ئەمنستی: تورکیا تاوانی جەنگی لە رۆژئاڤا ئەنجامداوە.. ڤیدیۆ
خەندان-

رێكخراوی لێبوردەیی نێودەوڵەتی Amnesty International رایگەیاند، لەمیانی ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان بۆ سەر رۆئاڤای کوردستان تاوانی شه‌ڕی ئه‌نجامدراوه‌.

رێكخراوی لێبوردەیی نێودەوڵەتی Amnesty International راپۆرتێکی لەبارەی پێشێلکاریەکانی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند،  "سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان ره‌فتارێکی جێگای شه‌رمیان به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتیانی سڤیل ئەنجامداوە، وه‌ک چه‌ندین پێشێلکاری جددی و تاوانه‌کانی شه‌ڕ که‌ کوشتنی هه‌ڕه‌مه‌کی و هێرشه‌کانی نایاسایی ده‌گرنه‌وه‌".

ئاماژەی بەوەشکردوە، سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان هەریەکە لە کارمه‌ندانی پزشکی و فریاکه‌وتن، هاوڵاتیانی سڤیل و ئاواره‌کان، ڕۆژنامه‌نوسان، کارمه‌ندانی خۆجێی و نێونه‌ته‌وه‌یی به‌شی مرۆڤایه‌تی کردوەتە ئامانج، ئەوەش بە پێی وتەی شایەتحاڵەکان و گرتە ڤیدیۆیەکان پشتڕاستکراوەتەوە.

نۆی ئەم مانگە، سوپای تورکیا بە پاڵپشتی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئاسمانی و دواتریش زەمینی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات دەستپێکردوە، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دایە.

رێكخراوی لێبوردەیی نێودەوڵەتی دەشڵێت، ئه‌و زانیاریانەی کۆکراونەتەوە به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گر سه‌باره‌ت به‌ هێرشی هه‌ڕه‌مه‌کی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان ئاشکرادەکات.

کوومی نه‌یدو، به‌رپرسی گشتی رێكخراوی لێبوردەیی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، "هێرشی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان ژیانی هاوڵاتیانی وێران کردوە، هاوڵاتیانی سڤیل جارێکی دیکە زۆریان بۆهاتوە کە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و ئاوارەبن، هاوڵاتیان لە نێو بۆمبارانی هەڕه‌مەکی، کوشتن، رفاندندا دەژیان و سوپای تورکیا هیچ نرخێکیان بۆ ژیانی هاوڵاتیان دانەدەنا".

باسی لەوەشکردوە، "تورکیا بەرپرسیارە لە کردەوەکانی گروپە چەکدارەکان کە پشتیوانیان دەکەن، تا ئێستا تورکیا رێگری لەو گروپانە نەکردوە بۆ ئەنجامنەدان کردەوە تێکدەرانە کە لە عەفرین و چەندین شوێنی دیکەی ئەنجامیانداوە".

به‌رپرسی گشتی رێكخراوی لێبوردەیی نێودەوڵەتی داوا لە تورکیا دەکات کۆتایی بە پێشێلکاریەکانی بهێنێت و رێگری بکات لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە، چونکە لەوبارەیەوە ناتوانێت خۆی لە تاوانی جەنگ لابدات".

سەیری ڤیدیۆیەکە بکە
به‌روار:  19/10/2019
2387   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   905
کۆی سه‌ردان:   29263462