكارییە.
PUKmedia گۆران وەهاب
لینكی یارمەتیدەر بۆ بینینی ڤیدیۆیەكە
بهروار: 24/10/2019
883 جار خوێندراوهتهوه
|