دوانزە خالەکەی ڕێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا
خەندان-

ئەمشەو دوای زیاتر لە پێنج كاتژمێر لە كۆبونەوە، توركیا و ئەمریكا رێكەوتننامەی نێوانیان بۆ راگرتنی شەڕ لە باكوری سوریا راگەیاند.

بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی كە لەنێوان مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا و شاندی نێوانیان ئەنجامیاندا، ئەمریكا و توركیا لەسەر 12 خاڵ رێككەوتن سەبارەت بە ئۆپراسیۆنەكانی توركیا لە باكوری سوریا، كە ئەمانەی خوارەوەیە:

یەکەم: ئەمەریکا و تورکیا جەخت دەکەنەوە سەر پەیوەندیـیەکانی نێوانیان وەک دو ئەندامی ناتۆ. ئەمەریکا لە نیگەرانیـیە ئاسایشیـیە ڕەواکانی تورکیا سەبارەت بە سنورەکانی باشوری تورکیا تێدەگات.

دوەم: تورکیا و ئەمەریکا کۆکن لەسەر ئەوەی دۆخەکە لەسەر زەوی بە تایبەتی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا وەهایە هاوکاری نزیکتر هەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیـیە هاوبەشەکان.

سێیەم: تورکیا و ئەمەریکا بەردەوامن لەسەر پاراستنی خاک و هاوڵاتیانی وڵاتە ئەندامەکانی ناتۆ لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا. لەگەڵ تێگەیشتنێکی تەواو بۆ (یەک لە پـێناو هەمومان و هەمو لە پـێناو یەک). (یەک لە پـێناو هەمومان و هەمو لە پـێناو یەک) دەسەتەواژەیەکی وڵاتانی ئەندامی ناتۆیە.

چوارەم: ئەم دو وڵاتە بەڵێنیان دوپاتدەکەنەوە بۆ ڕێزگرتن لە ژیانی مرۆڤەکان، مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی کەمایەتیـیە ئاینی و نەژادیـیەکان.

پێنجەم: تورکیا و ئەمەریکا پابەندن بە نەهێشتنی چالاکیـیەکانی داعش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
ئەمە بریتی دەبێت لە هەماهەنگیکردن بەپـێی پـێویست لە بارەی بەندیخانەکانی دەستگیرکراوە داعشەکانی تێدایە و هەروەها لە بارەی ئەو کەسانەی لەو ناوچانە ئاوارەبون کە جاران لە ژێر دەستی داعشدا بوون.

شەشەم: تورکیا و ئەمەریکا ڕێکەوتون کە شەڕی دژە تێرۆر دەبێت تەنها تێرۆرستان و شوێن و حەشارگەکانیان و چەک و کەلوپەلەکانیان بکاتە ئامانج.

حەوتەم: لایەنی تورکی پابەندی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی مسۆگەربکرێت هەمو دانیشتووانی ناوچەی ئارام بپارێزرێن کە لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە کۆنترۆڵ دەکرێن، وە جەختی کردوەتەوە کە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات تاوەکو خەڵکی سیڤیل و ژێرخانی سیڤیلی ناوچەکە بپـارێزێن.

هەشتەم: هەردو وڵات جارێکی دیکە بەڵێنی خۆیان دایەوە بۆ پاراستنی یەکگرتویی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سوریا و بەڕێوەچونی پـرۆسەی سیاسی بە ڕێبەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان کە ئامانج لێی کۆتایی‌هێنان بە شەڕی سوریا بەپـێی بڕیاری SCR2254 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان.

نۆیەم: هەردو لایەن ڕازیبون لەسەر گرنگی و کاریگەری ناوچەیەکی ئارام بۆ نەهێشتنی نیگەرانیـیە ئاسایشیـیە نشتیمانیـیەکانی تورکیا، لەوانە گواستنەوەی چەکە قورسەکانی یەپەگە و تێکدانی سەنگەر و بنکەکانیان.

دەیەم: ناوچەی ئارام بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی تورکیاوە، وە هەردوولا پەرە بە هاوکاریـیان دەدەن لە هەمو بوارەکاندا تاوەکو ئەمە جێبەجێی بکرێت.

یانزەیەم: لایەنی تورکی ئۆپەراسیۆنی"کانی ئاشتی" ڕادەگرێت تاوەکو ڕێگە بە هێزەکانی یەپەگە بدات لە ماوەی 120 کاتژمێر لە ناوچەی ئارام بکێشنەوە. لە پاش تەواوبونی کشانەوەی هێزەکانی یەپەگە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" دێت.

دوانزەیەم: هەر کات ئۆپەراسیۆنی " کانی ئاشتی" ڕاگیرا، ئەمەریکا ڕازی دەبێت سزای زیاتر بەسەر تورکیا نەسەپـێنرێت بەپـێی فەرمانی سەرۆکایەتی کە لە 14 ی مانگی دەی 2019 دەرچوە. بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا لەگەڵ کۆنگرێس کاردەکات بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوە ئەرێنیـیەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایش لە سوریا بەپێی بڕیاری ژمارە SCR2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان.


کاتێک ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" کۆتایی پـێهات وەک ئەوەی لە خاڵی ژمارە یازدەدا هاتوە، سزا سەپـێندراوەکانی سەر تورکیا هەڵدەگیرێن.
هەردولایەن بەڵێنیان داوە پـێکەوە کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئامانجەکان کە لەم ڕاگەیاندنەدا هاتون.
به‌روار:  18/10/2019
602   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   485
کۆی سه‌ردان:   29233670