ئیلهام ئەحمەد لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمەریکا رایگەیاند؛ تورکیا چەکی قەدەغەکراوی دژ بە کورد بەکارهێن
(سبەی):
ئیلهام ئەحمەد لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمەریکا رایگەیاند؛ تورکیا چەکی قەدەغەکراوی دژ بە کورد بەکارهێنا، دەشڵێت: توشی شۆک بوین کاتێک ئەمەریکا پشتی تێکردین.

ئیلهام حەمەد، سەرۆکى دەستەى جێبەجێکار لە ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمەریکا باسی لە دۆخى ئیستاى رۆژئاواى کوردستان و هێرشەکانى تورکیا و مەترسى گەڕانەوەى داعش کرد و وتی:" هیوامان خواست دوای تێکشکاندنی داعش، ژیانێکی دیموکراسی بژین لە سوریا، ئێمە لە شەڕی داعش (11) هەزار شەهیدمان هەبو، سوپای ئەمەریکا هاوکاری ئێمە بو لە تێکشکاندنی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا رێگەی نەدا کە ژیانێکی ئازاد بژین".

وتیشی:پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەبو لەگەڵ ئەمەریکا و سوپاکەی، هەمیشە دەیانوت تا داعش بونی هەبێت پشتیوانیتان دەکەین، هەروەها تا چارەسەری سیاسی لە سوریا دەستەبەر دەبێت، ئەمەریکا دەمێنێتەوە.

ئیلهام ئەحمەد رونیشیکردەوە، "کاتێک عەفرین داگیرکرا، ئەمەریکا وتی چونکە هێزمان لەوێ نییە، ناتوانین هاوکارتان بین، بەڵام لە هەر شوێنێکی سوریا هێزی ئەمەریکا بونی هەبو، پشتیوانتان دەبین و دەتانپارێزین، بۆیە ئێمە هیوامان وابو کە لە هەر شوێنێک هێزی ئەمەریکی لێبیت، ئەوا پارێزگاریمان لێ دەکەن".

سەرۆکى دەستەى جێبەجێکار لە ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات باسی لەوەکرد کە ئەوان هیوایان لەسەر بەڵێنەکانی ئەمەریکا هەڵچنیبو، لەسەر داوای ئەوانیش خەندەق و هێز و چەکە قورسەکانیان لە سنورەکان کشاندەوە، بەڵام دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دۆناڵد ترەمپ و ئەردۆغان پێیان وتین ئاسمان و زەوی بە روی هێزی تورکیا کراوەتەوە و هێرش دەکەن، ئێمە توشی شۆک بوین بەو هەواڵە".

ئیلهام ئەحمەد وتی" تورکیا هاتە ماڵی ئێمە و شەڕی ئەو هێزانەی کرد کە داعشیان لەناو برد، تورکیا هیچ هۆکارێکی نەبو بۆ شەڕەکە، هەروەها ئێمە هیچ مەترسییەکمان بۆسەر تورکیا نەبو".

سەرۆکى دەستەى جێبەجێکار لە ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە (300) هەزار کەس ئاوارەبون، بە دەیان کەس شەهید بون، تورکیا چەکی قەدەغەکراوی بەکار‌هێنا، داعش سودی لە دۆخەکە وەرگرت و ژمارەیەک چەکداریان هەڵاتن، هەروەها نزیکەی (600) خێزانی ئەو چەکدارانە لە کەمپەکان هەڵاتن.
به‌روار:  24/10/2019
497   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   921
کۆی سه‌ردان:   29258890