ڕاگەیەندراوی دامەزراوەی میدیایی نالیا دەربارەی کوژرانی ئامانج بابانی وخێزانەکەی
بەداخێکی زۆرەوە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە (١٦ -١٠-٢٠١٩) لە شاری سلێمانی، (ئامانج بابانی) پێشکەشکاری دیاری کەناڵی ئێن ئاڕ تی و ھاوسەرەکەی (لانە محەمەد) و جگەرگۆشەکەیان (ھانۆ) تیرۆرکران.
ئێمە لە کاتێکدا دڵتەنگی خۆمان بۆ ئەم کارەساتە گەورەیە ڕادەگەیەنین و ھاوخەمی خانەوادە و ھاوڕێکانیانین، داوا لە دەزگا ئەمنییەکانی شاری سلێمانی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین دەستەبەجێ و لە زوترین کاتدا بکەرانی ئەم تاوانە قێزەونە ئاشکرابکەن و بە سزای خۆیان بگەنن.
ناکرێت لە شارێکی وەک سلێمانی کە ھەمیشە باس لە ئاسایش و ئارامی دەکرێت بکەرانی ئەم کارە قێزەونە دەستگیرنەکرێن و دەربازیان بێت. دەبێت حکومەتی ھەرێم و دەسەڵاتی دادوەریی و دەزگا ئەمنییەکانی شاری سلێمانی وەڵامی بەپەلە و باوەڕپێکراویان ھەبێت بۆ ئەم کارەساتە و بکەرانی بە سزای خۆیان بگەیەنن.
دامەزراوەی میدیایی نالیا
١٦-١٠-٢٠١٩
بهروار: 17/10/2019
470 جار خوێندراوهتهوه
|