هاوکارییەکانی باشوری کوردستان گەیشتە قامیشلۆ
ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی لەلایەن هاوڵاتیانی باشوری کوردستانەوە بۆ ئاوارەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆکرابوونەوە، گەیشتنە قامیشلۆ.
سوپای داگیرکەری تورک چەتە هاوپەیمانەکانی بەئەنقەست تەواوی گوند و شارو شارۆچکەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردوومان دەکات، بەتایبەت هەرێمەکانی سەر سنور بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە کۆچبەر بن و دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی کە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوکراوەتەوە، بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە ٢٧٥ هەزار هاوڵاتی مەدەنی کە زۆربەیان ژن و منداڵن، کۆچبەربوونە.
بەهۆی بەردەوامی بۆردوومانەکانیشەوە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەهەرێمەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دوورکەوتنەوە، بەمهۆیەشەوە دۆخێکی تراژیدی لەهەرێمەکە درووستبوو.
هاوڵاتیانی باشوری کوردستان لەماوەی ٢ ڕۆژی ڕابردوودا، هاوکاری و کۆمەکیان لە ڕێگای کەمپین و چادرەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کۆکردەوەو ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد.
لە کاتژمێرەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ ١٠بارهەڵگری پڕاوپڕ لە هاوکاری مرۆیی لەڕێگای دەروازەی سیمالکا-وە گەیشتە شاری قامیشلۆ، لەوێشەوە بەرەو شاری حەسەکە دەگوازرێتەوە بۆ ئەوەی بەسەر ئەو ئاوارانە دابەشبکرێت کە بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکەوە شوێنی لەدایکبوونیان جێهێشتووە.
ب.ش
ڕۆژنیوز
بهروار: 16/10/2019
852 جار خوێندراوهتهوه
|