مەزڵوم عەبدی: بە هەموو ڕێکەوتنەکەی نێوان واشنتن و ئەنکەرە ڕازی نین
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت کەس ڕاوێژی پـێنەکردوون سەبارەت بەو ڕێکەوتنەی لە نێوان ئەمەریکا و تورکیا کراوە لەبارەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بۆیە ئەوان وەک هێزە کوردیـیەکان لەسەری ڕازی نین.

مەزڵوم عەبدی ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکی تایبەت بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی ئەوان وەک هێزەکانی سوریای دیموکرات تەنیا بە ئاگربەستە کاتیـیەکەی ڕێکەوتنەکە ڕازیبوون کە لە گرێ سپی دەگرێتەوە هەتا سەری کانی. گوتیشی خوازیارن ئاگربەستەکە بەردەوامبێت.

جەختی کردەوە ئەوان بەوەی ئەمەریکا ڕازین کە دەڵێت ناوچە ئارامەکە لە گرێ سپیـیەوە دەستپـێدەکات هەتا سەری کانی، بەڵام ئەوەی تورکیا دەیڵێت ناوچە ئارامەکە تەواوی سنوورەکانی لەگەڵ سوریا دەگرێتەوە، پـێی ڕازی نابن.

جەنەڕاڵ مەزڵوم گوتیشی متمانەیان بە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ زۆر زۆر کەمبووەتەوە، بەو پـێـیەی بڕیاری دا هێزەکانی ئەمەریکا بکشێنێتەوە کە ئەمەش ڕێگەی بۆ لەشکرکێشیـیەکەی تورکیا خۆشکرد و خەڵکی باکوری سوریا دووچاری ئاوارەیی بوونەتەوە و لەگەڵ ئەوانەشدا دەرگای واڵاکردووە بۆ پاکتاوی نەژادی لە دژی گەلی کورد.

دەشڵێت ئەو ڕێگەدانە بە تورکیا زیانی زۆری بە پەیوەندیـیەکانیان لەگەڵ واشنتن گەیاندووە، بەڵام لەگەڵ ئەوشدا هێشتا لە هاوپەیمانێتی بۆ شەڕی دژی داعش پـێکەوە کاردەکەن.

پاشان گوتی سەرەڕای کشانەوەی بەشێکی زۆری هێزەکانی ئەمەریکا، بەڵام هێشتا پـێیان باشە ئەگەر ژمارەیەکیشیان لە سوریا بمێننەوە تاوەکو هاوسەنگیـیەک لە هێزە نێودەوڵەتیـیەکاندا هەبێت بۆ ئەوەی تاکە لایەنێک نەتوانێت بە زۆر داخوازیـیەکانی بەسەر گەلی کورددا بسەپـێنێت.

سەبارەت بە دەستگیرکراوەکانی داعش، گوتی هیچ بەندیخانەیەک نیـیە چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعشی تێدابووبێت و تورکیا دەستی بەسەرداگرتبێت، بەڵکو هەموو دەستگیرکراوەکان گواستراونەتەوە بۆ ناوچەی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات. گوتیشی نابێت تورکیا هیچ پەیوەندیـیەکی بەو دەستگیرکراوانە هەبێت، چونکە تورکیا خۆی یارمەتی ئەو چەکدارانەی داعشی دابوو بێنە ناو خاکی سوریا.

سەبارەت بە ڕۆڵی ڕووسیا لە ناوچەکە، جەنەڕاڵ مەزڵوم گوتی ڕووسیا لەگەڵ ڕژێمی سوریا هاوپەیمانە و بە تەواوی لەگەڵ تورکیا هەماهەنگی دەکات و کورد ئەزمونێکی پـێشووی لەگەڵیدا هەیە کە لە عەفرین ڕێگەی بۆ تورکیا خۆشکرد پاکتاوی نەژادی لە دژی بکات، بۆیە پشتی پێ نابەستن. ڕەتیکردەوە لەگەڵ ڕژیمی سوریا و ڕووسیا ڕێکەوتبن، دەڵێت ڕووسیا هاوپەیمانی حکومەتی سوریایە و هیچ ئامانجێکی نیـیە بۆ پاراستنی کورد.
دەنگی کوردی ئەمریکا
به‌روار:  22/10/2019
455   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   702
کۆی سه‌ردان:   29250519