وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە هەولێر
رووداو-هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیگەرانی لە دۆخی مرۆیین و ئەگەری ئاوارەبوونی خەڵک لە رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕێت و رایدەگەیێنێت، پێشهاتەکان مەترسی جیدی لەسەر سەرهەڵدانەوەی داعش دروستدەکەن، ئەوەش هەڕەشەیەکی راستەقینەی جیدییە.

ئەمڕۆ ژان ئیف لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لەدوای کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی رۆژنامەڤانیدا نێچیرڤان بارزانی گوتی: "خۆشحاڵ بووین بە پێشوازی لە جەنابی وەزیر، سەردانی جەنابیان لەم دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکەدا وەک پشتگیری و بایەخی فەرەنسا بە هەرێمی کوردستان و عێراق و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە دەبینین بەشێوەیەکی گشتی".
لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێزیان باسی دۆزی ئێستای عێراق و گفتوگۆ و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدامان کرد گرنگی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا باسمان کرد. هەروەها دوایین پێشهات و پەرەسەندنی ناوچەکە بەگشتی و دۆخی سووریا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی فورات لەم کۆبوونەوەیەدا بەگشت باسکرا.

ئێمە نیگەرانی دۆخی مرۆیین و ئەگەری ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکەین. بەتایبەتی کە ژمارەیەک لە گرووپە تووندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە کردارە سەربازییەکاندا بەشدارن.

لەلایەکی دیکەشەوە پێشهاتەکان مەترسی جیدی لەسەر سەرهەڵدانەوەی داعش دروستدەکەن، هەڕەشەیەکی راستەقینەی جیدییە و دۆخی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی و بەرەو شڵەژان دەبەن.

پێمانوایە دۆخی ناوچەکە پێویستی هەنگاونانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخوازێت بۆ ئەوەی شەڕ و پێکدادان رابگرن و رێگەچارەی ئاشتییانە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئاڵۆزی سووریا پێشبخرێت.

بۆ جێگیربوونی ئارامی و سەقامگیری و چارەسەری ئاشتیانە هەرچییەک بکەوێتە ئەستۆی ئێمە ئامادەین بۆ هەموو هاوکارییەک.

بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دووبارە بەخێرهاتنی جەنابی وەزیر دەکەین و سوپاس و پێزانینمان بۆ فەرەنسا و جەنابی سەرۆک ماکرۆن دووپاتدەکەینەوە کە لە رۆژە سەختەکاندا پشتگیری و هاوکاریی پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کرد و رۆڵێکی گەورەی لە کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق بینی و رۆڵێکی گەورەیان بینی لە یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە شەڕی داعشدا. ئێستاش هاتنی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ هەولێر و بۆ عێراق نیشانەیەکی پشتگیرییە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراق و بۆ هەموو ناوچەکە
به‌روار:  18/10/2019
315   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1610
کۆی سه‌ردان:   29265439